یەرمیا 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 9:1-26

1خۆزگە سەرم گۆمی ئاو بووایە و

چاوەکانم جۆگەی فرمێسک،

جا شەو و ڕۆژ دەگریام

بۆ کوژراوەکانی گەلەکەم.

2خۆزگە دیوەخانێکم لە چۆڵەوانی هەبووایە،

جا وازم لە گەلەکەم دەهێنا و لەلای دەڕۆیشتم،

چونکە ئەوان هەموو داوێنپیسن و

کۆمەڵی ناپاکانن.

3«زمانیان ئامادە دەکەن

وەک کەوانێک بۆ هاویشتنی درۆ،

بەسەر خاکەکەدا زاڵ بوون،

بەڵام بە ڕێگای ڕاستی نەبوو،

چونکە لە خراپەیەکەوە دەچنە خراپەیەکی دیکە،

بەڵام دان بە مندا نانێن.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

4«با هەریەکە وریای خۆی بێت لە برادەرەکەی،

پشت بە هیچ برایەک مەبەستن،

چونکە هەموو برایەک وەک یاقوب هەڵخەڵەتێنەرە9‏:4 بڕوانە چیرۆکی یاقوب لە پەیدابوون 27‏:36‏.‏ و

هەموو برادەرێک بوختانکەرە.

5هەرکەسە و برادەری خۆی فریودەدات،

کەس بە ڕاستی نادوێت.

زمانی خۆیان بە درۆ ڕاهێناوە،

خۆیان لە خراپە ماندوو بوون.

6تۆ لەناو فرتوفێڵ دادەنیشیت،

بە فرتوفێڵ ڕەتیان کردەوە دان بە مندا بنێن.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

7لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا من دەیانپاڵێوم و تاقییان دەکەمەوە،

لەبەر گوناهەکانیان چارەسەرێکی دیکە نییە بۆ گەلەکەی من.

8زمانیان تیری کوشندەیە و

بە دەمیان فێڵ دەکەن.

هەرکەسە بە هاوڕێکەی دەڵێت، ”ئاشتی“،

بەڵام لە ناخییەوە بۆسەی بۆ دەنێتەوە.

9ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟

ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

10بۆ چیاکان گریان و شیوەن دەگێڕم،

بەسەر لەوەڕگاکانی چۆڵەوانیدا دەلاوێنمەوە،

چونکە ئەوان وێران بوون و کەس پێیدا تێناپەڕێت،

دەنگی مێگەل نابیسترێت،

باڵندەکانی ئاسمان ڕایانکرد،

ئاژەڵەکان ڕۆیشتن.

11«ئۆرشەلیم وێران دەکەم،

دەیکەمە داڵدەی چەقەڵ،

شارۆچکەکانی یەهودا دەکەمە کاولگە

بەبێ دانیشتووان.»

12کێ کەسێکی دانایە و ئەمە تێدەگات؟ کێ ئەوەی یەزدان فێری کرد دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە؟ بۆچی زەوی لەناوچوو، چۆڵەوانی وێران بوو، کەس ناتوانێت لێی بپەڕێتەوە؟

13یەزدان فەرمووی: «لەبەر ئەوەی وازیان لە فێرکردنەکەم هێنا، ئەوەی خستمە پێشیان پەیڕەویان نەکرد، گوێڕایەڵی من نەبوون. 14لەبری ئەوە، بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتن، بەدوای بەعلەکان کەوتن، کە باوباپیرانیان فێریان کردن.» 15لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من زەقنەبووت دەرخواردی ئەم گەلە دەدەم و ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم. 16بەناو چەندین نەتەوەدا پەرتیان دەکەم کە نە خۆیان و نە باوباپیرانیان نەیانناسیون، بە شمشێریش ڕاویان دەنێم هەتا لەناویان دەبەم.»

17یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«سەرنج بدەن! بانگی ژنە ماتەمگێڕەکان بکەن هەتا بێن،

بنێرن بەدوای ژنە شارەزاکان.

18با خێرا بێن و دەنگی شیوەن بەسەرماندا هەڵبڕن،

چاوەکانمان فرمێسک بڕێژێت و

پێڵووەکانمان ئاویان لێ هەڵبقوڵێت.

19دەنگی شیوەن لە سییۆنەوە بیسترا،

”چۆن تێکدراین!

چەند شەرمەزار بووین!

چونکە زەوییەکەمان بەجێهێشت،

چونکە ماڵەکانمان کاول کران.“»

20ئەی ژنان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،

گوێ لە فەرمایشتی دەمی ئەو بگرن.

کچەکانتان فێری شیوەن بکەن،

هەر ژنێکیش دەستەخوشکەکەی فێری ماتەم گێڕان بکات.

21مردن بە پەنجەرەکانمان هەڵگەڕا،

هاتە ناو قەڵاکانمانەوە،

بۆ قڕکردنی منداڵان لە کۆڵان و

لاوان لە گۆڕەپانەکان.

22بڵێ: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”تەرمی مرۆڤ دەکەوێت،

وەک زبڵ بەسەر ڕووی کێڵگەوە،

وەک چەپکی دوای دروێنەکەر،

کەس نییە کۆی بکاتەوە.“»

23یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«با دانا شانازی بە دانایی خۆی نەکات،

با پاڵەوان شانازی بە پاڵەوانیێتی خۆی نەکات،

با دەوڵەمەند شانازی بە دەوڵەمەندیێتی خۆی نەکات،

24بەڵکو ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بەمە بکات:

کە لە من تێدەگات و دەمناسێت،

کە من یەزدانم، ئەوەی خۆشەویستی نەگۆڕ و

دادوەری و ڕاستودروستی لەسەر زەوی دەهێنمە دی،

چونکە خۆشی لەمانە دەبینم.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

25یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە تەنها بە لەش خەتەنە کراون، 26خەڵکی میسر و یەهودا و ئەدۆم و عەمۆن و مۆئاب و قژبڕاوەکانی9‏:26 خەڵکێک بوون وەک نەریتێکی بتپەرستی پرچیان بڕیوە.‏ دانیشتووی چۆڵەوانی. هەموو نەتەوەکان خەتەنە نەکراون و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش دڵیان خەتەنە نەکراوە9‏:26 هەرچەندە بنەماڵەی ئیسرائیل جەستەیان خەتەنەکراوە، بەڵام ڕۆحیان تەرخان نەکراوە بۆ یەزدان.‏