یەشوع 17 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەشوع 17:1-18

1ئینجا تیروپشک بۆ هۆزی مەنەشە بوو، چونکە ئەو نۆبەرەی یوسف بوو، بۆ ماکیری نۆبەرەی مەنەشە و باپیرە گەورەی گلعاد، چونکە ماکیرییەکان پیاوی جەنگ بوون، گلعاد و باشان بۆ ئەو بوون. 2تیروپشک بۆ نەوەکانی دیکەی مەنەشەش بەگوێرەی خێڵەکانیان بوو، بۆ نەوەی ئەبیعەزەر، حێلەق، ئەسریێل، شەخەم، حێفەر و شەمیداع بەگوێرەی خێڵەکانیان بوو. ئەمانە نەوە نێرینەکانی کوڕانی مەنەشەی کوڕی یوسفن.

3بەڵام سەلۆفحادی کوڕی حێفەری کوڕی گلعادی کوڕی ماکیری کوڕی مەنەشە هیچ کوڕی نەبوو، بەڵکو کچی هەبوو، ئەمەش ناوی کچەکانییەتی، مەحلە، نۆعا، حۆگلە، میلکە و تیرزە. 4جا چوونە پێش بۆ لای ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکان و گوتیان: «یەزدان فەرمانی بە موسا کرد کە لەناو براکانمان میراتمان بدرێتێ.» ئیتر یەشوع بەپێی فەرمانی یەزدان لەنێو براکانی باوکیان میراتی پێدان. 5مەنەشە دە بەشی بەرکەوت، بێجگە لە زەوی گلعاد و باشان کە لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە بوو بەلای ڕۆژهەڵاتەوە، 6چونکە کچانی هۆزی مەنەشە لەگەڵ کوڕەکانی میراتیان وەرگرت. زەوی گلعادیش بۆ ئەوانی دیکە بوو لە نەوەی مەنەشە.

7سنووری مەنەشەش لە ئاشێرەوە بۆ میخمەتات بوو کە ڕۆژهەڵاتی شەخەمە. سنوورەکە بەلای باشووردا درێژ بووەوە بۆ لای دانیشتووانی کانی تەپووەح. 8شاری تەپووەح لەسەر سنووری مەنەشە تایبەت بوو بە نەوەی ئەفرایم، بەڵام ناوچەکانی دەوروبەری شاری تەپووەح تایبەت بوون بە مەنەشە. 9ئینجا سنوورەکە بەرەو باشوور دابەزی بۆ شیوی قانا. ئەمانە شارۆچکەکانی ئەفرایم بوون لەنێو شارۆچکەکانی مەنەشە، سنووری مەنەشەش لە باکووری شیوەکە بوو، کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست17‏:9 لەلای دەریای سپی ناوەڕاست: عیبری: لەلای دەریاوە.‏ بوو. 10لەلای باشوورەوە خاکەکە بۆ ئەفرایم بوو، لەلای باکووریشەوە بۆ مەنەشە بوو. دەریاش سنووری بوو، لەلای باکوورەوە گەیشتە ئاشێر و لەلای ڕۆژهەڵاتیشەوە گەیشتە یەساخار.

11جا لەناو یەساخار و ئاشێر ئەم شارۆچکانە و دەوروبەریان بۆ مەنەشە بوون: بێت‌شان، یەڤلەعام، دانیشتووانی دۆر، سێ بەرزاییەکانی کانی دۆر، تەعنەک و مەگیدۆ.

12بەڵام نەوەی مەنەشە نەیانتوانی دەست بەسەر ئەو شارۆچکانەدا بگرن، چونکە کەنعانییەکان سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لەو خاکەدا. 13کاتێک نەوەی ئیسرائیل بەهێزتر بوون بێگارییان بە کەنعانییەکان کرد، بەڵام بە تەواوی دەریاننەکردن.

14ئینجا نەوەی یوسف لەگەڵ یەشوعدا دوان و گوتیان: «بۆچی یەک تیروپشک و یەک بەشت وەک میرات پێداوین، لەگەڵ ئەوەی ئێمە گەلێکی زۆرین، چونکە هەتا ئێستاش یەزدان هەر بەرەکەتداری کردووین؟»

15یەشوعیش وەڵامی دانەوە: «ئەگەر ئێوە گەلێکی زۆرن، سەربکەون بۆ دارستان لەوێ بۆ خۆتان زەوی پریزی و ڕفائییەکان پاک بکەنەوە، ئەگەر ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم تەنگە بۆتان.»

16نەوەی یوسفیش گوتیان: «ناوچە شاخاوییەکە بەشمان ناکات و هەموو کەنعانییەکانی دانیشتووی دۆڵەکەش گالیسکەی ئاسنینیان هەیە، ئەوانەی لە بێت‌شان و دەوروبەری و ئەوانەی لە دۆڵی یەزرەعیلن.»

17ئینجا یەشوع بە بنەماڵەی یوسف، بە نەوەی ئەفرایم و مەنەشەی گوت: «ئێوە گەلێکی زۆرن و توانایەکی مەزنتان هەیە، لەبەر ئەوە تەنها یەک تیروپشکتان نابێت، 18بەڵکو ناوچە شاخاوییەکەش بۆ ئێوە دەبێت، چونکە دارستانیشی هەیە، جا بیبڕنەوە و هەتا کۆتایی سنوورەکەی دەستی بەسەردا بگرن، ئینجا کەنعانییەکان دەردەکەن، هەرچەندە گالیسکەی ئاسنینیان هەبێت و بەهێزیش بن.»