یەشوع 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەشوع 11:1-23

بەزاندنی پاشاکانی باکوور

1ئینجا کاتێک یاڤینی پاشای حاچۆر ئەمەی بیستەوە، نێردراوی نارد بۆ لای یۆڤاڤی پاشای مادۆن و پاشای شیمرۆن و پاشای ئەکشاف و 2ئەو پاشایانەی لە باکوور لە چیان و لە دەشتایی عەراڤا خوارووی کینەرەت و لە زوورگەکانی خۆرئاوا و لە بەرزاییەکانی دۆرە لە ڕۆژئاوا، 3کەنعانییەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەمۆری و حیتی و پریزی و یەبوسییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان و حیڤییەکانی بناری حەرمۆن لە خاکی میچپا. 4جا خۆیان و هەموو لەشکرەکانیان لەگەڵیان هاتنە دەرەوە، سوپایەکی گەورە وەک لمی کەناری دەریا، بە ئەسپ و گالیسکەیەکی زۆر زۆرەوە. 5ئینجا هەموو ئەو پاشایانە لە کاتی دیاریکراودا کۆبوونەوە و هاتن، لەلای جۆگەی مێرۆم چادریان هەڵدا بۆ ئەوەی لە دژی ئیسرائیل بجەنگن.

6یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «لێیان مەترسە، چونکە سبەینێ لەم کاتەدا هەموویان بە کوژراوی فڕێدەدەمە بەردەم ئیسرائیل، جا دەماری پێی ئەسپەکانیان ببڕەوە و گالیسکەکانیان بە ئاگر بسووتێنە.»

7ئینجا یەشوع و هەموو جەنگاوەرەکان لەگەڵیدا لەناکاو لە نزیک جۆگەی مێرۆم هاتنە سەریان. 8یەزدانیش ئەوانی دایە دەست ئیسرائیل، ئەوانیش لێیان دان و دەریانپەڕاندن هەتا سەیدائی مەزن و میسرەفۆت مەیم و دۆڵی میچپا لە ڕۆژهەڵات، جا لێیان دان هەتا کەسیان لێیان نەهێشت. 9یەشوع ئەوەی پێکردن کە یەزدان پێی فەرموو، دەماری پێی ئەسپەکانی ئەوانی بڕی و گالیسکەکانی سووتاندن.

10ئینجا لەو کاتەدا یەشوع گەڕایەوە و شاری حاچۆری گرت و بە شمشێر لە پاشاکەی دا. پێشتر حاچۆر پایتەختی هەموو ئەو پاشایەتییانە بوو. 11هەموو گیانێک کە تێیدابوو دایانە بەر زەبری شمشێر، بە تەواوی قڕیان کردن11‏:11 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏ و هەناسەیەکی تێدا نەما، حاچۆریشیان سووتاند.

12ئینجا یەشوع هەموو ئەو شارانەی کە پاشایان هەبوو بە پاشاکانیانەوە گرتی و دایە بەر زەبری شمشێر، بە تەواوی قڕی کردن، هەروەک موسای بەندەی یەزدان فەرمانی دابوو. 13بەڵام ئیسرائیل ئەو شارانەی نەسووتاند کە لەسەر گردەکان بوون، تەنها حاچۆر، یەشوع بە تەنها ئەوی سووتاند. 14نەوەی ئیسرائیل هەموو دەستکەوتەکانی ئەو شارانە و ئاژەڵە ماڵییەکانیان بۆ خۆیان تاڵان کرد. بەڵام هەموو دانیشتووانەکانیان دایە بەر شمشێر هەتا بە تەواوی لەناویانبردن، هیچ زیندووێکیان تێدا نەهێشتەوە. 15هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسای بەندەی کردبوو، موساش ئاوا فەرمانی بە یەشوع کرد و یەشوعیش ئاوای کرد، هیچ شتێکی پشتگوێ نەخست، لە هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.

16جا یەشوع هەموو ئەو خاکانەی گرت: ناوچە شاخاوییەکە و هەموو نەقەب و هەموو خاکی گۆشەن و زوورگەکانی خۆرئاوا و دەشتایی عەراڤا و چیاکانی ئیسرائیل و زوورگەکانی، 17لە کێوی حالاقەوە کە بەرەو سێعیر سەردەکەوێت هەتا بەعل‌گاد لە دۆڵی لوبنان لە بناری چیای حەرمۆن، هەموو پاشاکانیشی گرتن و لێیدان و کوشتنی. 18یەشوع ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو پاشایانەدا جەنگا، 19هیچ شارێک پەیمانی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبەست، تەنها حیڤییەکانی دانیشتووی گبعۆن نەبێت، بەڵکو هەموویانی بە جەنگ گرت، 20چونکە یەزدان خۆی دڵیانی ڕەقکردبوو، هەتا لە جەنگدا بەرەنگاری ئیسرائیل ببنەوە، جا قڕ بکرێن و بەزەییان بەسەرەوە نەبێت، بەڵکو بە تەواوی لەناویان ببات، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.

21لەو کاتەدا یەشوع چوو و عەناقییەکانی لە کێوی حەبرۆن و دەڤیر و عەناڤ و هەموو ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا و هەموو ناوچە شاخاوییەکانی ئیسرائیل بنبڕ کرد. یەشوع لەگەڵ شارۆچکەکانیاندا بە تەواوی قڕی کردن. 22جا لە خاکی نەوەی ئیسرائیلدا عەناقییەکان نەمان، بەڵام هەندێکیان لە غەزە و گەت و ئەشدۆد مانەوە. 23ئینجا یەشوع هەموو خاکەکەی گرت، بەپێی هەموو ئەوەی یەزدان بە موسای فەرمووبوو، یەشوع بەگوێرەی بەش و هۆزەکانیان بە میرات بە ئیسرائیلی دا.

ئینجا خاکەکە لە جەنگ پشووی دا.