یەکەم سالۆنیکی 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم سالۆنیکی 2:1-20

خزمەتکردنی پۆڵس

1ئەی خوشکان و برایان، خۆتان دەزانن هاتنمان بۆ لاتان بێ سوود نەبوو، 2بەڵکو وەک دەزانن پێشتر لە فیلیپی ئازارمان چێژت و سووکایەتیمان پێ کرا، بەڵام بە پشتیوانی خودا سەرەڕای دژایەتییەکی زۆر، ئازایانە باسی مزگێنیی خودامان بۆ کردن. 3مەبەستی ئێمە لە هاندانتان چەواشەکردن و بەڕەڵایی و خەڵەتاندن نییە، 4بەڵکو هەروەک چۆن لەلایەن خوداوە پەسەند کرابین کە متمانەی مزگێنیمان بدرێتێ، بە هەمان شێوە دەدوێین، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک نییە، بەڵکو ڕەزامەندی خودا، کە دڵمان تاقی دەکاتەوە. 5خودا شایەتە، نە زمانلووسیتان بۆ دەکەین و نە لەبەر چاوچنۆکییە، وەک دەزانن، 6چاوەڕوانی ستایش و پێداهەڵدانی خەڵک نەبووین، نە لە ئێوە و نە لە کەسانی دیکەش.

وەک نێردراوانی مەسیح دەمانتوانی بارگرانی بین لەسەرتان، 7بەڵام نەرمونیان بووین لەگەڵتاندا، وەک دایکێک شیر بداتە منداڵەکانی. 8بە ڕادەیەک ئێوەمان خۆشویست کە ئامادەبووین نەک تەنها مزگێنیی خودا بەڵکو خۆشمان لەگەڵتاندا بەش بکەین، چونکە ئێوە لەلای ئێمە زۆر ئازیز بوون. 9خوشکان و برایان، دڵنیام ڕەنج و ماندووبوونی ئێمەتان لە یادە، شەو و ڕۆژ کارمان دەکرد، تاکو بەسەر کەستانەوە نەبینە بار، کاتێک مزگێنیی خودامان بۆ ڕاگەیاندن. 10ئێوە و خوداش شایەتن کە لەنێو ئێوەی باوەڕداردا چۆن بە پیرۆزی و ڕاستودروستی و بێ گلەیی ڕەفتارمان کردووە. 11هەروەک دەزانن کە ئێمە لەگەڵ هەریەک لە ئێوە وەکو باوکێک هەڵسوکەوتمان کرد، وەک چۆن باوکێک لەگەڵ منداڵەکانی خۆیدا هەڵسوکەوت دەکات، 12هانمان دەدان و ورەمان بەرز دەکردنەوە و لێتان دەپاڕاینەوە، بە شێوەیەک بژین شایانی خودا بێت، ئەوەی بۆ شانشین و شکۆی خۆی بانگتان دەکات.

13لەبەر ئەمە بێ بڕانەوە سوپاسی خودا دەکەین، چونکە پەیامی خوداتان وەک پەیامی مرۆڤ لە ئێمە وەرنەگرت، بەڵکو وەک بەڕاستی وشەی خودا بێت، لە ڕاستیشدا هەر بەو جۆرەیە، ئەوەی لەناو ئێوەی باوەڕداریشدا کار دەکات. 14ئەی خوشکان و برایان، ئێوە بوون بە لاساییکەرەوەی کڵێساکانی خودا لە یەهودیا، واتا ئەوانەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونەتە یەک، چونکە ئێوە بە دەستی هاوڵاتییەکانی خۆتان هەمان ئەو ئازارانەتان کێشا کە باوەڕدارانی یەهودیا بە دەستی جولەکەکان کێشایان، 15ئەوانەی عیسای خاوەن شکۆ و پێغەمبەرانیان کوشت و ئێمەیان چەوساندەوە. خودا ڕازی ناکەن و لە دژی هەموو خەڵکن، 16ڕێگامان لێ دەگرن لەوەی بۆ نەتەوەکان بدوێین تاکو ڕزگاربن، بەمەش کاسەی گوناهەکانیان سەرڕێژ دەکەن. بەڵام لە کۆتاییدا تووڕەیی خودا هاتووەتە سەریان.

17بەڵام ئەی خوشکان و برایان، ئێمە کە بۆ ماوەیەکی کورت لێتان دوور کەوتینەوە، بە چاو نەک بە دڵ، زۆر شەیدا و پەرۆشی بینینتان بووین. 18ویستمان بێینە لاتان، لە ڕاستیدا خۆم وەک پۆڵس چەند جارێک هەوڵم دا، بەڵام شەیتان ڕێی لێگرتین. 19هیوا و خۆشی و تاجی شانازیمان لەبەردەم عیسای خاوەن شکۆمان چییە لە کاتی هاتنیدا؟ ئایا ئێوە نین؟ 20ئێوە شکۆ و خۆشیمانن.