یەکەم سالۆنیکی 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم سالۆنیکی 3:1-13

ناردنی تیمۆساوس بۆ سالۆنیکی

1بۆیە، کاتێک بەرگەی دووری ئێوەمان نەگرت، بە باشمان زانی بە تەنها لە ئەسینا بمێنینەوە. 2تیمۆساوسمان نارد کە برا و هاوکارمانە بۆ خودا لە مزگێنیی مەسیحدا، بۆ ئەوەی باوەڕتان بەهێز بکات و هانتان بدات، 3تاکو لەم ناخۆشییانەدا کەس نەهەژێت. خۆتان دەزانن کە بۆ ئەمە دیاری کراوین. 4لە ڕاستیدا، کاتێک لەلاتان بووین، بەردەوام پێمان گوتوون کە تووشی چەوسانەوە دەبین، وەک دەزانن ڕوویدا. 5لەبەر ئەوە منیش کاتێک بەرگەم نەگرت، تیمۆساوسم نارد بۆ ئەوەی دۆخی باوەڕتان بزانم، نەوەک تاقیکەرەوە تاقی کردبنەوە و ڕەنجمان بەفیڕۆ بچێت.

6بەڵام ئێستا تیمۆساوس لەلای ئێوەوە هاتەوە بۆ لامان، مژدەی باوەڕ و خۆشەویستی ئێوەی پێداین، هەروەها چۆن هەردەم بە چاکە یادمان دەکەن و پەرۆشی بینینمانن، هەروەک چۆن ئێمەش بە پەرۆشین بۆ بینینی ئێوە. 7لەبەر ئەوە خوشکان و برایان، لە کاتی تەنگانە و چەوسانەوەماندا، باوەڕتان هاندەرێکی گەورە بوو بۆمان، 8چونکە ئێوە بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا چەسپاون، ئێستا ئێمەش بەڕاستی دەژین. 9نازانین بە چ شێوەیەک سوپاسی خودا بکەین لەبەر ئەو هەموو دڵخۆشییەی لەبەردەم خودامان بە ئێوە هەمانە. 10شەو و ڕۆژ گەرمتر دەپاڕێینەوە، تاکو بتانبینین و کەموکوڕیی باوەڕتان دابین بکەین.

11با‏ خودای باوکمان‏ و عیسای پەروەردگارمان ڕێگای هاتنمان بۆ لاتان ئاسان بکات، 12هەروەها داواکارین عیسای خاوەن شکۆ خۆشەویستیتان بۆ یەکتری و هەموو خەڵکی دیکە زیاد و سەرڕێژ بکات، بە ئەندازەی خۆشەویستی ئێمە بۆتان. 13با عیسای خاوەن شکۆمان دڵتان بەهێز بکات تاوەکو لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ هەموو گەلە پیرۆزەکەی، لەبەردەم خودای باوکمان بێ گلەیی لە پیرۆزیدا بن.