یەکەم ساموئێل 22 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم ساموئێل 22:1-23

داود لە عەدولام و میچپا

1پاشان داود لە گەت ڕۆیشت و بۆ ئەشکەوتی عەدولام دەرباز بوو. کاتێک براکانی و هەموو ماڵی باوکی ئەمەیان بیست، چوونە ئەوێ بۆ لای. 2جا هەرچی پیاوی لێقەوماو و قەرزار و ناڕازی لە ژیان هەبوو لێی کۆبوونەوە، ئەویش بوو بە سەرۆکیان، نزیکەی چوار سەد پیاوی لەگەڵ بوو.

3داود لەوێوە چوو بۆ میچپای مۆئاب و بە پاشای مۆئابی گوت: «تکایە با دایک و باوکم بۆ لای ئێوە بێن، هەتا بزانم خودا چیم بۆ دەکات.» 4هەردووکیانی برد بۆ لای پاشای مۆئاب و ئەوانیش لەلای مانەوە، بە درێژایی ئەو ماوەیەی داود لە قەڵاکە بوو.

5بەڵام گادی پێغەمبەر بە داودی گوت: «لەناو قەڵاکە مەمێنەرەوە، بڕۆ ناو خاکی یەهودا.» داودیش ڕۆیشت و چوو بۆ دارستانی حەرەت.

کوشتنی کاهینەکانی شاری نۆڤ

6ئینجا شاول گوێی لێبوو کە داود و ئەو پیاوانەی لەگەڵیدان ئاشکرا بوون. جا شاول لە گیڤعا لەژێر دار گەزێک لە ڕامە دانیشتبوو و ڕمەکەی بەدەستەوە بوو، سەرجەم خزمەتکارەکانی لە دەوری وەستابوون. 7شاول پێی گوتن: «ئەی بنیامینییەکان، ئێستا گوێ بگرن! ئایا کوڕەکەی یەسا کێڵگە و ڕەزەمێو بە هەمووتان دەدات؟ ئایا هەمووتان دەکاتە فەرماندەی هەزاران و سەدان؟ 8هەموو پیلانتان لە دژم گێڕاوە، کەستان پەیمانی نێوان کوڕەکەی من و کوڕەکەی یەساتان بۆ ئاشکرا نەکردم. کەستان دڵی پێم ناسووتێت، کەستان بەگوێمدا نەیچرپاند کە کوڕەکەم خزمەتکارەکەی خۆمی لێ هەستاندوومەتەوە هەتا وەک ئەمڕۆ بۆسەم بۆ دابنێتەوە.»

9بەڵام دۆئێگی ئەدۆمی کە لەگەڵ خزمەتکارەکانی شاولدا وەستابوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕەکەی یەسام بینی بۆ نۆڤ دەهات، بۆ لای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ. 10ئەحیمەلەخیش پرسیاری لە یەزدان بۆ کرد، ئازووقەی پێدا و شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستیشی دایێ.»

11پاشا ناردی بەدوای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤی کاهین و هەموو ماڵی باوکی، ئەو کاهینانەی لە نۆڤ بوون، بانگی کردن و هەموویان هاتن بۆ لای پاشا. 12شاول گوتی: «کوڕی ئەحیتوڤ، ئێستا گوێ بگرە.»

ئەویش گوتی: «بەڵێ، گەورەم.»

13شاول پێی گوت: «بۆچی خۆت و کوڕەکەی یەسا پیلانتان لە دژم گێڕا، بەوەی نان و شمشێرت پێداوە و پرسیارت لە خودا بۆ کردووە، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە دژم هەستێت و بۆسەم بۆ بنێتەوە؟»

14ئەحیمەلەخیش وەڵامی پاشای دایەوە: «جا لە هەموو خزمەتکارەکانت کێ وەک داود دڵسۆزە، زاوای پاشا و فەرماندەی پاسەوانانی خۆت، لە ماڵەکەتدا ڕێزدارە؟ 15ئایا ئەمە یەکەم جار بووە بۆی لە خودا بپرسم؟ نەخێر! با پاشا هیچ نەخاتە پاڵ خزمەتکارەکەی و پاڵ هەموو ماڵی باوکم، چونکە خزمەتکارەکەت کەم یان زۆر، هیچ لەبارەی ئەمەوە نازانێت.»

16بەڵام پاشا گوتی: «ئەحیمەلەخ، بە دڵنیاییەوە سزای خۆت و هەموو ماڵی باوکت مردنە.»

17ئینجا پاشا فەرمانی بەو پاسەوانانە کرد کە لە دەوری وەستابوون: «بڕۆن و کاهینەکانی یەزدان بکوژن، ئەوانیش دەستیان لەگەڵ داود تێکەڵاوە، چونکە زانییان ڕایکردووە و هەواڵیان نەدامێ.»

بەڵام خزمەتکارانی پاشا نەیانویست دەستیان درێژ بکەن تاکو لە کاهینەکانی یەزدان بدەن.

18ئینجا پاشا بە دۆئێگی گوت: «تۆ بڕۆ و لە کاهینەکان بدە.» دۆئێگی ئەدۆمیش22‏:18 خەڵکی ئەدۆم سەر بە نەوەی ئیسرائیل نەبوون.‏ چوو و لە کاهینەکانی دا، لەو ڕۆژەدا هەشتا و پێنج پیاوی ئێفۆد کەتان لەبەری کوشت، 19نۆڤی شاری کاهینەکانیشی دایە بەر شمشێر، پیاو و ئافرەت، منداڵ و شیرەخۆرە، گا و گوێدرێژ و مەڕی بە شمشێر کوشت.

20بەڵام تاکە کوڕێکی ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ کە ناوی ئەبیاتار بوو دەرباز بوو و ڕایکرد بۆ لای داود. 21جا ئەبیاتار بە داودی ڕاگەیاند کە شاول کاهینەکانی یەزدانی کوشتووە. 22داودیش بە ئەبیاتاری گوت: «لەو ڕۆژەوەی کە دۆئێگی ئەدۆمی لەوێ بوو زانیم بێگومان بە شاول ڕادەگەیەنێت. من بوومە هۆی کوشتنی هەموو ماڵی باوکت. 23لەگەڵ مندا بمێنەرەوە و مەترسە، چونکە ئەوەی دەیەوێ من بکوژێت دەیەوێ تۆش بکوژێت، بەڵام لەلای من پارێزراو دەبیت.»