یەشوع 16 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەشوع 16:1-10

بەشەکانی مەنەشە و ئەفرایم

1تیروپشک بۆ بەشی نەوەی یوسف دەرچوو، لە ڕووباری ئوردون لەلای ئەریحا هەتا ئاوی ئەریحا بوو، بەرەو ڕۆژهەڵات هەتا ئەو چۆڵەوانییەی لە ئەریحاوە سەردەکەوێت بۆ ناوچە شاخاوییەکانی بێت‌ئێل، 2لە بێت‌ئێلیشەوە کە پێی دەگوترێ لوز، بەردەوام بوو بۆ سنووری ئەرکییەکان لە عەتەرۆت و 3لەوێشەوە ڕووەو ڕۆژئاوا دابەزی بۆ سنووری یەفلێتییەکان و بۆ سنووری بێت‌حۆرۆنی خواروو و بۆ گەزەر و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست16‏:3 لەلای دەریای سپی ناوەڕاست: عیبری: لەلای دەریاوە، لێرە و لە ئایەتی 8.‏ بوو.

4جا نەوەکانی یوسف مەنەشە و ئەفرایم میراتی خۆیان وەرگرت.

5ئەمانەش سنووری نەوەی ئەفرایم بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان:

سنووری میراتەکەیان لە ڕۆژهەڵات، عەتەرۆت ئەدار بوو، هەتا بێت‌حۆرۆنی ژووروو، 6ئینجا سنوورەکە بەرەو دەریا چوو، لە میخمەتات ڕووەو باکوور، بەلای ڕۆژهەڵاتدا سووڕایەوە بۆ تانەس شیلۆ و پەڕییەوە بۆ یانۆوەح لەلای ڕۆژهەڵات. 7سنوورەکە لە یانۆوەحەوە دابەزی بۆ عەتەرۆت و نەعەرا و چوو بۆ ئەریحا و گەیشتە ڕووباری ئوردون. 8ئینجا سنوورەکە لە تەپووەح درێژبووەوە بەرەو ڕۆژئاوا بۆ شیوی قانا و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو. ئەمە میراتی هۆزی نەوەی ئەفرایم بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان،

9لەگەڵ ئەو شارۆچکانەی لەناو میراتی نەوەی مەنەشەدا بۆ نەوەی ئەفرایم جیا کرابوونەوە، هەموو شارۆچکە و گوندەکانیان.

10کەنعانییەکانی دانیشتووانی گەزەریان دەرنەکرد، ئیتر کەنعانییەکان هەتا ئەمڕۆش لەگەڵ ئەفرایمدا نیشتەجێن و وەک کۆیلە بێگارییان پێدەکەن.