یەشوع 13 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەشوع 13:1-33

خاکی دەستبەسەردانەگیراو

1کاتێک یەشوع پیر بوو و چووە ساڵەوە، یەزدانیش پێی فەرموو: «تۆ پیر بوویت و چوویتە ساڵەوە، هێشتا چەند خاکێکی زۆریش ماوە دەستی بەسەردا بگیردرێت.

2«ئەمە ئەو خاکەیە کە ماوەتەوە:

«هەموو ناوچەکانی فەلەستی و گەشوورییەکان، 3لە ڕووباری شیحۆرەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی میسرە هەتا سنووری عەقرۆن لە باکوور کە سەر بە کەنعانییەکانە، سنووری پێنج ڕابەرە13‏:3 لێرەدا بە وشەی زمانی کۆنی فەلەستی (سێرێن) هاتووە، واتا هەر یەکێک لەو پێنج شارەی فەلەستییەکان ڕابەری خۆی هەبوو، کە لە هەمان کاتدا سەرکردەی لەشکری شارەکەش بووە.‏ فەلەستییەکان، لە غەزە، ئەشدۆد، ئەسقەلان،

گەت و عەقرۆن، عەقرۆنی خاکی عەڤییەکان. 4لە باشوورەوە:

هەموو خاکی کەنعانییەکان و عارا کە هی سەیدائییەکانە هەتا ئەفێق و سنووری ئەمۆرییەکان،

5خاکی جوبەیلییەکان13‏:5 شاری جوبەیل شارێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 لەمەوپێش، ئەمرۆ بە دووری 38 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەیروت.‏

و هەموو ناوچەکانی لوبنان بەرەو ڕۆژهەڵات، لە بەعل‌گاد بناری چیای حەرمۆنەوە هەتا دەروازەی حەمات.

6«من خۆم هەموو دانیشتووانی چیا لە لوبنانەوە هەتا میسرەفۆت مەیم، هەموو سەیدائییەکان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا دەردەکەم. دەبێت تۆش ئەم خاکانە بە تیروپشک بە میرات بۆ ئیسرائیل دابەش بکەیت، بەو شێوەیەی فەرمانم پێ کردیت، 7ئێستاش بەسەر نۆ هۆز و نیوەی هۆزی مەنەشەدا بە میرات دابەشی بکە.»

دابەشکردنی خاکی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون

8ڕەئوبێنی و گادییەکان بەشی خۆیان لەگەڵ نیوەکەی دیکەی مەنەشە وەرگرت کە موسای بەندەی یەزدان بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونی پێدابوون.

9لە عەرۆعێرەوە کە لە کەناری دەربەندی ئەرنۆنە و لە شارۆچکەکەی ناوەڕاستی دەربەندەکەوە، هەموو دەشتە بەرزەکەی مادەبا هەتا دیڤۆن، 10هەموو شارۆچکەکانی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان کە لە حەشبۆنەوە هەتا سنووری عەمۆنییەکان فەرمانڕەوایەتی دەکرد.

11هەروەها گلعاد و سنوورەکانی گەشووری و مەعکائییەکان، هەموو چیای حەرمۆن، هەموو باشان هەتا سەلخە لەخۆ دەگرت، 12واتا هەموو شانشینی عۆگ لە باشان کە لە عەشتارۆت و ئەدرەعی پاشایەتی دەکرد، ئەویش لە پاشماوەی ڕفائییەکان مابووەوە کە موسا کاتی خۆی لێیدان و دەریکردن. 13نەوەی ئیسرائیل گەشوورییەکان و مەعکائییەکانیان دەرنەکرد، ئیتر هەتا ئەمڕۆش گەشووری و مەعکائی لەنێو ئیسرائیلدا نیشتەجێن.

14بەڵام موسا میراتی بە هۆزی لێڤی نەدا، لەبەر ئەوەی قوربانییە بە ئاگرەکانی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل میراتی ئەوانە، هەروەک یەزدان بە موسای فەرموو.

15ئەو خاکانەی موسا بە هۆزی نەوەی ڕەئوبێنی دابوو، بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەمانە بوون:

16سنووریان لە عەرۆعێرەوە کە لەسەر کەناری دەربەندی ئەرنۆنە و لە شارۆچکەکەی ناوەڕاستی دەربەندەکەوە، هەموو دەشتە بەرزەکە لە مادەبایەوە 17هەتا شاری حەشبۆن و هەموو شارۆچکەکانی کە لە دەشتە بەرزەکەیە، کە دیڤۆن، بامۆت‌بەعل، بێت‌بەعل‌مەعۆن، 18یەهەچ، قەدێمۆت، مێفەعەت، 19قیریاتەیم، سیڤما، چەرەت شەحەر لەسەر کێوەکەی نێو دۆڵەکە، 20بێت‌پەعۆر، بنارەکانی پسگە، بێت‌یەشیمۆت لەخۆ دەگرێت، 21هەموو شارۆچکەکانی دەشتە بەرزەکە و هەموو شانشینی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوایەتی دەکرد. موسا کاتی خۆی سیحۆنی لەگەڵ سەرۆکەکانی میدیاندا شکاندبوو، واتا ئاڤی، ڕاقەم، چوور، حوور و ڕێڤەع، میرە هاوپەیمانەکانی سیحۆن کە لەو خاکەدا دەژیان. 22نەوەی ئیسرائیل بەلعامی کوڕی بەعۆری فاڵگرەوەشیان بە شمشێر لەگەڵ کوژراوەکانیان کوشت.

23جا سنووری نەوەی ڕەئوبێن کەناری ڕووباری ئوردون بوو. ئەمە میراتی نەوەی ڕەئوبێنە بەگوێرەی خێڵەکانیان، شارۆچکە و گوندەکانیان.

24ئەو خاکانەی موسا بە هۆزی نەوەی گادی دابوو، بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەمانە بوون:

25سنوورەکانیان یەعزێر و هەموو شارۆچکەکانی گلعاد و نیوەی خاکی عەمۆنییەکان هەتا عەرۆعێر کە لە نزیک ڕەبەیە، 26لە شاری حەشبۆنەوە هەتا ڕامای میچپا و بەتۆنیم، لە مەحەنەیمەوە هەتا سنووری دەڤیر، 27لە دۆڵەکەش بێت‌هارام، بێت‌نیمرا، سوکۆت و چافۆن، پاشماوەکەی شانشینی سیحۆنی پاشای حەشبۆن، بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون کە سنوورەکانی هەتا قەراغی دەریاچەی جەلیلە.

28ئەمە میراتی نەوەی گادە بەگوێرەی خێڵەکانیان، شارۆچکە و گوندەکانیان.

29ئەو خاکانەی موسا دابوویە نیوەی هۆزی مەنەشە، واتا بۆ نیوەی نەوەی مەنەشە، بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەمانە بوون:

30سنوورەکەیان لە مەحەنەیمەوە هەموو باشان، هەموو شانشینی عۆگی پاشای باشان، هەموو ئاوەدانییەکانی یائیر کە لە باشانە، شەست شارۆچکە و 31نیوەی گلعاد و عەشتارۆت و ئەدرەعی،

شارەکانی شانشینی عۆگ لە باشان بۆ نەوەی ماکیری کوڕی مەنەشە بوون، بۆ نیوەی نەوەی ماکیر بەگوێرەی خێڵەکانیان.

32ئەمە ئەوە بوو کە موسا لە دەشتەکانی مۆئاب لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا کردی بە میرات. 33بەڵام موسا میراتی نەدا بە هۆزی لێڤی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل میراتی ئەوان بوو، هەروەک بەڵێنی پێدابوون.