یەشوع 18 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەشوع 18:1-28

دابەشکردنی ئەو زەوییانەی کە ماوەتەوە

1ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆ کۆبوونەوە و لەوێدا چادری چاوپێکەوتنیان هەڵدا، خاکەکەش خرایە ژێر ڕکێفیانەوە. 2بەڵام حەوت هۆز لە نەوەی ئیسرائیل مابوونەوە کە هێشتا میراتەکەی خۆیان وەرنەگرتبوو.

3جا یەشوع بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «هەتا کەی خاو دەبن لە چوونە ژوورەوە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێیداون؟ 4لە هەر هۆزێک سێ کەس بۆ خۆتان هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی بیاننێرم و بچن و بە خاکەکەدا بگەڕێن، بەگوێرەی میراتەکەیان ڕووپێو بکەن، پاشان بگەڕێنەوە بۆ لام. 5بۆ حەوت بەش دابەشی بکەن. جا یەهودا لەسەر سنوورەکەی خۆی لە باشوور دەمێنێتەوە و بنەماڵەی یوسفیش لەسەر سنوورەکەیان لە باکوور دەمێننەوە. 6ئێوەش خاکەکە بۆ حەوت بەش ڕووپێو بکەن و پاشان بیهێننەوە ئێرە، لێرە لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان تیروپشکتان بۆ دەکەم. 7بەڵام لێڤییەکان لەنێو ئێوەدا بەشیان نییە، چونکە کاهینیێتی یەزدان میراتی ئەوانە. گاد و ڕەئوبێن و نیوەی هۆزی مەنەشەش میراتی خۆیان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون وەرگرت، ئەوەی کە موسای بەندەی یەزدان پێیدان.»

8کاتێک پیاوەکان بۆ ڕووپێوی خاکەکە بەڕێکەوتن، یەشوع فەرمانی پێکردن و گوتی: «بڕۆن و بە خاکەکەدا بگەڕێن و وردەکارییەکانی بنووسن. پاشان وەرنەوە بۆ لام و منیش لێرە لەبەردەم یەزدان لە شیلۆ تیروپشکتان بۆ دەکەم.» 9ئینجا پیاوەکان ڕۆیشتن و بەناو خاکەکەدا گەڕان، بەگوێرەی شارۆچکەکان کردیان بە حەوت بەش، وردەکارییەکەیان تۆمار کرد، پاشان هاتنەوە بۆ لای یەشوع بۆ ئۆردوگاکە لە شیلۆ.

10یەشوعیش لە شیلۆ لەبەردەم یەزدان تیروپشکی بۆ کردن، لەوێ خاکەکەی بۆ نەوەی ئیسرائیل بەگوێرەی بەشەکانیان دابەش کرد.

بەشی بنیامین

11ئینجا تیروپشک بۆ هۆزی نەوەی بنیامین بەگوێرەی خێڵەکانیان کرا. سنووری تیروپشکەکەیان لەنێوان نەوەی یەهودا و نەوەی یوسفدا بوو.

12سنوورەکەیان لەلای باکوورەوە لە ڕووباری ئوردونەوە دەستی پێکرد و لە بناری ئەریحا لەلای باکوورەوە تێدەپەڕی، پاشان بە ناوچە شاخاوییەکەدا بەرەو ڕۆژئاوا دەچوو، هەتا نزیک چۆڵەوانی بێت‌ئاڤن. 13ئینجا سنوورەکە لەوێوە بەردەوام بوو بۆ باشووری بناری لوز کە بێت‌ئێلە و لەوێوە هاتە خوارەوە بۆ عەتەرۆت ئەدار لەسەر چیاکەی باشووری بێت‌حۆرۆنی خواروو.

14ئینجا سنوورەکە درێژ بووەوە و سووڕایەوە بەلای ڕۆژئاوای باشوور، لەو کێوەی کە بەرامبەر بێت‌حۆرۆنە لە باشوور و گەیشتە قیریەت بەعل کە قیریەت یەعاریمە، شارۆچکەیەکی نەوەی یەهودا بوو. ئەمە لای ڕۆژئاوا بوو.

15لای باشووریش لەوپەڕی قیریەت یەعاریمەوە دەستی پێکرد و سنوورەکە بەرەو ڕۆژئاوا چوو بۆ سەرچاوەی ئاوەکانی نەفتۆوەح. 16سنوورەکە بۆ دامێنی کێوەکەی بەرامبەر بە دۆڵی بەن‌هینۆم کە لە دۆڵی ڕفایمە لەلای باکوور دابەزی، لەوێشەوە دابەزی بۆ دۆڵی هینۆم بەلای لێژاییەکەی باشووری شاری یەبوسییەکاندا، ئینجا دابەزی بۆ کانی ڕۆگێل. 17ئینجا لە باکوورەوە ڕووەو کانی شەمەش درێژ بووەوە و بەردەوام بوو هەتا گەلیلۆت کە بەرامبەر بە ڕێگای هەورازی ئەدومیمە و ئینجا دابەزی بۆ بەردی بۆهەنی کوڕی ڕەئوبێن. 18بەردەوام بوو بۆ بنارەکەی بەرامبەر بە بێت‌عەراڤا بەلای باکووردا، ئینجا دابەزی بۆ دەشتایی عەراڤا. 19سنوورەکە بەردەوام بوو بۆ لای بناری باکووری بێت‌حۆگلە، لە کەنداوی باکووری دەریای مردوو18‏:19 دەریای مردوو: عیبری: دەریای خوێ.‏ کۆتایی هات، لە کۆتایی ڕووباری ئوردون لە باشوور. ئەمەش سنووری باشوورە.

20سنووری لای ڕۆژهەڵاتیش ڕووباری ئوردون بوو.

ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو لەگەڵ سنوورەکەی بە چواردەوریدا بەگوێرەی خێڵەکانیان.

21شارەکانی هۆزی نەوەی بنیامینیش بەگوێرەی خێڵەکانیان ئەمانە بوون:

ئەریحا، بێت‌حۆگلە، عێمەق قەچیچ، 22بێت‌عەراڤا، چەمارایم، بێت‌ئێل، 23عەڤیم، پارا، عۆفرا، 24کەفەر عەمۆنی، عۆفنی و گەڤەع، واتا دوازدە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.

25گبعۆن، ڕامە، بئێرۆت، 26میچپا، کەفیرا، مۆچە، 27ڕاقەم، یەرپەئێل، تەرەلا، 28چێلەع، هائەلەف، شاری یەبوسی کە ئۆرشەلیمە، گیڤعا و قیریەت، واتا چواردە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.

ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.