یەکەم ساموئێل 15 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم ساموئێل 15:1-35

ڕەتکردنەوەی شاول لە پاشایەتی

1ساموئێل بە شاولی گوت: «یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی تۆ وەک پاشایەک دەستنیشان بکەم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەی. جا ئێستا گوێت لە فەرمایشتی یەزدان بێت، 2یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”سزای15‏:2 مەبەست لە هێرشی عەمالێقییەکانە بۆ سەر گەلی ئیسرائیل کاتێک لە میسر دەرچوون. بڕوانە دەرچوون 17‏:14 و دواوتار 24‏:19.‏ عەمالێقییەکان دەدەم لەسەر ئەوەی بە ئیسرائیلیان کرد، کاتێک لەسەر ڕێگا لە دژیان وەستان کە لە میسر هاتنە دەرەوە. 3ئێستاش بڕۆ گورز لە عەمالێقییەکان بوەشێنە، هەموو ئەوەی هەیانە بە تەواوی قڕیان بکە15‏:3 قڕی بکەن: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏، دەستیان لێ مەپارێزە و بیانکوژە، پیاو و ژن و منداڵ و شیرەخۆرە، گا و مەڕ و وشتر و گوێدرێژ.“»

4جا شاول سوپاکەی بانگکرد و لە تەلائیم کۆی کردنەوە، دوو سەد هەزار پیادە15‏:4 ئەو دوو سەد هەزارە لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل بوون، جگە لە هۆزی یەهودا.‏ و دە هەزار پیاوی یەهودا. 5ئینجا شاول چوو بۆ شاری عەمالێق و لە شیوەکەدا خۆی مات کرد، 6بە قێنییەکانی گوت: «بڕۆن و دوورەپەرێز بن و لەنێو عەمالێقییەکان بچنە دەرەوە، نەوەک ئێوەش لەگەڵ ئەواندا لەناو ببەم، چونکە ئێوە چاکەتان لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیلدا کردووە، کاتێک لە میسرەوە سەرکەوتن.» جا قێنییەکان خۆیان لە عەمالێقییەکان دوورەپەرێز گرت.

7ئینجا شاول لە عەمالێقییەکانی دا، لە حەڤیلایەوە هەتا شوور کە لە ڕۆژهەڵاتی میسرە. 8هەروەها ئەگاگی پاشای عەمالێقییەکانی بە زیندوویی گرت و هەموو گەلەکەی بە شمشێر بە تەواوی قڕکرد. 9بەڵام شاول و سوپاکە دەستیان لە ئەگاگ پاراست، هەروەها باشترینی مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ و دابەستە و هەموو ئەوەی باش بوو نەیانویست بە تەواوی قڕیان بکەن، بەڵام هەموو ئەو ماڵەی بێ نرخ و لاواز بوو بە تەواوی قڕیان کرد.

10ئینجا فەرمایشتی یەزدان هات بۆ ساموئێل و فەرمووی: 11«خەفەتبارم لەوەی کە شاولم کردە پاشا، چونکە لێم هەڵگەڕاوەتەوە و فەرمانەکانی منی بەجێنەگەیاند.» جا ساموئێل دڵتەنگ بوو، بە درێژایی ئەو شەوە هاواری بۆ یەزدان کرد.

12بەیانی زوو ساموئێل بۆ بینینی شاول هەستا، جا بە ساموئێل ڕاگەیەنرا: «شاول چوو بۆ کارمەل15‏:12 کارمەل: مەبەست لە شاری کارمەلە لە باشووری ئیسرائیل، نەک کێوی کارمەل کە لە باکوورە.‏ و ئەوەتا تاوەرێکی یادەوەری بۆ خۆی داناوە، سووڕاوەتەوە و پەڕیوەتەوە و دابەزیوە بۆ گلگال.»

13جا ساموئێل هات بۆ لای شاول، شاول پێی گوت: «با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت، من فەرمانی یەزدانم بەجێگەیاند.»

14بەڵام ساموئێل گوتی: «ئەی باعەباعی ئەو مەڕانە چییە لە گوێمدا دێت، ئەی بۆڕەبۆڕی ئەو مانگایانە چییە دەیبیستم؟»

15شاولیش وەڵامی دایەوە: «لەلای عەمالێقییەکانەوە هێناویانە، ئەوانەیە کە گەل لە باشەکان دەستیان لێ پاراست، لە مەڕ و مانگا، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن، ئەوانی دیکەشمان بە تەواوی قڕکرد.»

16ئینجا ساموئێل بە شاولی گوت: «بێدەنگ بە! با ئەوەت پێ ڕابگەیەنم کە یەزدان دوێنێ شەو چی پێ فەرمووم.»

ئەویش گوتی: «پێم بڵێ.»

17ساموئێل گوتی: «هەرچەندە لەبەرچاوی خۆت بچووکیت، ئایا نەبوویت بە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل؟ ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل؟ 18یەزدان بە ئەرکێک ڕەوانەی کردیت و فەرمووی: ”بڕۆ عەمالێقییە گوناهبارەکان بە تەواوی قڕ بکە و لە دژیان بجەنگە هەتا لەناودەچن.“ 19ئیتر بۆچی گوێڕایەڵی یەزدان نەبوویت و پەلاماری دەستکەوتەکەت دا و لەبەرچاوی یەزداندا ئەم خراپەیەت کرد؟»

20شاولیش بە ساموئێلی گوت: «من گوێڕایەڵی یەزدان بووم و ئەو ئەرکەم بەجێهێنا کە پێی سپاردم، ئەگاگی پاشای عەمالێقم هێنا و عەمالێقییەکانم بە تەواوی قڕکرد. 21جەنگاوەران لە دەستکەوتەکە مەڕ و مانگایان برد، باشترینی تەرخانکراوەکان بۆ خودا15‏:21 بڕوانە 15‏:3.‏، تاکو لە گلگال بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن.»

22بەڵام ساموئێل گوتی:

«ئایا یەزدان دڵخۆشە بە قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان

یان بە گوێڕایەڵبوون بۆ فەرمایشتی یەزدان؟

گوێڕایەڵی لە سەربڕین باشترە،

سەرنجدانیش لە چەوری بەرانەکان.

23یاخیبوون وەک گوناهی فاڵگرتنەوەیە15‏:23 فاڵگرتنەوە: بڕوانە بۆ نموونە حزقیێل 21‏:21‏.‏،

کەللەڕەقی تاوان و بتپەرستییە.

لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە،

ئەویش لە پاشایەتی ڕەتی کردوویتەوە.»

24ئینجا شاول بە ساموئێلی گوت: «گوناهم کرد. سەرپێچی فەرمانی یەزدان و قسەی تۆم کرد، چونکە لە گەل ترسام و بە قسەی ئەوانم کرد. 25ئێستاش تکایە لە گوناهم خۆشبە و لەگەڵمدا بگەڕێوە، بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ یەزدان ببەم.»

26بەڵام ساموئێل بە شاولی گوت: «لەگەڵتدا ناگەڕێمەوە، چونکە فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە، یەزدانیش وەک پاشای ئیسرائیل ڕەتی کردوویتەوە.»

27کاتێک ساموئێل ئاوڕی دایەوە بۆ ئەوەی بڕوات، شاول دامێنی کەواکەی گرت و دڕا. 28ساموئێلیش پێی گوت: «یەزدان ئەمڕۆ پاشایەتی ئیسرائیلی لێت دابڕی و دای بە نزیکەکەت کە لە تۆ باشترە. 29هەروەها شکۆی15‏:29 29 مەبەست لە خودایە.‏ ئیسرائیل درۆ ناکات و بڕیاری ناگۆڕێت، چونکە ئەو مرۆڤ نییە تاکو بڕیاری بگۆڕێت.»

30شاولیش گوتی: «ئێستا گوناهم کردووە، تکایە لەبەردەم پیرانی گەلەکەم و لەبەردەم ئیسرائیلدا ڕێزم لێبنێ، لەگەڵمدا بگەڕێوە تاکو کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت ببەم.» 31ئینجا ساموئێل بەدوای شاولدا گەڕایەوە، شاول کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.

32پاشان ساموئێل گوتی: «ئەگاگی پاشای عەمالێقم بۆ بهێننە ئێرە.»

ئەگاگیش بە متمانەوە چوو بۆ لای و گوتی: «بێگومان تاڵی مەرگ ڕەوییەوە.»

33بەڵام ساموئێل گوتی:

«وەک چۆن شمشێرەکەت ژنانی وەجاخکوێر کرد،

ئاواش دایکت وەجاخکوێر دەبێت.»

ئینجا ساموئێل لە گلگال لەبەردەم یەزدان ئەگاگی پارچەپارچە کرد.

34پاشان ساموئێل چوو بۆ ڕامە و شاولیش سەرکەوت بۆ ماڵەکەی لە گیڤعای شاولدا. 35ئیتر ساموئێل هەتا ڕۆژی مردنی نەگەڕایەوە بۆ بینینی شاول، هەرچەندە شیوەنیشی بۆ دەگێڕا. یەزدانیش خەفەتبار بوو کە شاولی کردە پاشای ئیسرائیل.