یەشوع 7 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەشوع 7:1-26

گوناهی عاخان

1بەڵام نەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە شتە تەرخانکراوەکان بۆ یەزدان7‏:1 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان. لە کاتی شەڕدا دەستکەوتەکە دابەش ناکرێت و بەخشینەکە دەرئەنجامەکەی لەناوبردنی تەواوە.‏ ناپاکییان کرد، عاخانی کوڕی کەرمی کوڕی زیمری کوڕی زەرەح لە هۆزی یەهودا لە شتە تەرخانکراوەکانی برد، ئیتر تووڕەیی یەزدان بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا جۆشا.

2یەشوعیش چەند پیاوێکی لە ئەریحاوە بۆ عای نارد کە لەلای بێت‌ئاڤنە لە ڕۆژهەڵاتی بێت‌ئێل و پێی گوتن: «سەربکەون و سیخوڕی لەبارەی خاکەکەوە بکەن.» پیاوەکانیش سەرکەوتن و سیخوڕی عاییان کرد.

3کاتێک گەڕانەوە لای یەشوع و پێیان گوت: «با هەموو گەل سەرنەکەون، بەڵکو تەنها نزیکەی دوو هەزار یان سێ هەزار پیاو بەسەر عایدا بدەن، هەموو گەل شەکەت مەکە، چونکە ئەوان کەمن.» 4جا نزیکەی سێ هەزار کەس لە گەل بۆ ئەوێ سەرکەوتن، بەڵام لەبەردەم پیاوەکانی عای هەڵاتن، 5خەڵکی عای لێیاندان و نزیکەی سی و شەش پیاویان کوشتن و دوایان کەوتن. لەبەردەم دەروازەکەوە هەتا کانە بەردەکان، لە لێژاییەکە لێیان دان، گەل ڕەنگیان پەڕی.

6یەشوعیش جلەکانی دادڕی و لەبەردەم سندوقی یەزدان بە ڕوودا کەوتە سەر زەوی و هەتا ئێوارە لەوێ مایەوە. هەروەها پیرانی نەوەی ئیسرائیل هەمان شتیان کرد و خۆڵیان بەسەر سەری خۆیاندا کرد. 7هەروەها یەشوع گوتی: «ئای یەزدانی باڵادەست، بۆچی ئەم گەلەت بە تەواوی لە ڕووباری ئوردون پەڕاندەوە، بۆ ئەوەی بماندەیتە دەست ئەمۆرییەکان و لەناومان ببەن؟ خۆزگە بەوەندە ڕازی دەبووین و لەوبەری ڕووباری ئوردون دەماینەوە. 8ئەی پەروەردگار، من چی بڵێم پاش ئەوەی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم دوژمنەکانیاندا بەزین؟ 9جا کەنعانییەکان و سەرجەم دانیشتووانی خاکەکە ئەمە دەبیستن و گەمارۆمان دەدەن و ناومان لەسەر ڕووی زەوی دەسڕنەوە، ئەی چی بۆ ناوی گەورەی خۆت دەکەیت؟»

10یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «هەستە، بۆچی ئاوا بەسەر ڕووتدا کەوتوویت؟ 11نەوەی ئیسرائیل گوناهیان کرد و هەروەها پەیمانەکەی منیان شکاند کە فەرمانم پێکردبوون، هەندێک لە شتە تەرخانکراوەکانیان برد، دزییان کرد و درۆیان کرد و لەناو کەلوپەلەکانی خۆیاندا دایاننا. 12بۆیە نەوەی ئیسرائیل ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانیان ڕابوەستن، پشتیان تێ دەکەن و هەڵدێن، چونکە بەرپرسیار بوون لە قڕبوونی خۆیان. ئەگەر بێتو ئەو تەرخانکراوە لەنێو خۆتاندا بنبڕ نەکەن، ئەوا لەمەودوا لەگەڵتاندا نابم.

13«هەستە، گەل تەرخان بکە و پێیان بڵێ: ”خۆتان بۆ بەیانی تەرخان بکەن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئیسرائیل، لەنێوتان کەسانێک هەن کە شتی تەرخانکراویان بردووە. لەبەر ئەوە ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانتان ڕابوەستن، هەتا ئەو شتانە لەنێو خۆتان دانەماڵن.

14«”بەیانی بە هۆزەکانتانەوە وەرنە پێش و ئەو هۆزەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە خێڵەکانییەوە بێتە پێش؛ ئەو خێڵەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە بنەماڵەکانییەوە بێتە پێش؛ ئەو بنەماڵەیەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، با بە پیاوەکانییەوە یەک لەدوای یەک بێنە پێشەوە. 15ئەوەی بە شتە تەرخانکراوەکانەوە بگیردرێت، خۆی و هەرچی هەیەتی بە ئاگر دەسووتێنرێ، چونکە ئەو پەیمانی یەزدانی شکاندووە و کارێکی دزێوی لەناو ئیسرائیلدا ئەنجام داوە.“»

16بۆ بەیانی یەشوع زوو لە خەو هەستا و هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیلی یەک یەک هێنایە پێش و هۆزی یەهودا هەڵبژێردرا7‏:16 هەڵبژێردرا: بە خواستی خودا بە تیروپشک هەڵبژێردرا.‏. 17خێڵەکانی یەهودای هێنایە پێش و خێڵی زەرەحییەکان هەڵبژێردرا. ئینجا خێڵی زەرەحییەکانی هێنایە پێش بە خێزانەکانیانەوە و زیمری هەڵبژێردرا. 18بەرەبابەکەی ئەویشی بە پیاوەکانییەوە هێنایە پێش و عاخانی کوڕی کەرمی کوڕی زیمری کوڕی زەرەح هەڵبژێردرا کە سەر بە هۆزی یەهودایە.

19ئینجا یەشوع بە عاخانی گوت: «تکایە کوڕی خۆم، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل شکۆدار بکە و دانی پێدا بنێ. پێم بڵێ، چیت کردووە؟ لێمی مەشارەوە.»

20عاخانیش وەڵامی یەشوعی دایەوە و گوتی: «بەڕاستی من بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گوناهم کردووە و ئاوام کردووە، 21لەنێو تاڵانکردنەکەدا کەوایەکی بابلی گرانبەها و دوو سەد شاقل زیو7‏:21 دوو سەد شاقل زیو: نزیکەی 2,3 کیلۆگرام.‏ و قاڵبە زێڕێکم بینی کە کێشەکەی پەنجا شاقل دەبوو، ئارەزووم کرد و بردم. ئەوەتا لەژێر زەوی لە ناوەڕاستی چادرەکەمدا شاردومەتەوە و زیوەکەش لە ژێرەوەیە.»

22جا یەشوع چەند کەسێکی نارد و ڕایانکرد بۆ چادرەکە و بینییان ئەوەتا لەناو چادرەکەدا شاردراونەتەوە و زیوەکەش لە ژێریانەوەیە. 23ئەوانیش شتەکانیان لە ناوەڕاست چادرەکە هەڵگرت و بۆ یەشوع و هەموو نەوەی ئیسرائیلیان هێنا و لەبەردەم یەزدان دایاننا.

24ئینجا یەشوع عاخانی کوڕی زەرەحی لەگەڵ زیوەکە و کەواکە و قاڵبە زێڕەکە و کوڕەکانی و کچەکانی و گا و گوێدرێژ و مەڕەکانی و چادرەکەی و هەموو ئەو شتانەی هی ئەو بوون، هەموو نەوەی ئیسرائیلیشی لەگەڵ بوو، بردیانن و سەریان خستن بۆ دۆڵی عاخۆر. 25ئینجا یەشوع گوتی: «چۆن لێت تێکداین، یەزدانیش ئەمڕۆ ئاوا لێت تێکبدات.»

ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل ئەویان بەردباران کرد و ئەوانەی دیکەیان بەردباران کرد و سووتاندیانن، 26کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر عاخان کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆش لەوێیە. ئینجا جۆشی تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە، بۆیە ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە دۆڵی عاخۆر7‏:26 عاخۆر‏ وشەیەکی عیبرییە بە واتای تێکدان.‏ ناودەبردرێت.