یەشوع 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەشوع 2:1-24

ڕاحاب و دوو سیخوڕ

1ئینجا یەشوعی کوڕی نون لە شەتیمەوە دوو سیخوڕی بە نهێنی نارد و گوتی: «بڕۆن تەماشای خاکەکە بکەن، بە تایبەتی ئەریحا.» ئەوانیش ڕۆیشتن و چوونە ماڵی ژنێکی لەشفرۆش کە ناوی ڕاحاب بوو، لەوێ مانەوە.

2بە پاشای ئەریحا گوترا: «بزانە، ئەمشەو دوو پیاوی نەوەی ئیسرائیل هاتوونەتە ئێرە هەتا سیخوڕی دەربارەی خاکەکە بکەن.» 3لەبەر ئەوە پاشای ئەریحا بەدوای ڕاحابدا ناردی و پێی گوت: «ئەو دوو پیاوەی کە هاتن بۆ لات و هاتنە ناو ماڵەکەت بیانهێنە دەرەوە، چونکە ئەوانە هاتوون بۆ ئەوەی سیخوڕی لەبارەی هەموو خاکەکەوە بکەن.»

4بەڵام ڕاحاب دوو پیاوەکەی بردبوو و شاردبوونییەوە و گوتی: «ڕاستە ئەو دوو پیاوە هاتنە لای من، بەڵام نەمزانی خەڵکی کوێن. 5کاتێک تاریکی داهات، کاتی داخستنی دەروازەی شار، دوو پیاوەکە ڕۆیشتن. نازانم دوو پیاوەکە بۆ کوێ چوون. بە پەلە شوێنیان بکەون، بەڵکو پێیان بگەن.» 6بەڵام ئەو هەردووکیانی بردبوو بۆ سەربان و لەناو کۆمەڵێک چیلکە داری کەتاندا شاردبوونییەوە کە لە سەربان هەڵیچنیبوون. 7پیاوەکانی پاشاش بەو ڕێگایەی کە بەرەو تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردون دەچوو بەدوای سیخوڕەکاندا چوون. کە ئەوانەی بە شوێنیاندا دەگەڕان چوونە دەرەوە، دەروازەکان داخران.

8پێش ئەوەی سیخوڕەکان خەویان لێ بکەوێت، ڕاحاب بۆ لایان سەرکەوتە سەربان و 9بە پیاوەکانی گوت: «زانیومە کە یەزدان ئەم خاکەی بە ئێوە داوە و ترسی ئێوە باڵی بەسەرماندا کێشاوە و سەرجەم دانیشتووانی خاکەکەش لەبەر ئێوە ڕەنگیان پەڕیوە، 10چونکە بیستمان یەزدان چۆن ئاوی دەریای سووری2‏:10 عیبری سوف‏ واتا (زەل). دەشێت مەبەست لە دەریای سوف بێت، ئەو دەریایە بێت کە دەکەوێتە سەرووی باکووری کەنداوی سوێسی ئەمڕۆ، بەڵام لە دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ هەر بە دەریای سوور نووسراوە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:29‏.‏ لەپێشتان وشک کرد، کاتێک لە میسر هاتنە دەرەوە، هەروەها لەوبەری ڕووباری ئوردون بەلای ڕۆژهەڵات چیتان بە هەردوو پاشای ئەمۆرییەکان سیحۆن و عۆگ کرد، ئەوانەی کە بە تەواوی قڕتان کردن2‏:10 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏. 11کاتێک ئەوەمان بیست، دڵمان تۆقی و بەهۆی ئێوەوە کەس ورەی2‏:11 ورە: عیبری نەفەش‏ واتا ڕۆح.‏ نەما، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەو خودایە لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە.

12«ئێستاش بە یەزدان سوێندم بۆ بخۆن کە چۆن من چاکەم لەگەڵ ئێوەدا کرد، ئێوەش لەگەڵ ماڵی باوکم چاکە بکەن. نیشانەیەکی دڵنیابوونم بدەنێ کە 13دایک و باوک و خوشک و براکانم و هەموو ئەوەی هەیانە بە زیندوویی بیانهێڵنەوە و فریای گیانمان بکەون لە مردن.»

14پیاوەکانیش پێیان گوت: «خودا بمانکات بە قوربانتان! ئەگەر ئەم کارەمان نەدرکێنن، هەروەها ئەگەر یەزدان خاکەکەی پێداین، ئەوا چاکە و دڵسۆزیت لەگەڵدا دەکەین.»

15ئینجا ڕاحاب هەردووکیانی لە پەنجەرەی ماڵەکەیەوە بە گوریس شۆڕکردەوە، چونکە ماڵەکەی کە تێیدا دەژیا لە شوورای شارەکە بوو. 16هەروەها پێی گوتن: «بڕۆن بۆ چیا نەوەک ئەوانەی بە شوێنتاندا دەگەڕێن تووشتان بن، لەوێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ خۆتان بشارنەوە، هەتا ئەوان دەگەڕێنەوە، ئینجا بە ڕێگای خۆتاندا بڕۆن.»

17پیاوەکانیش پێیان گوت: «ئێمە بێتاوان دەبین لەو سوێندەی کە بۆ تۆمان خوارد 18ئەگەر هاتوو لە کاتی هاتنمان بۆ ناو خاکەکە، ئەم گوریسە سوورە بەو پەنجەرەیەوە گرێ نەدەیت کە ئێمەت لێوەی شۆڕکردەوە و ئەگەر دایک و باوک و خوشک و براکانت و سەرجەم ئەندامانی ماڵی باوکت لە ماڵەکەی خۆتدا کۆنەکەیتەوە. 19ئەگەر هەرکەسێک لە دەرگاکانی ماڵەکەی تۆوە بچێتە دەرەوە خوێنی خۆی لەسەر خۆی دەبێت و ئێمە بێتاوان دەبین، بەڵام هەر یەکێک لەگەڵ تۆ لە ماڵەکەتدا بێت، ئەگەر دەستدرێژییەکی کرایە سەر ئەوا خوێنی لەسەر ئێمە دەبێت. 20هەروەها ئەگەر ئەم کارەی ئێمە بدرکێنیت، ئێمە بێتاوان دەبین لەو سوێندەی کە بۆ تۆمان خوارد.»

21ڕاحابیش گوتی: «چۆنتان گوت، ئاوا دەبێت.»

ئیتر بەڕێی کردن و ڕۆیشتن، ئەویش گوریسە سوورەکەی بە پەنجەرەکەوە گرێ دا.

22پیاوەکان ڕۆیشتن و چوونە چیا و ماوەی سێ ڕۆژ لەوێ مانەوە، هەتا ئەوانەی بە شوێنیاندا دەگەڕان گەڕانەوە، لە دوای ئەوەی کە لە هەموو ڕێگاکاندا بەدوایاندا گەڕان و نەیاندۆزینەوە. 23ئینجا دوو پیاوەکە گەڕانەوە، لە چیاکە هاتنە خوارەوە و لە ڕووبارەکە پەڕینەوە، هاتنە لای یەشوعی کوڕی نون و هەموو بەسەرهاتەکەیان بۆ گێڕایەوە، 24بە یەشوعیان گوت: «بەڕاستی یەزدان هەموو خاکەکەی داوەتە دەستمانەوە و سەرجەم دانیشتووانی خاکەکەش بەهۆی ئێمەوە ڕەنگیان سپی بووە.»