یەکەم تیمۆساوس 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەکەم تیمۆساوس 1:1-20

1لە پۆڵسەوە کە نێردراوی عیسای مەسیحە بە فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان و عیسای مەسیحی هیوامان،

2بۆ تیمۆساوس، کوڕی ڕاستەقینەم لە باوەڕدا:

با نیعمەت1‏:2 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت. و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت.

مەترسی فێرکردنی جیاواز

3کاتێک بۆ ناوچەی مەکدۆنیا چووم، لێت پاڕامەوە لەوێ لە شاری ‏ئەفەسۆس بمێنیتەوە، تاکو خەڵکێک ڕاسپێری فێرکردنێکی جیاواز1‏:3 فێرکردنێک بە مەبەستی چەواشەکردنی باوەڕداران و بڵاوکردنەوەی بەڕەڵایی.‏ نەدەن و 4گوێ نەدەنە ئەفسانە و ڕەچەڵەکی بێ کۆتایی، چونکە دەمەقاڵەی لێ دەکەوێتەوە، لەبری پلانی خودایی کە لە باوەڕەوەیە. 5ئامانجی ئەم ڕاسپاردەیە1‏:5 بڕوانە ئایەتی 3.‏ بریتییە لە خۆشەویستی لە دڵێکی پاک و ویژدانێکی چاک و باوەڕێکی بێ دووڕوویی. 6هەندێک لەمانە لایانداوە، بەلای قسەی پووچدا ڕۆیشتوون، 7دەیانەوێ ببنە مامۆستای تەورات، هەرچەندە تێناگەن لەوەی کە دەیڵێن و دەیچەسپێنن.

8بەڵام دەزانین تەورات چاکە، ئەگەر یەکێک بە دروستی بەکاریبهێنێت، 9هەروەها دەزانین تەورات بۆ کەسی ڕاستودروست دانەنراوە، بەڵکو بۆ سەرپێچیکار و یاخیبووان، خوانەناس و گوناهباران، پیس و گڵاوەکان، دایک و باوک کوژان، بکوژان، 10داوێنپیسان و نێربازان، بازرگانانی کۆیلە، درۆزن و سوێندخۆرانی بە درۆ، هەر شتێکیش لە دژی فێرکردنی دروست بێت، 11بەگوێرەی پەیامی ئینجیلی شکۆی خودای بەرەکەتدار، ئەوەی بە من سپێردراوە.

سوپاسکردن بۆ بەزەیی خودا

12سوپاسی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەکەم، ئەوەی بەهێزی کردم و بە دڵسۆزی داناوم و بۆ خزمەتکردن دەستنیشانی کردم. 13هەرچەندە جاران کفرکەر و چەوسێنەر و توندڕەو بووم، بەڵام عیسا بەزەیی پێمدا هاتەوە، چونکە بە نەزانی و بێباوەڕی دەمکرد. 14سەرڕێژ بووم لە نیعمەتی مەسیحی خاوەن شکۆمان، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە بەهۆی یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت.

15ئەم قسەیە ڕاستە و تەواو شایانی قبوڵکردنە: عیسای مەسیح بۆ ڕزگارکردنی گوناهباران هاتە جیهان، هیچ کەسێک بە ئەندازەی من گوناهبار نییە. 16بەڵام بەزەیی پێمدا هاتەوە، تاکو یەکەم جار لە مندا عیسای مەسیح بەوپەڕی پشوودرێژی دەربکەوێت، وەک نموونەیەک بۆ ئەوانەی باوەڕی پێ دەهێنن بۆ ژیانی هەتاهەتایی. 17با بۆ هەتاهەتایە ڕێز و شکۆمەندی بۆ پاشای هەتاهەتایی بێت کە نەمر و نەبینراو و تاقە خودایە! ئامین.

18کوڕم تیمۆساوس، ئەم ڕاسپاردەیەت پێ دەسپێرم، بەگوێرەی ئەو پێشبینییانەی پێشتر دەربارەی تۆ گوتراون، تاکو بەهۆیانەوە بە باشی بجەنگیت، 19دەست بە باوەڕ و ویژدانێکی چاکەوە بگرە، کە هەندێک کەس ڕەتیان کردەوە، جا کەشتی باوەڕیان تێکشکا1‏:19 مەبەست تێکشکانی باوەڕە لە دڵی باوەڕدار.‏، 20لەوانە هیمینایۆس و ئەسکەندەر، ئەوانم دایە دەستی شەیتان، بۆ ئەوەی فێربن کە کفر نەکەن.