یەشوع 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەشوع 5:1-15

خەتەنەکردن لە گلگال

1کاتێک هەموو پاشاکانی ئەمۆرییەکان، ئەوانەی لەبەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون بوون و هەموو پاشاکانی کەنعانییەکان، ئەوانەی لەسەر کەناری دەریا بوون، بیستیان کە یەزدان ئاوی ڕووباری ئوردونی لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل وشک کردووە هەتا دوای پەڕیونەتەوە، ئیتر دڵیان تۆقی و ورەیان تێدا نەما بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەوەی ئیسرائیل.

2لەو کاتەدا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «چەند چەقۆیەک لە بەردەئەستێ بۆ خۆت دروستبکە و جارێکی دیکە نەوەی ئیسرائیل خەتەنە5‏:2 خەتەنەکردن: بڕوانە پەیدابوون 17‏:9‏-14 بکەرەوە.» 3جا یەشوع چەند چەقۆیەکی لە بەردەئەستێ دروستکرد و نەوەی ئیسرائیلی لە گردی هاعەرالۆت5‏:3 هاعراڵۆت: واتا پێستی سەری کێر، کە لە کاتی خەتەنەکردندا دەبڕدرێت.‏ خەتەنە کرد.

4ئەمەش هۆی خەتەنەکردنەکەیان بوو لەلایەن یەشوعەوە، هەموو ئەو گەلەی کە لە میسر هاتبوونە دەرەوە، ئەو نێرینانەی کە پیاوی جەنگ بوون، ماوەیەک لەدوای ڕۆیشتنیان لە میسر لە ڕێگا لە چۆڵەوانی مردن. 5هەموو ئەو گەلەی کە لە میسرەوە کۆچیان کرد خەتەنە کرابوون، بەڵام هەموو ئەو گەلەی لە کاتی کۆچیان لە میسرەوە لە ڕێگا لە چۆڵەوانیدا لەدایک بوون خەتەنە نەکرابوون. 6نەوەی ئیسرائیل چل ساڵ بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن، هەتا هەموو ئەو گەلە، هەموو پیاوانی جەنگ، ئەوانەی لە میسر هاتبوونە دەرەوە کۆتاییان پێهات، چونکە گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون. یەزدان سوێندی بۆ خواردن کە ئەو خاکەیان پیشان نەدات کە سوێندی بۆ باوباپیرانیان خوارد کە دەیداتە ئێمە، ئەو خاکەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت. 7بۆیە کوڕەکانیانی لە جێی ئەوان پێگەیاند، هەروەها یەشوع ئەوانی خەتەنە کرد، چونکە خەتەنە نەکرابوون، لەبەر ئەوەی لە ڕێگادا خەتەنەیان نەکردبوون. 8پاش ئەوەی هەموو گەل لە خەتەنەکردن بوونەوە، لە جێی خۆیان لە ئۆردوگاکە مانەوە هەتا برینەکەیان ساڕێژ بوو.

9ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕیسوایی میسرم لێتان گلۆرکردەوە.» بۆیە ئەو شوێنە هەتا ئەمڕۆش بە گلگال5‏:9 لە زمانی عیبری گلگال‏ لە چاووگی (گلۆرکردنەوە) وەرگیراوە.‏ ناودەبردرێت.

10نەوەی ئیسرائیل لە گلگال چادریان هەڵدا و لە ئێوارەی ڕۆژی چواردەی مانگ لە دەشتی ئەریحا جەژنی پەسخەیان گێڕا. 11بۆ ڕۆژی پاش جەژنی پەسخە، هەر هەمان ڕۆژ، لە بەروبوومی خاک نانی فەتیرە و دانەوێڵەی برژاویان خوارد. 12هەروەها لەو ڕۆژەدا مەن بڕایەوە کاتێک لە بەری خاکەکەیان خوارد، ئیتر لەدوای ئەوە مەن بۆ نەوەی ئیسرائیل نەبوو، بەڵام ئەو ساڵە لە بەری زەوی کەنعانیان خوارد.

کەوتنی شاری ئەریحا

13ئەوە بوو کاتێک یەشوع لە نزیک ئەریحا بوو، سەری هەڵبڕی و بینی وا پیاوێک بەرامبەری ڕاوەستاوە و شمشێرەکەشی هەڵکێشاوە. یەشوعیش چووە لای و پێی گوت: «ئایا تۆ لەگەڵ ئێمە دایت یان لەگەڵ دوژمنەکانمان؟»

14ئەویش گوتی: «هیچیان، چونکە ئێستا من وەک فەرماندەی گشتی سوپای یەزدان هاتووم.» جا یەشوع بە ڕوودا بەسەر زەوی کەوت و کڕنۆشی برد و گوتی: «پەیامی گەورەکەم چییە بۆ خزمەتکاری خۆی؟»

15فەرماندەی گشتی سوپای یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت پیرۆزە.» یەشوعیش بەم جۆرەی کرد.