یەشوع 24 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەشوع 24:1-33

تازەکردنەوەی پەیمانەکە لە شاری شەخەم

1ئینجا یەشوع هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلی لە شەخەم کۆکردەوە و پیرانی ئیسرائیل و ڕابەر و دادوەر و کوێخاکانی بانگکرد و ئەوانیش لەبەردەم خودا وەستان.

2یەشوع بە هەموو گەلی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرمووە: ”لە کۆنەوە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فوراتەوە نیشتەجێ بوون، تارەحی باوکی ئیبراهیم و باوکی ناحۆر خوداوەندی دیکەیان دەپەرست. 3بەڵام من ئیبراهیمی باوکتانم لەوبەری ڕووباری فورات برد و بەناو هەموو زەوی کەنعاندا گێڕام، نەوەکانی ئەوم زۆر کرد و ئیسحاقم دایێ، 4یاقوب و عیسۆشم دایە ئیسحاق، بەشە میراتی ناوچە شاخاوییەکانی سێعیرم دایە عیسۆ، بەڵام یاقوب و کوڕەکانی دابەزین بۆ میسر.

5«”لەدوای ئەوە موسا و هارونم نارد و خەڵکی میسرم تووشی بەڵا کرد بەگوێرەی هەموو ئەوەی لەناویدا کردم، ئینجا ئێوەم دەرهێنا، 6جا باوباپیرانتانم لە میسر دەرهێنا و چوونە ناو دەریاوە و میسرییەکانیش بە گالیسکە و ئەسپەوە بۆ دەریای سوور دوای باوباپیرانتان کەوتن. 7جا کە هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش تاریکاییەکی خستە نێوان ئێوە و میسرییەکانەوە و دەریاکەی بەسەریاندا هێنایەوە و دایپۆشین. ئێوە بە چاوی خۆتان بینیتان من لە میسر چیم کرد. پاشان ئێوە لە چۆڵەوانیدا ڕۆژانێکی زۆر مانەوە.

8«”ئینجا ئێوەم هێنایە ناو خاکی ئەمۆرییەکان، ئەوانەی لەوبەری ڕووباری ئوردوندا بەلای ڕۆژهەڵاتدا نیشتەجێ بوون و لە دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دا بەدەستتانەوە و دەستتان بەسەر خاکەکەیاندا گرت و لەبەردەمتان لەناوم بردن. 9ئینجا بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب هەستا و لە دژی ئیسرائیل جەنگا و بەلعامی کوڕی بەعۆری بانگکرد بۆ ئەوەی نەفرەتتان لێ بکات، 10بەڵام من ئامادە نەبووم گوێ لە بەلعام بگرم، بۆیە ئەویش چەند جارێک داوای بەرەکەتی بۆ کردن24‏:10 بڕوانە سەرژمێری بەشی 23 و 24.‏ و بەو شێوەیە لە دەستی دەربازم کردن.

11«”ئینجا لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و هاتن بۆ ئەریحا و خەڵکی ئەریحاش، ئەمۆری و پریزی و کەنعانی و حیتی و گرگاشی و حیڤی و یەبوسییەکان لە دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دایە دەستتان و 12زەردەواڵەشم24‏:12 دەکرێت هێمایەک بێت بۆ ئەو ترس و لەرزەی خودا خستییە دڵیانەوە. بڕوانە دەرچوون 23‏:28 و دواوتار 7‏:20.‏ لەپێشتانەوە نارد و هەردوو پاشای ئەمۆرییەکانم لەبەردەمتان دەرکرد، نە بە شمشێرەکەت و نە بە کەوانەکەت. 13ئینجا زەوییەکم پێدان کە پێوەی ماندوو نەبوون و چەند شارێک کە بنیادتان نەناوە و تێیدا نیشتەجێن و ڕەزەمێو و زەیتوونێکیش کە نەتانچاندووە و دەیخۆن.“

14«ئێستاش لە یەزدان بترسن و بە تەواوی و دڵسۆزییەوە بیپەرستن. ئەو خودایانەش لە خۆتان دابماڵن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات و لە میسر دەیانپەرست و یەزدان بپەرستن. 15بەڵام ئەگەر بەلاتانەوە خراپە یەزدان بپەرستن، ئەوا ئەمڕۆ بۆ خۆتان هەڵبژێرن کێ دەپەرستن، ئەگەر ئەو خوداوەندانە بن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات دەیانپەرستن یان خوداوەندەکانی ئەمۆرییەکان ئەوانەی ئێوە لەناو خاکەکەیاندا نیشتەجێن. بەڵام من و بنەماڵەکەم یەزدان دەپەرستین.»

16جا گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «لە ئێمە بەدوور بێت واز لە یەزدان بهێنین و خوداوەندانی دیکە بپەرستین، 17چونکە یەزدانی پەروەردگارمان ئێمە و باوباپیرانمانی لە خاکی میسر، لە خاکی کۆیلایەتییەوە هێنایە دەرەوە و ئەو هەموو نیشانە گەورانەی لەبەرچاوماندا کرد. لە هەموو ئەو ڕێگایەی پێیدا ڕۆیشتین و لە کاتی تێپەڕینمان بەناو ئەو هەموو گەلانەدا پارێزگاری لێکردین. 18هەروەها یەزدان هەموو ئەو گەلانە و لەنێویشیاندا ئەمۆرییەکانی نیشتەجێی خاکەکەی لەبەردەممان دەرکرد، لەبەر ئەوە ئێمە یەزدان دەپەرستین، چونکە ئەو خودامانە.»

19یەشوعیش بە گەلی گوت: «ئێوە ناتوانن یەزدان بپەرستن، چونکە ئەو خودایەکی پیرۆز و خودایەکی ئیرەدارە24‏:19 ئیرەدار: لێرەدا واتایەکی ئەرێنی لەخۆ دەگرێت، چونکە خودا مرۆڤی خۆشدەوێت و نایەوێت کەسێک پەیوەندی نێوانیان تێک بدات.، لە یاخیبوون و گوناهەکانتان خۆش نابێت. 20ئەگەر واز لە یەزدان بهێنن و خوداوەندی بێگانە بپەرستن، ئەوا دەگەڕێتەوە و خراپتان بەسەردەهێنێت و کۆتاییتان پێ دەهێنێت، پاش ئەوەی چاکەی لەگەڵتاندا کرد.»

21گەلیش بە یەشوعیان گوت: «نەخێر! بەڵکو یەزدان دەپەرستین.»

22یەشوعیش پێی گوتن: «ئێوە شایەتن لەسەر خۆتان، کە ئێوە یەزدانتان بۆ خۆتان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بیپەرستن.»

ئەوانیش گوتیان: «ئێمە شایەتین.»

23«ئینجا ئێستا ئەو خوداوەندە بێگانانەی لەنێوتاندان دابماڵن و دڵتان بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بسپێرن.»

24گەلیش بە یەشوعیان گوت: «یەزدانی پەروەردگارمان دەپەرستین و گوێڕایەڵی ئەو دەبین.»

25ئینجا یەشوع لەو ڕۆژەدا پەیمانێکی لەگەڵ گەلدا بەست و لە شەخەمدا فەرز و یاسای بۆ دانان. 26یەشوع ئەم وشانەی لە پەڕتووکی تەوراتی خودا نووسی و بەردێکی گەورەی هێنا و لەژێر دار بەڕووەکەی لای پیرۆزگاکەی یەزدان چەقاندی.

27یەشوع بە هەموو گەلی گوت: «سەیر بکەن! ئەم بەردە دەبێتە شایەت بەسەرمانەوە، چونکە گوێی لە هەموو وشەکانی یەزدان بوو کە پێی فەرمووین، جا دەبێتە شایەت بەسەرتانەوە نەوەک نکۆڵی لە خودای خۆتان بکەن.»

28ئینجا یەشوع گەلی ڕەوانە کردەوە، هەرکەسە و بەرەو میراتەکەی خۆی.

ناشتنی یەشوع

29پاش ئەم شتانە یەشوعی کوڕی نونی بەندەی یەزدان لە تەمەنی سەد و دە ساڵی مرد. 30لە سنووری میراتەکەی خۆی لە تیمنەت سەرەح کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمە لە باکووری کێوی گاعەش ناشتیان.

31نەوەی ئیسرائیلیش بە درێژایی سەردەمی یەشوع یەزدانیان دەپەرست، هەروەها بە درێژایی سەردەمی پیران کە لەدوای یەشوع تەمەنیان درێژەی کێشا و هەموو ئەو کارانەیان بینی کە یەزدانی مەزن بۆ ئیسرائیلی ئەنجام دا.

32ئێسکەکانی یوسفیش کە نەوەی ئیسرائیل لە میسرەوە هێنایانەوە، لە شەخەمدا ناشتیان لەناو ئەو پارچە کێڵگەیەی کە یاقوب لە نەوەی حەمۆری باوکی شەخەم بە سەد پارچە زیو کڕیبووی و بوو بە میرات بۆ نەوەی یوسف.

33ئینجا ئەلعازاری کوڕی هارون مرد و لە گیڤعا ناشتیان، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو کە درابووە فینەحاسی کوڕی.