یەکەم ساموئێل 23 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم ساموئێل 23:1-29

ڕزگارکردنی شاری قەعیلا

1کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا و گوترا: «فەلەستییەکان لە دژی قەعیلا دەجەنگن و جۆخینەکان23‏:1 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏ تاڵان دەکەن،» 2ئەویش لە یەزدانی پرسی و گوتی: «بچم، لەو فەلەستییانە بدەم؟»

یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ لە فەلەستییەکان بدە و قەعیلا ڕزگار بکە.»

3بەڵام پیاوەکانی داود پێیان گوت: «ئێمە لێرە لە یەهوداین وا دەترسین، ئەی چەند زیاتر ئەگەر لە دژی لەشکری فەلەستییەکان بچینە قەعیلا؟»

4دیسان داود گەڕایەوە لە یەزدانی پرسی، یەزدانیش وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «هەستە و بڕۆ بۆ قەعیلا، چونکە من فەلەستییەکان دەدەمە دەست تۆ.» 5ئینجا داود و پیاوەکانی چوونە قەعیلا، لە دژی فەلەستییەکان جەنگان و ئاژەڵە ماڵییەکانی ئەوانیان برد. ئیتر داود زیانێکی گەورەی بە فەلەستییەکان گەیاند و دانیشتووانی قەعیلاشی ڕزگار کرد. 6(کاتێک ئەبیاتاری کوڕی ئەحیمەلەخ بۆ لای داود لە قەعیلا هەڵاتبوو، ئێفۆدێکی لەگەڵ خۆی بردبوو.)

ڕاونانی داود لەلایەن شاولەوە

7بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود هاتووە بۆ قەعیلا، شاول گوتی: «خودا داویەتییە دەستم، چونکە بە هاتنە ژوورەوەی بۆ ناو شارێک کە دەرگا و شمشیرەی23‏:7 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.‏ هەیە تێکەوت.» 8ئینجا شاول هەموو هێزەکانی بۆ جەنگ بانگکرد، بۆ دابەزین بۆ قەعیلا و گەمارۆدانی داود و پیاوەکانی.

9کاتێک داود بەو پیلانگێڕییە خراپەی شاولی زانی، بە ئەبیاتاری کاهینی گوت: «ئێفۆدەکە بهێنە.» 10داود گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بەندەکەت بە دڵنیایی بیستوویەتی کە شاول دەیەوێت بێتە قەعیلا تاوەکو بەهۆی منەوە شارەکە کاول بکات. 11ئایا خەڵکی قەعیلا دەمدەنە دەستیەوە؟ ئایا شاول دێت، هەروەک بەندەکەت بیستوویەتی؟ ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەم شتانە بۆ بەندەکەت ئاشکرا بکە.»

یەزدانیش فەرمووی: «دێت.»

12ئەم جارە داود گوتی: «ئایا خەڵکی قەعیلا من و پیاوەکانم دەدەنە دەست شاول؟»

یەزدانیش فەرمووی: «بەدەستەوەتان دەدەن.»

13ئیتر داود و پیاوەکانی کە نزیکەی شەش سەد کەس بوون خۆیان ئامادە کرد و قەعیلایان بەجێهێشت و لە شوێنێکەوە دەچوون بۆ شوێنێکی دیکە. کاتێک بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود لە قەعیلا دەربازی بووە، بەدوایاندا نەچوو.

14داودیش لە قەڵاکانی چۆڵەوانی و لە چیاکانی چۆڵەوانیی زیف مایەوە، شاولیش بەردەوام بەدوایەوە بوو، بەڵام خودا نەیدایە دەست شاول.

15کاتێک داود لە چۆڵەوانی زیف لە حۆرێش بوو زانی شاول بۆ کوشتنی هاتووەتە دەرەوە. 16جا یۆناتانی کوڕی شاول هەستا و چوو بۆ لای داود بۆ حۆرێش و وای لێکرد بۆ هێزی پشت بە خودا ببەستێت، 17پێی گوت: «مەترسە. شاولی باوکم دەستی ناتگاتێ. تۆ دەبیتە پاشای ئیسرائیل، منیش کەسی دووەم دەبم، تەنانەت شاولی باوکیشم ئەمە دەزانێت.» 18هەردووکیان پەیمانێکیان لەبەردەم یەزداندا بەست و دوای ئەوە یۆناتانیش گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام داود لە حۆرێشدا مایەوە.

19پاشان زیفییەکان سەرکەوتن بۆ گیڤعا، بۆ لای شاول و گوتیان: «ئایا داود لەلای ئێمە خۆی نەشاردووەتەوە، لەناو قەڵاکانی حۆرێش لە گردی حەکیلا ئەوەی بەلای باشووری یەشیمۆنە؟ 20ئێستاش ئەی پاشا دابەزە، هەر کاتێک ویستت دابەزە، ئێمەش لەسەرمانە بیدەینە دەستی پاشا.»

21شاولیش وەڵامی دانەوە: «یەزدان بەرەکەتدارتان بکات، چونکە بەزەییتان پێمدا هاتەوە، 22ئێستا بڕۆن و دڵنیابنەوە، بزانن و تەماشای ئەو جێگایە بکەن کە لێی دەبێت و کێ لەوێ بینیویەتی. پێم گوتراوە زۆر زۆرزانە. 23تەماشا بکەن و هەموو ئەو حەشارگانەی کە خۆی تێیاندا حەشار دەدات بزانن و بە هەواڵی تەواوەوە بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش لەگەڵتاندا دێم، ئەگەر لەو ناوچەیە بێت، ئەوا لەنێو هەموو خێڵەکانی یەهودا بەدوایدا دەگەڕێم.»

24ئینجا هەستان و لەپێش شاولەوە چوون بۆ زیف و لەو کاتەدا داود و پیاوەکانی لە چۆڵەوانی ماعۆن بوون، لە عەراڤا23‏:24 شیوێک بوو لە دەریاچەی جەلیلەوە هەتا دەریای مردوو.‏ لەلای باشووری یەشیمۆن. 25شاول و پیاوەکانی چوون بەدوایدا بگەڕێن، بە داود ڕاگەیەنرا و ئەویش دابەزی بۆ تاشەبەردەکە و لە چۆڵەوانی ماعۆندا مایەوە. کاتێک شاول ئەمەی بیست، چوو بۆ چۆڵەوانی ماعۆن و دوای داود کەوت.

26شاول بەم لای چیاکەدا دەڕۆیشت و داود و پیاوەکانیشی بە لایەکەی دیکەدا دەڕۆیشتن، داود بە پەلە لەبەردەم شاولدا هەڵدەهات، شاول و پیاوەکانی خەریک بوون داود و پیاوەکانی گەمارۆ بدەن هەتا دەستبەسەریان بکەن. 27لەم کاتەدا نێردراوێک هاتە لای شاول و گوتی: «خێرا بکە و وەرەوە، چونکە فەلەستییەکان بەسەر خاکەکەیاندا داوە.» 28لێرەدا شاول لە ڕاونانی داود گەڕایەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکان چوو. لەبەر ئەوە ئەو شوێنە ناونرا تاشەبەردی جیابوونەوە. 29ئینجا داود لەوێوە سەرکەوت و لە قەڵاکانی کانی گەدی مایەوە.