یەشوع 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەشوع 4:1-24

1کاتێک هەموو نەتەوەکە لە ڕووباری ئوردون تەواو پەڕینەوە، یەزدان بە یەشوعی فەرموو: 2«لەناو خەڵکەکەدا دوازدە پیاو هەڵبژێرە، لە هەر هۆزە و پیاوێک، 3فەرمانیان پێ بکە و پێیان بڵێ: ”لێرە لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە، لە شوێن پێی کاهینەکان کە تێیدا جێگیر بوون، دوازدە بەرد هەڵبگرن و لەگەڵ خۆتان بیانپەڕێننەوە و لەو شوێنەدا دایانبنێن کە ئەمشەو تێیدا دەمێننەوە.“»

4ئینجا یەشوع ئەو دوازدە پیاوەی بانگکرد کە لە نەوەی ئیسرائیل هەڵیبژاردبوون، لە هەر هۆزە و پیاوێک، 5یەشوع پێی گوتن: «لەبەردەم سندوقی یەزدانی پەروەردگارتانەوە تێپەڕ بن بۆ ناوەڕاستی ڕووباری ئوردون و بەگوێرەی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل هەریەک لە ئێوە بەردێک بەرز بکاتەوە بۆ سەر شانی، 6بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە نیشانەیەک لەنێوتان. ئەگەر سبەینێ منداڵەکانتان لێتان بپرسن: ”ئەم بەردانە چ واتایەکی هەیە؟“ 7ئێوەش پێیان دەڵێن: ”ئاوی ڕووباری ئوردون لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان وەستا. کاتێک لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، ئاوی ئوردون ڕاوەستا، جا ئەم بەردانە دەبنە یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل بۆ هەتاهەتایە.“»

8نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، هەروەک یەشوع فەرمانی پێ کردن، دوازدە بەردیان لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە هەڵگرت، هەروەک یەزدان بە یەشوعی فەرموو، بەپێی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل و لەگەڵ خۆیاندا پەڕاندیانەوە بۆ ئەو شوێنەی چادریان تێیدا هەڵدا و لەوێ دایاننان. 9یەشوعیش دوازدە بەردەکەی ڕاگیر کرد کە لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردوندا بوون لەو شوێنەی کە کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمان ڕاوەستابوون و هەتا ئەمڕۆش لەو شوێنەدان.

10کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقەکە لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردوندا وەستان هەتا هەموو ئەو شتانەی یەزدان فەرمانی بە یەشوع کردبوو بە گەلی بڵێت بەگوێرەی هەموو ئەوەی موسا فەرمانی بە یەشوع کردبوو تەواو بوو. گەل پەلەیان کرد و پەڕینەوە. 11کاتێک هەموو گەل تەواو پەڕینەوە، سندوقی یەزدان و کاهینەکانیش بە بەردەم گەلدا پەڕینەوە. 12نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشەش بە چەکەوە لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل پەڕینەوە، هەروەک موسا پێی گوتبوون4‏:12 هەروەک موسا پێی گوتبوون: بڕوانە 1‏:12‏-15 و دواوتار 3‏:18‏-20.‏. 13نزیکەی چل هەزار چەکدار بۆ شەڕکردن لەبەردەم یەزدان پەڕینەوە بۆ جەنگ بەرەو دەشتەکانی ئەریحا.

14لەو ڕۆژە یەزدان لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل یەشوعی بەرز ڕاگرت، ئەوانیش بە درێژایی ژیانی یەشوع ڕێزێکی تایبەتیان بۆی هەبوو، هەروەک چۆن ڕێزیان لە موسا گرتبوو.

15هەروەها یەزدان بە یەشوعی فەرموو: 16«فەرمان بە کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی بکە با لە ڕووباری ئوردونەوە سەربکەون.»

17یەشوعیش فەرمانی بە کاهینەکان کرد و گوتی: «لە ڕووباری ئوردونەوە سەربکەون.»

18ئەوە بوو لەگەڵ سەرکەوتنی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمانی یەزدان لە ناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە، بن پێی کاهینەکان کەوتە سەر وشکانی، ئاوی ڕووباری ئوردون گەڕایەوە شوێنی خۆی و وەک پێشتر بووەوە بە لافاو.

19گەلیش لە دەیەم ڕۆژی مانگی یەکدا لە ڕووباری ئوردونەوە سەرکەوتن و لە گلگال لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئەریحا چادریان هەڵدا. 20ئەو دوازدە بەردەش کە لە ڕووباری ئوردونەوە هێنابوویان، یەشوع لە گلگال کەڵەکەی کردن و 21بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر سبەینێ نەوەکانتان لە باوباپیرانی خۆیانیان پرسی: ”ئەم بەردانە چین؟“ 22پێیان بناسێنن و پێیان بڵێن: ”نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانی لەم ڕووباری ئوردونە پەڕینەوە.“ 23لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان ئاوی ڕووباری ئوردونی لەبەردەمیاندا وشک کرد هەتا پەڕینەوە، هەروەک ئەوەی بە دەریای سووری کرد کە لەبەردەمماندا وشکی کرد هەتا ئێمە پەڕینەوە. 24ئەمەی کرد هەتا هەموو گەلانی خاکەکە بزانن کە دەستی یەزدان بەهێزە، تاوەکو هەتاهەتایە لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن.»