یەرمیا 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 8:1-22

1«یەزدان دەفەرموێت: ”لەو کاتەدا، ئێسکی پاشا و پیاوە گەورەکانی یەهودا، ئێسکی کاهین و پێغەمبەران، ئێسکی دانیشتووانی ئۆرشەلیم لە گۆڕەکانیان دەردەهێنن. 2بۆ خۆر و مانگ و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان دەریدەخەن، ئەوانەی خۆشیان ویستن و ئەوانەی پەرستنیان و دوایان کەوتن و ڕاوێژیان پێ کردن و کڕنۆشیان بۆ بردن. کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە. 3هەموو ئەوانەی لەم نەتەوە بەدکارە ماونەتەوە، لە هەر شوێنێک کە دەرمکردن بۆی، مردنیان پێ لە ژیان چاکتر دەبێت. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.“

گوناه و سزا

4«پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”ئایا کەسێک بکەوێت هەڵناستێتەوە؟

یان کەسێک هەڵبگەڕێتەوە، ناگەڕێتەوە؟

5بۆچی ئەم گەلە هەڵگەڕایەوە؟

بۆچی خەڵکی ئۆرشەلیم بە بەردەوامی هەڵدەگەڕێنەوە؟

دەستیان بە فرتوفێڵ گرتووە،

ڕەتیانکردەوە بگەڕێنەوە.

6بە ئاگاییەوە گوێم شل کرد،

بەڵام ڕاستی ناڵێن.

کەس نییە لە خراپەی خۆی پەشیمان بێتەوە و

بڵێت: ’چیم کرد؟‘

هەریەکە و گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوەکەی خۆی،

وەک ئەسپێکی بە تاو بۆ ناو جەنگ.

7تەنانەت لەقلەق لە ئاسمان

کاتی خۆی دەزانێت،

کۆتر و پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵەش

کاتی هاتنی خۆیان ڕەچاو دەکەن،

بەڵام گەلەکەی من نازانن

یەزدان داوای چییان لێ دەکات.

8«”ئێوە چۆن دەڵێن: ’ئێمە داناین،

چونکە فێرکردنی یەزدانمان لەلایە،‘

لە کاتێکدا پێنووسی درۆی مامۆستایانی تەورات

بۆ درۆ دەستبەکار بوو؟

9داناکان ڕیسوا دەبن،

دەتۆقن و پێوە دەبن.

ئەوەتا فەرمایشتی یەزدانیان ڕەتکردەوە،

ئیتر چ داناییەکیان هەیە؟

10لەبەر ئەوە ژنەکانیان دەدەمە خەڵکی دیکە،

کێڵگەکانیان بەوانەی میراتگریانن،

چونکە لە بچووکەوە هەتا گەورە

هەموو پەرۆشی قازانجن،

لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین

هەموو ساختە دەکەن.

11برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و

دەڵێن، ’ئاشتی، ئاشتی!‘

بەڵام ئاشتی نییە.

12ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟

نەخێر! شەرمەزار نەبوون،

هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.

لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،

لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.“»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

13یەزدان دەفەرموێت: «”دروێنەکەیان لێ دەبەم،

نە ترێ بە مێوەوە دەمێنێت،

نە هەنجیر بە دار هەنجیرەوە،

گەڵاکانیش سیس دەبن.

ئەوەی دەیاندەمێ لەلایان نامێنێت.“»

14«ئێمە بۆچی دانیشتووین؟

با کۆببینەوە!

با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان و

لەوێ لەناوبچین!

یەزدانی پەروەردگارمان بڕیاری لەناوچوونی ئێمەی داوە،

ئاوی ژەهراویمان دەرخوارد دەدات،

لەبەر ئەوەی لە دژی یەزدان گوناهمان کرد.

15چاوەڕێی ئاشتی بووین،

بەڵام چاکە نەبوو.

چاوەڕێی کاتی چاکبوونەوە بووین،

بەڵام ئەوەتا تۆقین.

16پڕمەی ئەسپەکانی ئەو

لە دانەوە دەبیسترێت،

لە دەنگی حیلەی ئەسپە بەهێزەکانی

هەموو زەوی دەلەرزێت،

جا هاتن بۆ ئەوەی بخۆن،

زەوی و هەرچی تێیدایە،

شار و دانیشتووانەکەی.»

17«ئاگاداربن، ماری ژەهراوی دەنێرمە سەرتان،

کە نوشتەیان لێ ناکرێت،

ئینجا پێتانەوە دەدەن.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

18ئەی خودایە، تۆ دڵنەوایی خەمی منیت،

دڵم دەردەدارە.

19ئەوەتا دەنگی هانای گەلەکەم

لە خاکێکی دوورەوە دێت:

«ئایا یەزدان لە سییۆن نییە؟

یان پاشاکەی تێیدا نییە؟»

«بۆچی بە پەیکەرە داتاشراوەکانیان پەستیان کردم،

بە بتە هیچوپووچە بێگانەکان؟»8‏:19 ئەمە بەشێکە لە فەرمایشتی خودا.‏

20«دروێنە تێپەڕی،

هاوین تەواو بوو،

ئێمەش ڕزگارمان نەبوو.»8‏:20 ئەمە قسەی گەلی خودایە.‏

21لەبەر وردوخاشبوونی گەلەکەم وردوخاش بووم،

خەمبارم، تۆقین دەستی بەسەردا گرتووم.

22ئایا لە گلعاد هەتووان8‏:22 مەرهەم بۆ ساڕێژبوونی برین.‏ نییە؟

ئایا پزیشک لەوێ نییە؟

ئیتر بۆچی برینی گەلەکەم

ساڕێژ نابێت؟