یەکەم تیمۆساوس 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم تیمۆساوس 6:1-21

دەربارەی کۆیلە

1هەموو ئەوانەی لەژێر نیری کۆیلایەتیدان، با گەورەکانیان بە شیاوی ئەوپەڕی ڕێز بزانن، تاکو کفر بە ناوی خودا و فێرکردنەکەی نەکرێت. 2ئەوانەی گەورەکانیان باوەڕدارن با سووکایەتییان پێ نەکەن، چونکە برای باوەڕدارن. لە جێگەی ئەوە، با زیاتر خزمەتیان بکەن، لەبەر ئەوەی ئەوانەی سوود لە خزمەتیان وەردەگرن باوەڕدار و خۆشەویستن.

جا ئەمانەیان فێربکە و هانیان بدە.

خۆشویستنی پارە

3ئەگەر کەسێک بە جۆرێکی دیکە خەڵک فێردەکات کە ناگونجێت لەگەڵ پەیامی دروستی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و لەگەڵ ئەو فێرکردنەی لەسەر لەخواترسی ڕاوەستاوە، 4ئەوا لووتبەرزە و هیچ تێناگات، حەز لە شەڕەقسە و دەمەقاڵێ دەکات کە دەبێتە هۆی چاوپیسی، ناکۆکی، بوختان، گومانی خراپ و 5ململانێ. ئەمانەش ئەو کەسانە دەیکەن کە بیریان خراپ بووە و ڕاستییان لێ ون بووە و لەخواترسی بە بازرگانی دادەنێن.

6بەڵام لەخواترسی ئەگەر بە قایلبوون بێت قازانجێکی گەورەیە. 7لەبەر ئەوەی هیچمان نەهێناوە بۆ جیهان، ئاشکرایە ناتوانین هیچیشی لێ ببەینە دەرەوە. 8جا ئەگەر خواردن و پۆشاکمان هەیە با پێی ڕازیبین. 9بەڵام ئەوانەی حەز دەکەن دەوڵەمەند بن، دەکەونە تاقیکردنەوە و داوەوە، هەروەها دەکەونە نێو زۆر ئارەزووی گەوجانە و زیانبەخشەوە، کە وا دەکات مرۆڤ تێبکەوێت و لەناوبچێت. 10لەبەر ئەوەی خۆشویستنی پارە یەکێکە لە سەرچاوەکانی هەموو جۆرە خراپەکارییەک، هەندێک کەس بەدوایدا گەڕان ون بوون لە باوەڕەکەیان و خۆیان تووشی ئازارێکی زۆر کرد.

تێکۆشانی باوەڕ

11بەڵام تۆ، ئەی پیاوی خودا لەم شتانە ڕابکە. بەدوای ڕاستودروستی و لەخواترسی و باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن و دڵنەرمیدا بگەڕێ. 12لە کێشمەکێشی باوەڕەکەدا باش تێبکۆشە. دەست بە ژیانی هەتاهەتاییەوە بگرە، ئەوەی خودا بانگی کردووی بۆی، کاتێک لەبەردەم چەندین شایەتدا بە باشی دانت پێدا نا. 13ڕاتدەسپێرم لەبەردەم خودا، ئەوەی ژیان بە هەمووان دەدات و لەبەردەم عیسای مەسیح، ئەوەی شایەتی باشی دا لەلای پیلاتۆسی پۆنتی، 14کە بە پاکی و بێ گلەیی ئەو ڕاسپاردانە بپارێزیت، هەتا ڕۆژی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، 15ئەوەی خودا لە کاتی دیاریکراو دەریدەخات. خودا، بەرەکەتدار و تاقە سەرۆک، پاشای پاشایان، گەورەی گەورەکان، 16تەنها ئەو نەمرە، لە ڕووناکی نیشتەجێیە و کەس لێی نزیک نابێتەوە، ئەوەی کەس نەیبینیوە و ناتوانێ بیبینێت، بۆ ئەوە ڕێز و توانای هەتاهەتایی! ئامین.

17دەوڵەمەندەکانی ئەم ڕۆژگارە ڕابسپێرە لووتبەرز نەبن و هیوایان بە سامانی لەناوچوو نەبێت، بەڵکو بە خودا، کە هەموو شتێکمان بە تێروپڕی دەداتێ تاکو خۆشیی لێ ببینین. 18ڕایانبسپێرە چاکە بکەن و لە کاری چاکەدا دەوڵەمەند بن، دڵفراوان بن و ئامادەبن بەشی خەڵکی دیکە بدەن، 19بەم شێوەیە گەنجینە و بناغەیەکی چاک بۆ دواڕۆژ دادەنێن و ژیانێکی ڕاستەقینە بەدەستدەهێنن.

20تیمۆساوس، سپاردەکە6‏:20 مەبەستی لە ئینجیلی مەسیحە. بڕوانە دووەم تیمۆساوس 1‏:14 بپارێزە. خۆت دووربخەرەوە لە هەموو کفرێکی هیچوپووچ و لەو وتە بێ کەڵکانەی بە درۆ ناونراون زانست، 21کە هەندێک کردیانە پیشە و لە ڕێگای باوەڕەکە گومڕا بوون.

با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.