یەکەم تیمۆساوس 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم تیمۆساوس 5:1-25

شێوەی هەڵسوکەوتی باوەڕداران

1پیر سەرزەنشت مەکە، بەڵکو وەک باوک هانی بدە. وەک برا لەگەڵ گەنجان هەڵسوکەوت بکە، 2وەک دایک لەگەڵ پیرێژن، لەگەڵ کچانیش وەک خوشک بەوپەڕی پاکی.

دەربارەی بێوەژنان

3ڕێز لەو بێوەژنانە5‏:3 مەبەست لەوانەیە کە مێردیان مردووە.‏ بگرە کە بەڕاستی بێوەژنن. 4بەڵام ئەگەر بێوەژنێک منداڵ و وەچەی هەبوو، با فێربن یەکەم جار وەک ئەرکی باوەڕە ڕێز لە خانەوادەیان بگرن و چاکەی دایک و باوکیان بدەنەوە، چونکە ئەمە پەسەندکراوە لای خودا. 5بێوەژنی ڕاستەقینە بە تەنهایە، هیوای بە خودایە، شەو و ڕۆژ بەردەوامە لە نوێژ و پاڕانەوە. 6بەڵام ئەوەی بە چێژی دنیایی دەژیێت، بە زیندوویی مردووە. 7جا ئەمانەیان پێ ڕابسپێرە تاکو بێ گلەیی بن. 8بەڵام ئەگەر یەکێک بایەخ بە نزیکەکەی نادات بە تایبەتی ئەندامانی خێزانی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە و خراپترە لە بێباوەڕ.

9ئەگەر بێوەژنێک تەمەنی لە شەست ساڵ کەمتر نەبێت و یەک مێردی هەبووبێت، لە لیست بنووسرێت. 10هەروەها دەبێت بە چاکەکاری شایەتی بۆ بدرێت، منداڵی بەخێو کردبێت، میوانداری کردبێت، پێی باوەڕدارانی شوشتبێت، یارمەتی لێقەوماوانی دابێت، بە هەموو جۆرە چاکەکارییەک هەستا بێت.

11بەڵام بێوەژنانی گەنج لەم لیستەیە دامەنێن، چونکە کاتێک ئارەزووەکانیان زاڵ دەبێت پشت لە مەسیح دەکەن، حەز لە شووکردنەوە دەکەن. 12ئینجا تاوانبار دەکرێن، چونکە پەیمانی یەکەمیان شکاندووە5‏:12 لەدوای مردنی مێردیان بەڵێن دەدەن کە شوو نەکەنەوە.‏. 13هەروەها فێری بێکاری و ماڵەوماڵکردن دەبن، نەک تەنها بێکاری، بەڵکو غەیبەتکاری و خۆخستنە کاروباری خەڵک، باسی هەندێک شت دەکەن کە پێویست نییە. 14بۆیە دەمەوێ بێوەژنانی گەنج مێرد بکەنەوە، تاکو منداڵیان ببێت و ماڵ بەڕێوە ببەن و دەرفەت نەدەنە دوژمن بۆ بوختانپێکردنمان، 15چونکە هەندێکیان گومڕا بوونە و بەدوای شەیتان کەوتوون.

16ئەگەر ژنە باوەڕدارێک بێوەژنێکی لە کەسوکاری هەبوو، با یارمەتی بدات و نەبێتە بار بەسەر کڵێساوە، تاکو کڵێسا یارمەتی ئەوانە بدات کە بەڕاستی بێوەژنن.

پیرانی کڵێسا

17ئەو پیرانەی کە بە باشی کڵێسا بەڕێوەدەبەن، شایانی ڕێزێکی دووقاتن5‏:17 مەبەستی ئەوەیە کە یارمەتی دارایی بدرێن.‏، بە تایبەت ئەوانەی لە وتاردان و فێرکردنی وشەی خودا ماندوو دەبن، 18چونکە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: ﴿لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە،﴾5‏:18 دواوتار 25‏:4 هەروەها: ﴿کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی.﴾5‏:18 لۆقا 10‏:7 19سکاڵا لەسەر هیچ پیرێک قبوڵ مەکە، بە دوو یان سێ شایەت نەبێت. 20ئەوانەی گوناه دەکەن لەبەردەم هەمووان سەرزەنشتیان بکە، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش بترسن. 21لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح و فریشتە هەڵبژێردراوەکان ڕاتدەسپێرم، ئەم ڕاسپاردانە بە بێ لایەنگری بەجێبگەیەنە و هیچ شتێک بە دەمارگیرییەوە مەکە.

22بە پەلە دەست لەسەر کەس دامەنێ و بەشداری گوناهی خەڵکی دیکە مەکە. خۆت بە پاکی ڕابگرە.

23ئیتر تەنها ئاو مەخۆرەوە، بەڵکو لەبەر گەدە و نەخۆشییە زۆرەکانت، هەندێک شەراب بخۆوە.

24هەندێک کەس گوناهەکانیان ئاشکرایە و پێشیان دەکەوێت بۆ حوکمدان، بەڵام هەندێکی دیکە دوایان دەکەوێت. 25بە هەمان شێوە کرداری چاک ئاشکرایە، تەنانەت ئەوانەی ئاشکراش نین ناتوانرێ بشاردرێتەوە.