یەکەم تیمۆساوس 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم تیمۆساوس 3:1-16

مەرجەکانی چاودێر

1ئەم قسەیە ڕاستە: ئەگەر یەکێک چاوی لە چاودێری بێت، حەزی لە چاکەکارییە. 2چاودێر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، وریا و ژیر و بەڕێز و میوان دۆست بێت، بتوانێت خەڵک فێربکات، 3سەرخۆش و توندوتیژ نەبێت، بەڵکو دڵنەرم بێت، شەڕفرۆش نەبێت، حەزی لە پارە نەبێت. 4خێزانەکەی باش بەڕێوە ببات، منداڵەکانی بەوپەڕی ڕێزەوە ملکەچ بن. 5ئەگەر کەسێک نەزانێت خێزانەکەی بەڕێوە ببات، چۆن چاودێری کڵێسای خودا دەکات؟ 6تازە نەبێت لە باوەڕ، نەوەک لووتبەرز بێت و هەمان سزای شەیتانی بەسەردا بدرێت. 7دەبێت ناوبانگی باش بێت لەلای ئەوانەی لە دەرەوەن، نەوەک قسەی بێتە سەر و بکەوێتە بەر داوی شەیتان.

مەرجەکانی خزمەتکار

8خزمەتکارانیش دەبێت بەڕێز بن، دوو زمان نەبن، شەراب زۆر نەخۆنەوە، چاویان لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت، 9بە ویژدانێکی پاک دەست بە ڕاستییە قووڵەکانی باوەڕەکەوە بگرن. 10با یەکەم جار تاقی بکرێنەوە، کە بێ گلەیی بوون، با وەک خزمەتکار3‏:10 هەر باوەڕدارێک بانگکراوە بۆ خزمەت، بەڵام هەندێک تەرخانکراون بۆ بەرپرسیاریێتی تایبەت لە خزمەتدا.‏ خزمەت بکەن.

11ژنەکانیش دەبێت بەڕێز بن، بوختانکەر نەبن، وریا بن، لە هەموو شتێکدا دڵسۆز بن.

12با خزمەتکار مێردی یەک ژن بێت و ماڵ و منداڵی باش بەڕێوە ببات. 13ئەوانەی باش خزمەتیان کردووە، پلەیەکی باش و متمانەیەکی زۆر لە باوەڕیان بە عیسای مەسیح بەدەستدەهێنن.

گەورەترین نهێنی

14هەرچەندە هیوادارم زوو بێمە لات، بەڵام ئەمانەت بۆ دەنووسم، 15تاکو ئەگەر من لە هاتنم دواکەوتم، تۆ بزانی خەڵک چۆن لە ماڵی خودا ڕەفتار بکەن، کە کڵێسای خودای زیندووە و کۆڵەکە و بناغەی ڕاستییە. 16بێگومان نهێنی لەخواترسی گەورەیە، کە ئەمەیە:

«ئەو لە جەستەدا دەرکەوت،

لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە پاکانەی بۆ کرا،

لەلایەن فریشتەکانەوە بینرا،

لەنێو نەتەوەکان جاڕی بۆ درا،

لە جیهاندا باوەڕی پێ هێنرا و

لە شکۆمەندیدا بەرزکرایەوە.»