یەرمیا 50 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 50:1-46

پەیامێک سەبارەت بە بابل

1ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان سەبارەت بە بابل و خاکی بابلییەکان لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی:

2«لەنێو نەتەوەکان جاڕبدەن و ڕایبگەیەنن،

ئاڵا بەرز بکەنەوە و ڕابگەیەنن،

هیچ مەشارنەوە، بڵێن،

”بابل دەگیرێت،

بێل50‏:2 بێل یەکێکە لە خوداوەند و بتە ناودارەکانی سەردەمی شانشینی بابل.‏ بڕوانە ئیشایا 46‏:1. شەرمەزار دەبێت،

مەرۆداخ50‏:2 بێل یان مەرۆداخ یان مەردوخ، هەمان سەرۆکی خوداوەندەکانی بابلییەکان بوو.‏ بڕوانە ئیشایا 46‏:1. وردوخاش دەبێت.

پەیکەرەکانی شەرمەزار و

بتەکانی وردوخاش دەبن!“

3نەتەوەیەک لە باکوورەوە دێتە سەری،

خاکەکەی وێران دەکات،

ئاوەدانی تێدا نابێت،

لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ هەڵدێن.»

4یەزدان دەفەرموێت:

«لەو ڕۆژانە و لەو سەردەمە،

نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پێکەوە دێن،

بەدەم ڕێگاوە دەگریێن و ڕوو لە یەزدان دەکەن، خودای خۆیان.

5پرسیاری ڕێگای سییۆن دەکەن و

ڕووی تێ دەکەن.

دێنەوە و بە پەیمانێکی هەتاهەتایی کە لەبیر نەکرێت،

دەچنە پاڵ یەزدانی خۆیان.

6«گەلەکەم مەڕی ونبوو بوون،

شوانەکانیان گومڕایان کردن،

وێڵی ناو چیاکانیان کردن.

لەنێو چیا و گردەکان دەگەڕان،

جێی حەوانەوەی خۆیان لەبیر کرد.

7هەموو ئەوانەی تووشیان دەبوون لووشیان دەدان،

دوژمنانیان گوتیان: ”ئێمە تاوانبار نین،

لەبەر ئەوەی گوناهیان لە دژی یەزدان کرد،

کە شوێنی حەوانەوەی ڕاستەقینەیانە،

لە دژی یەزدان کە ئومێدی باوباپیرانیانە.“

8«لە بابل ڕابکەن،

خاکی بابلییەکان بەجێبهێڵن،

وەک نێرییەکانی پێش مێگەل بن،

9چونکە ئەوەتا من کۆمەڵە نەتەوەیەکی گەورە

لە خاکی باکوورەوە ڕادەپەڕێنم.

ئەوان لە دژی بابل ڕیز دەبەستن،

لە باکوور دەیگرن.

تیرەکانیان وەک پاڵەوانی شارەزایە،

بە دەستبەتاڵی ناگەڕێنەوە.

10خاکی بابل دەبێتە دەستکەوت،

ئەوەی دەستی بکەوێت لێی تێر دەبێت.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

11«ئەی تاڵانکەرانی میراتەکەم،

لەبەر ئەوەی دڵخۆش و شادمان بوون،

وەک مانگایەک گەنم بکوتێت هەڵدەبەزنەوە و

وەک ئەسپ حیلاندتان،

12دایکتان زۆر شەرمەزار دەبێت،

ئەوەی ئێوەی بووە ڕیسوا دەبێت.

دەبێتە دوایین نەتەوە،

دەبێتە چۆڵەوانی و بیابان و دەشتی ڕووت.

13لەبەر تووڕەیی یەزدان ئاوەدان نابێتەوە و

هەمووی دەبێتە چۆڵەوانی.

هەرکەسێک بە بابلدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت و فیکە لێدەدات،

لەبەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.

14«ئەی هەموو کەوان ڕاکێشان،

لە چواردەوری بابل ڕیز ببەستن.

تیربارانی بکەن! دەست مەپارێزن،

چونکە لە دژی یەزدان گوناهی کرد.

15لە هەموو لایەکەوە نەعرەتەی بەسەردا بکێشن!

خۆی بەدەستەوە دەدا، قوللەکانی دەکەون،

شووراکانی دەڕووخێن.

لەبەر ئەوەی ئەمە تۆڵەی یەزدانە،

تۆڵەی لێ بکەنەوە،

چی کرد، ئەوەی پێ بکەنەوە.

16وەرزێر لە بابل ببڕنەوە و

داس بەدەست لە کاتی دروێنە.

لە ڕووی شمشێری ستەمکار،

با هەریەکە بەرەو گەلەکەی خۆی بگەڕێتەوە،

با هەریەکە بەرەو خاکی خۆی هەڵبێت.

17«ئیسرائیل مێگەلێکی پەرتەوازەیە،

شێرەکان ڕاویان ناوە.

سەرەتا پاشای ئاشور لووشی دا،

ئینجا ئەمەی دوایی،

نەبوخودنەسری پاشای بابل،

ئێسکەکانی هاڕی.»

18لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:

«من پاشای بابل و خاکەکەی سزا دەدەم،

وەک چۆن پاشای ئاشورم سزا دا.

19بەڵام ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە ناو پاوانەکەی خۆی،

جا لە کارمەل و باشان دەلەوەڕێت،

لە شاخەکانی ئەفرایم و گلعادیش

تێر دەخوات.»

20یەزدان دەفەرموێت:

«لەو ڕۆژانەدا و لەو سەردەمەدا،

بەدوای تاوانی ئیسرائیلدا دەگەڕێن،

بەڵام نییەتی،

هەروەها بەدوای گوناهی یەهودا دەگەڕێن،

بەڵام هیچ نادۆزنەوە،

چونکە ئەوانەی کە دەیانهێڵمەوە لێیان خۆشدەبم.»

21یەزدان دەفەرموێت: «پەلاماری خاکی میراتەیم50‏:21 بە واتای دوو هێندە یاخیبوون.‏ و

دانیشتووانی پەقۆد50‏:21 بە واتای سزادان.‏ بدە.

ڕایانماڵە و بیانکوژە و بە تەواوی بیانبڕەوە50‏:21 وشەی لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏،

هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت بیکە.

22لە خاکەکە دەنگی جەنگە،

دەنگی تێکشکانێکی مەزن!

23چۆن تێکشکا و تەفروتونا بوو،

چەکوشی هەموو زەوی!

بابل چۆن وێران بوو

لەنێو نەتەوەکان!

24ئەی بابل، تەڵەم بۆت نایەوە،

بەبێ ئەوەی بزانی پێوەبوویت.

دۆزرایتەوە و گیرایت،

چونکە دژایەتی یەزدانت کرد.

25یەزدان جبەخانەکەی خۆی کردەوە و

چەکەکانی تووڕەیی خۆی دەرهێنا،

چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،

کارێکی هەیە لە خاکی بابلییەکان.

26لەوپەڕەوە وەرنە سەری!

ئەمبارەکانی بکەنەوە،

وەک کۆمەی دەغڵودان کەڵەکەی بکەن.

بە تەواوی قڕی بکەن،

پاشماوەی نەمێنێتەوە!

27هەموو جوانەگاکانی50‏:27 لەو کاتەوە گوێرەکەی نێر لە شیر دەبڕدرێتەوە پێ دەڵێن (نۆبەن) یان (جوانەگا).‏ بکوژن،

با بۆ سەربڕین ببردرێن!

قوڕبەسەریان! چونکە ڕۆژیان هات،

کاتی سزادانیان.

28لە خاکی بابلەوە گوێ لە دەنگی هەڵاتووان و دەربازبووان بگرن

لە سییۆن ڕایبگەیەنن

چۆن یەزدانی پەروەردگارمان تۆڵەی سەندەوە،

تۆڵەی پەرستگاکەی.

29«تیرهاوێژەکان بانگ بکەن لە دژی بابل،

هەموو کەوان بەدەستەکان.

لە هەموو لایەکەوە دابەزنە سەری،

با کەس دەرباز نەبێت.

بەگوێرەی کردەوەکەی سزای بدەن،

هەموو ئەوەی کردی پێی بکەنەوە،

چونکە لە ڕووی یەزدان وەستایەوە،

لە ڕووی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.

30لەبەر ئەوە لاوەکانی لە گۆڕەپانەکاندا دەکوژرێن و

لەو ڕۆژەدا هەموو جەنگاوەرەکانی لەناودەچن.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

31«ئەی بێ چاوەڕوو، ئەوەتا من لە دژی تۆم،

چونکە ڕۆژت هات،

کاتی سزادانت.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.

32«جا بێ چاوەڕووەکە ساتمە دەکات و دەکەوێت،

کەس هەڵیناستێنێتەوە،

منیش ئاگر بەردەدەمە شارۆچکەکانی و

هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.»

33یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«نەوەی ئیسرائیل چەوسێنراوەن،

هەروەها نەوەی یەهوداش.

هەموو ئەوانەی ڕاپێچیان کردن ئەوانیان گرت،

ڕازی نەبوون بەڕەڵایان بکەن.

34بەڵام ئەوەی دەیانکڕێتەوە بەهێزە،

ناوی یەزدانی سوپاسالارە.

بە چالاکی داکۆکی لە کێشەکەیان دەکات،

هەتا خاکەکە دەحەسێنێتەوە،

بەڵام دانیشتووانی بابل هەراسان دەکات.»

35یەزدان دەفەرموێت: «شمشێر لە دژی بابلییەکانە!

لە دژی دانیشتووانی بابلە و

لە دژی میر و پیاوە داناکانییەتی!

36شمشێر لە دژی قسە پووچەکانە!50‏:36 مەبەستی لەوانە کە بە درۆ بانگەشەی پێغەمبەرایەتییان دەکرد.‏

جا گێل دەبن.

شمشێر لە دژی پاڵەوانەکانییەتی!

جا دەتۆقن.

37شمشێر لە دژی ئەسپ و گالیسکەکانییەتی،

لە دژی هەموو سەربازە بێگانەکان لە ڕیزەکانی ئەو!

جا دەبن بە ژن.

شمشێر لە دژی گەنجینەکانییەتی!

جا تاڵان دەکرێن.

38وشکەساڵی لە دژی ئاوەکانییەتی!

جا وشک دەبن،

چونکە خاکی بتەکانە،

ئەو بتانەی شێتی و تۆقین دەهێنن.

39«لەبەر ئەوە دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار تێیدا دەژین،

کوندەپەپووی تێدا دەژیێت.

ئیتر هەرگیز کەسی تێدا نیشتەجێ نابێت،

نەوە دوای نەوە ئاوەدان نابێتەوە.

40وەک چۆن خودا سەدۆم و عەمۆرای سەرەوژێر کرد

لەگەڵ شارۆچکەکانی دەوروبەری،

هیچ مرۆڤێک لەوێدا نیشتەجێ نابێت،

هیچ ئادەمیزادێک بۆ ئەوێ ئاوارە نابێت.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

41«ئەوەتا! سوپایەک لە باکوورەوە دێت،

نەتەوەیەکی مەزن و چەندین پاشا،

لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێن.

42کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە،

دڵڕەقن و بەزەییان نییە.

دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و

سواری ئەسپ دەبن،

وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن

بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی شاری بابل.

43پاشای بابل هەواڵی ئەوانی بیست،

ورەی ڕووخا،

تووشی تەنگانە بوو،

تووشی ئازار بوو وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.

44ئەوەتا وەک شێرێک لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردونەوە سەردەکەوێت،

بەرەو لەوەڕگا دەوڵەمەندەکان،

ئاوا لە چاوتروکانێکدا لەوێ بابلییەکان ڕاودەنێم.

کێ هەڵبژێردراوە کە بیکەم بە سەرپەرشتیاری؟

کێ وەک منە و کێ کێشمەکێشم لەگەڵ دەکات؟

ئەو شوانە کێیە کە دەتوانێ لە ڕووی من بوەستێتەوە؟»

45لەبەر ئەوە ببیستن خودا چ پلانێکی لە دژی بابل داڕشتووە،

مەبەستی چی بووە لە دژی خاکی بابلییەکان بیکات:

بچووکەکانی مێگەلەکە ڕادەکێشرێن،

بەهۆی ئەوان بە تەواوی لەوەڕگاکانیان وێران دەکات.

46لە دەنگی گرتنی بابل زەوی دەلەرزێت،

قیژەیان دەگاتە ناو نەتەوەکان.