یەکەم ساموئێل 14 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم ساموئێل 14:1-52

1ڕۆژێک یۆناتانی کوڕی شاول بەو لاوەی گوت کە تفاقەکەی بۆ هەڵدەگرت: «وەرە، با بپەڕینەوە سەربازگەی فەلەستییەکان، ئەوانەی لەوبەرن.» بەڵام بە باوکی نەگوت.

2شاولیش لە قەراغی گیڤعادا لەژێر ئەو دار هەنارەی لە میگرۆنە دانیشتبوو، ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی مابوونەوە نزیکەی شەش سەد پیاو بوون، 3لەنێوانیان ئاحییای کاهین بوو کە ئێفۆدی لەبەردا بوو. ئاحییا کوڕی ئەحیتوڤی برای ئیخاڤۆدی کوڕی فینەحاسی کوڕی عێلیی کاهینی یەزدان بوو لە شیلۆ. کەس نەیدەزانی کە یۆناتان ڕۆیشتووە.

4لەنێوان ئەو دەربەندەی کە یۆناتان ویستی لێی بپەڕێتەوە بۆ سەربازگەی فەلەستییەکان هەڵدێرێک لەم بەر و هەڵدێرێک لەو بەر هەبوو، ناوی یەکێکیان بۆچێچ و ناوی ئەوی دیکەیان سەنە بوو. 5یەکێکیان ڕووی لە باکوور بوو بەرامبەر بە میخماس چەقی بوو و ئەوەی دیکەیان ڕووی لە باشوور بوو بەرامبەر بە گەڤەع.

6ئینجا یۆناتان بە لاوەکەی گوت کە هەڵگری تفاقەکانی بوو: «وەرە، با بپەڕینەوە سەربازگەی ئەو خەتەنەنەکراوانە، بەڵکو یەزدان کارێکی وامان بۆ بکات، چونکە هیچ شتێک ناتوانێت لەبەردەم یەزدان ببێتە بەربەست بۆ ڕزگارکردن، چ زۆر بین یان کەم.»

7هەڵگری تفاقەکانیشی گوتی: «هەرچی لەسەر دڵتە ئەوە بکە و پێش بکەوە. ئەوەتا، منیش بە تەواوی لەگەڵتدام.»

8یۆناتانیش گوتی: «ئەوەتا ئێمە دەپەڕینەوە بۆ لای ئەو پیاوانە و خۆمانیان نیشان دەدەین، 9ئەگەر پێیان گوتین: ”ڕابوەستن هەتا دەگەینە لاتان،“ لە شوێنی خۆماندا ڕادەوەستین و سەرناکەوین بۆ لایان. 10بەڵام ئەگەر گوتیان: ”سەربکەون بۆ لامان،“ ئەوا سەردەکەوین، چونکە یەزدان ئەوانی داوەتە دەستمانەوە، ئەمەش نیشانەیە بۆمان.»

11ئینجا هەردووکیان خۆیان بۆ سەربازگەی فەلەستییەکان دەرخست و فەلەستییەکانیش گوتیان: «تەماشا بکەن، عیبرانییەکان لەو کونانە دێنە دەرەوە کە خۆیان تێیدا شاردبووەوە.» 12ئینجا پیاوانی سەربازگەکە هاواریان لە یۆناتان و هەڵگری تفاقەکانی کرد و گوتیان: «سەربکەون بۆ لامان، شتێکتان فێر دەکەین.»

یۆناتانیش بە هەڵگری تفاقەکەی گوت: «بەدوامدا سەربکەوە، چونکە یەزدان ئەوانی داوەتە دەست گەلی ئیسرائیل.»

13یۆناتان بە دەست و پێیەکانی سەرکەوت و هەڵگری تفاقەکانیشی بەدوایەوە بوو. فەلەستییەکانیش لەبەردەم یۆناتان کەوتن و هەڵگری تفاقەکانیشی لەدوایەوە دەیکوشتن، 14یەکەم گورز کە یۆناتان و هەڵگری تفاقەکانی وەشاندییان، لە ڕووبەری کەمتر لە یەک دۆنم زەویدا نزیکەی بیست پیاویان کوشت.

تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان

15ترسێکی زۆر باڵی کێشا بەسەر تەواوی سوپادا، واتا هەر هەموو ئەوانەی لە ئۆردوگا و کێڵگە و سەربازگەکە بوون، هەروەها تێکدەرەکانیش، زەویش لەرزی. ترسێکی ئێجگار زۆر بوو لە خوداوە.

16ئێشکگرەکانی شاول لە گیڤعای بنیامینەوە بینییان کە سوپاکە توایەوە و بە هەموو لایەکدا پەرتەوازە بوون. 17ئینجا شاول بەو لەشکرەی گوت کە لەگەڵی بوون: «تکایە سەرژمێری بکەن و ببینن کێ لە ئێمە ڕۆیشتووە.» ئەوانیش سەرژمێرییان کرد و بینییان وا یۆناتان و هەڵگری تفاقەکانی لەوێ نەبوون.

18شاول بە ئاحییای گوت: «سندوقی خودا بهێنە ئێرە.» لەو ڕۆژانەدا سندوقی خودا لەلای نەوەی ئیسرائیل بوو. 19هێشتا شاول قسەی لەگەڵ کاهینەکە دەکرد، هەراوهۆریا لەناو ئۆردوگای فەلەستییەکان هەتا دەهات زیاتر دەبوو، بۆیە شاول بە کاهینەکەی گوت: «دەست بکێشەوە.»

20ئینجا شاول و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵی بوون یەکیانگرت و چوون بۆ جەنگەکە. بینییان فەلەستییەکان لە پەشۆکاوییەکی زۆر گەورەدان و شمشێری هەریەکەیان لە دژی هاوڕێکەیەتی. 21هەروەها عیبرانییەکانی ئەو دەوروبەرەش کە پێشتر لەگەڵ فەلەستییەکاندا بوون و لەگەڵیاندا بۆ ئۆردوگاکە سەرکەوتبوون، ئەوانیش چوونە پاڵ ئەو ئیسرائیلییانەی لەگەڵ شاول و یۆناتاندا بوون. 22کاتێک پیاوانی ئیسرائیل، ئەوانەی لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمدا خۆیان شاردبووەوە، بیستیانەوە کە فەلەستییەکان هەڵاتوونە، ئەوانیش لە نزیکەوە بەرەو جەنگەکە دوایان کەوتن. 23جا یەزدان لەو ڕۆژەدا ئیسرائیلی ڕزگار کرد و جەنگەکە گوازرایەوە بۆ بێت‌ئاڤن.

یۆناتان هەنگوین دەخوات

24پیاوانی ئیسرائیل لەو ڕۆژە پەرێشان بوون، چونکە شاول گەلی سوێند دا و گوتی: «نەفرەت لەو پیاوە بێت، ئەوەی بەر لە ئێوارە نان بخوات و پێش ئەوەی تۆڵە لە دوژمنەکانم بکەمەوە.» بۆیە هەموو سوپاکە تامی نانیان نەکرد.

25ئینجا هەموو سوپاکە هاتنە دارستانێک و هەنگوین بەسەر ڕووی زەوییەکەوە بوو. 26کاتێک سوپاکە هاتنە ناو دارستانەکەوە بینییان ئەوەتا هەنگوین دەتکێت، بەڵام کەس دەستی بۆ دەمی نەبرد، چونکە گەل لە سوێندەکە ترسان. 27بەڵام یۆناتان نەیبیستبوو کە باوکی سوپای سوێند دابوو، جا نووکی داردەستەکەی کە بە دەستیەوە بوو درێژ کرد و خستییە ناو شانە هەنگوینەکە و بۆ دەمی برد، ئیتر چاوەکانی گەشانەوە. 28ئینجا یەکێک لە سەربازەکان پێی گوت: «باوکت بە توندی سوپای سوێند دا و گوتی: ”نەفرەت لەو پیاوە بێت کە ئەمڕۆ نان دەخوات!“ لەبەر ئەوە جەنگاوەران لە پەلوپۆ کەوتبوون.»

29یۆناتانیش گوتی: «باوکم گیروگرفتی لە خاکەکەدا ناوەتەوە، تکایە تەماشا بکەن چاوەکانم چۆن گەشاونەتەوە، چونکە کەمێک لەم هەنگوینەم تام کرد. 30ئەی ئەگەر ئەمڕۆ جەنگاوەرەکان لە دەستکەوتی دوژمنەکانیان بخواردایە کە دەستیان کەوتووە، ئایا ئەو گورزەی لە فەلەستییەکان وەشێنرا گەورەتر نەدەبوو؟»

31لەو ڕۆژەدا لە میخماسەوە هەتا ئەیالۆن گورزیان لە فەلەستییەکان وەشاند، جەنگاوەرەکان لە پەلوپۆ کەوتبوون. 32پاشان سوپاکە هەڵیانکوتایە سەر دەستکەوتەکە14‏:32 واتا دەستکەوتی جەنگ یان تاڵانی.‏ و مەڕ و مانگا و گوێرەکەیان برد و لەسەر زەوی سەریان بڕین و جەنگاوەرەکان بە خوێنەوە خواردیان. 33بە شاولیان گوت: «وا سوپاکە گوناه لە دژی یەزدان دەکەن کە گۆشت بە خوێنەوە دەخۆن.»

ئەویش گوتی: «ناپاکیتان کرد، دەستبەجێ بەردێکی گەورە بۆ ئێرە گلۆر بکەنەوە.» 34ئینجا گوتی: «بەناو سوپادا بڵاو ببنەوە و پێیان بڵێن: ”با هەریەکە گا و بەرانەکەی خۆی بۆم بهێنێتە پێش و لێرە سەری ببڕن، ئینجا بیخۆن و گوناه لە دژی یەزدان مەکەن کە گۆشتەکە بە خوێنەوە بخۆن.“»

ئیتر هەموو سوپا لەو شەوەدا هەریەکە و گایەکەی هێنایە پێش و لەوێدا سەری بڕی. 35ئینجا شاول قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا، ئەوە یەکەم قوربانگا بوو کە بۆ یەزدانی بنیاد نا.

36پاشان شاول گوتی: «با بە شەو بەدوای فەلەستییەکاندا بچینە خوارەوە و هەتا بەرەبەیان تاڵانیان بکەین و قڕیان بکەین.»

ئەوانیش گوتیان: «چی بە باش دەزانیت ئەوە بکە.»

بەڵام کاهینەکە گوتی: «با لێرە لە خودا بپرسین.»

37ئینجا شاول پرسیاری لە خودا کرد: «ئایا بەدوای فەلەستییەکاندا دابەزم؟ ئایا دەیاندەیتە دەست گەلی ئیسرائیل؟» بەڵام لەو ڕۆژەدا وەڵامی نەدایەوە.

38جا شاول گوتی: «ئەی هەموو ڕابەرانی سوپا، وەرنە پێشەوە بۆ ئێرە، بزانن و ببینن ئەمڕۆ ئەو گوناهە چۆن ڕوویداوە، 39چونکە بە یەزدانی زیندوو کە ڕزگارکەری ئیسرائیلە، تەنانەت ئەگەر لە یۆناتانی کوڕیشم بێ، دەبێت بمرێت.» بەڵام لە هەموو سوپاکە کەس وەڵامی نەدایەوە.

40ئینجا بە هەموو ئیسرائیلی گوت: «ئێوە لەلایەک بن و من و یۆناتانی کوڕیشم لەلایەک دەبین.»

جەنگاوەرەکانیش بە شاولیان گوت: «چی بە باش دەزانیت بیکە.»

41شاول گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بۆچی ئەمڕۆ وەڵامی خزمەتکارەکەت نادەیتەوە؟ ئەگەر هەڵەی من یان یۆناتانی کوڕمە، ئەوا ئوریممان پێبدە. بەڵام ئەگەر هەڵەی گەلی ئیسرائیلە ئەوا تومیممان پێبدە14‏:41 تیروپشکەکە ئەو ئۆریم و تومیمە بوو کە بە بەرسینەی کاهینەوە بوو، لە شێوەی دوو بەردی ڕەنگ جیاواز بوون، یەکێکیان سپی و ئەوی دیکەیان ڕەش، لە ئێفۆدەکەوە وەریانگرتووە و بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و دیارکردنی خواستی خودا. بڕوانە دەرچوون 28‏:30‏.‏.» جا تیروپشکەکە کەوتە سەر یۆناتان و شاول، بەڵام سوپاکە بێتاوان دەرچوون. 42ئینجا شاول گوتی: «لەنێوان من و یۆناتانی کوڕم تیروپشک هەڵبدەن.» جا تیروپشکەکە کەوتە سەر یۆناتان.

43ئینجا شاول بە یۆناتانی گوت: «پێم بڵێ چیت کردووە.»

یۆناتانیش پێی ڕاگەیاند: «بە نووکی داردەستەکەم کە بەدەستمەوە بوو کەمێک هەنگوینم تامکرد. ئایا ئێستا دەبێت بمرم؟»

44شاولیش گوتی: «یۆناتان! ئەگەر تۆ نەمریت، با خودا توندترین سزام بدات.»

45بەڵام جەنگاوەران بە شاولیان گوت: «ئایا یۆناتان، ئەوەی ئەم ڕزگارییە گەورەیەی لە ئیسرائیلدا هێنایە دی دەبێ بمرێت؟ حاشا! بە یەزدانی زیندوو، نابێت تاڵە مووێکی سەری بکەوێتە سەر زەوی، چونکە ئەمڕۆ ئەو لەگەڵ خودا ئەمەی کردووە.» جا گەل یۆناتانیان دەرباز کرد و نەمرد.

46ئینجا شاول وازی لە ڕاونانی فەلەستییەکان هێنا و فەلەستییەکانیش بۆ شوێنی خۆیان گەڕانەوە.

47دوای ئەوەی شاول جڵەوی پاشایەتی ئیسرائیلی گرتە دەست، لە دژی هەموو دوژمنەکانی دەوروبەری جەنگا، مۆئاب و عەمۆن و ئەدۆم و پاشاکانی چۆڤا و فەلەستییەکان. ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، سەردەکەوت. 48هەروەها دلێرانە جەنگا و گورزی لە عەمالێقییەکان وەشاند و ئیسرائیلی لە دەستی تاڵانکەرانی دەرباز کرد.

کەسوکاری شاول

49کوڕەکانی شاولیش، یۆناتان و یەشڤی و مەلکی‌شوەع بوون. ناوی دوو کچەکەشی، ناوی گەورەکەیان مێرەڤ و بچووکەکەشیان ناوی میخەل بوو. 50ژنەکەشی ناوی ئەحینۆعەمی کچی ئەحیمەعەچ بوو. فەرماندەی گشتی سوپاکەشی ناوی ئەبنێری کوڕی نێری مامی شاول بوو، 51قیشی باوکی شاول و نێری باوکی ئەبنێریش کوڕی ئەبیێل بوون.

52بە درێژایی ماوەی حوکمڕانی شاول جەنگێکی سەخت لە دژی فەلەستییەکان هەبوو، جا شاول هەر پیاوێکی دلێر و ئازای دەبینی دەیهێنایە پاڵ خۆی.