یەرمیا 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 5:1-31

کەس ڕاستودروست نییە

1«بەناو شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا هاتوچۆ بکەن،

ئێستا تەماشا بکەن و بزانن،

لەناو گۆڕەپانەکانی بگەڕێن.

ئەگەر یەکێکتان بینییەوە

دادپەروەر بێت و بەدوای ڕاستیدا بگەڕێت،

ئەوا من لەم شارە خۆشدەبم.

2هەرچەندە دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو،“

هێشتا بە درۆ سوێند دەخۆن.»

3ئەی یەزدان، ئایا چاوت بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت؟

لێت دان بەڵام ئازاریان پێ نەگەیشت،

تێکت شکاندن بەڵام ڕەتیانکردەوە تەمبێ بکرێن.

ڕووی خۆیان لە بەرد ڕەقتر کرد،

تۆبەکردنیان ڕەتکردەوە.

4بەڵام من گوتم: «ئەوانە هەژارن،

نەزان بوون،

چونکە ڕێگای یەزدان ناناسن و

نازانن خودا داوای چییان لێ دەکات.

5کەواتە دەچمە لای گەورە پیاوان و

قسەیان لەگەڵ دەکەم،

بێگومان ئەوان ڕێگای یەزدان دەناسن و

دەزانن خودا داوای چییان لێ دەکات.»

بەڵام ئەوان پێکەوە نیریان شکاند،

بەندیان پساند.

6لەبەر ئەوە لە دارستان شێر هێرشیان دەکاتە سەر،

گورگی بیابان دەیانفەوتێنێت،

پڵنگ لە دەوری شارۆچکەکانیان خۆی مات دەدات،

تاکو ئەوەی لێی بێتە دەرەوە پارچەپارچەی بکات،

چونکە یاخیبوونەکانیان زۆربوون،

هەڵگەڕانەوەکانیان گەورە بوون.

7«بۆچی دەبێت لێت خۆشبم؟

کوڕەکانت وازیان لێ هێنام و

سوێند بەوە دەخۆن کە خودا نییە.

کە تێرم کردن، داوێنپیسییان کرد،

پاڵەپەستۆیانە بۆ ماڵی لەشفرۆش.

8بوون بە ئەسپی خورت و بە عیتە،

هەریەکە بەسەر ژنی برادەرەکەیدا دەحیلێنێت.

9ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟

ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

10«سەربکەونە سەر پەرژینی ڕەزەمێوەکان و تێکیان بدەن،

بەڵام بە تەواوی مەیفەوتێنن.

لقەکانی لێ بکەنەوە،

چونکە هی یەزدان نین.

11بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا

بە تەواوی ناپاکییان لێکردم.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

12درۆیان بە دەمی یەزدانەوە کرد،

گوتیان، «ئەو هیچ ناکات!

بەڵامان بەسەرنایەت،

شمشێر و قاتوقڕی نابینین.

13پێغەمبەرەکان بوون بە هاژەی با،

وشەکە لەواندا نییە،

ئەوەی گوتیان بەسەریان دەهێنرێت.»

14لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت:

«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە ئەو قسانەیان کرد،

ئەوەتا من وتەکانم لە دەمی تۆدا دەکەمە ئاگر،

ئەم گەلەش دەکەم بە دار و دەیانخوات.»

15یەزدان دەفەرموێت: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل،

ئەوەتا من نەتەوەیەک لە دوورەوە دەهێنمە سەرتان،

نەتەوەیەکی پتەو و دێرینە،

نەتەوەیەکە زمانەکەیان نازانن،

لە قسەکردنیان تێناگەن.

16تیردانەکەی وەک گۆڕی دەم کراوەیە،

هەموو پاڵەوانن.

17دروێنە و نانت دەخوات،

کوڕ و کچت دەخوات،

مەڕ و مانگات دەخوات،

مێو و هەنجیرت دەخوات.

شارە قەڵابەندەکانت کە تۆ پشتت پێ بەستوون،

بە شمشێر دەفەوتێنێت.»

18یەزدان دەفەرموێت: «هەروەها لەو ڕۆژانەدا، کۆتاییتان پێ ناهێنم. 19جا کە دەڵێن: ”لەبەر چی یەزدانی پەروەردگارمان هەموو ئەمەی پێکردین؟“ پێیان دەڵێیت: ”لەبەر ئەوەی وازتان لێ هێنام و لە خاکەکەتان خوداوەندە بێگانەکانتان پەرست، ئاوا دەبێت بێگانە پەرستی بکەن لە خاکێک کە هی ئێوە نییە.5‏:19 وەک سزایەک خزمەتی بێگانەکان دەکەن و خوداوەندەکانی ئەوان دەپەرستن.‏

20«ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب ڕابگەیەنن و

با لەناو یەهودا ببیسترێت، بڵێن:

21ئەی گەلی گێل و بێ مێشک، ئێستا گوێ لەمە بگرن،

ئەی ئەوانەی چاوتان هەیە و نابینن،

گوێتان هەیە و نابیستن:

22ئایا لە من ناترسن؟»

هەروەها یەزدان دەفەرموێت:

«ئایا لەبەردەمی من نالەرزن؟

من کە لمم بۆ دەریا کرد بە سنوور،

بەربەستێکی هەتاهەتاییە و لێی تێناپەڕێت.

شەپۆل خۆی پێدا دەدات و سەرکەوتوو نابێت،

هاژەی دێت و تێناپەڕێت.

23بەڵام ئەم گەلە دڵێکی منجڕ و یاخی هەیە،

لەڕێ لایاندا و ڕۆیشتن.

24لە دڵی خۆیاندا ناڵێن،

”ئێستا با لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین،

ئەوەی باران دەبارێنێت، یەکەم باران و دوا باران لە وەرزی خۆی،

لە هەفتە دیاریکراوەکانی دروێنە دڵنیامان دەکاتەوە.“

25تاوانەکانتان ڕێگرییان لەم بەرەکەتانە کرد،

گوناهەکانتان لە چاکە بێبەشی کردن.

26«بەدکاران لەنێو گەلەکەمدا دەبینرێنەوە،

وەک ڕاوچی خۆیان ماتداوە و چاو دەگێڕن،

تەڵە دەنێنەوە و مرۆڤ دەگرن.

27وەک قەفەزی پڕ لە باڵدار،

ماڵەکانیان پڕە لە فێڵ،

لەبەر ئەمە گەورە و دەوڵەمەند بوون،

28قەڵەو و تێر بوون.

هەروەها لە خراپەکاریدا بێ سنوورن،

پارێزەرایەتییان بۆ سکاڵای هەتیو نەکرد هەتا سەرکەوتوو بن،

بەرگرییان لە مافی هەژاران نەکرد.

29ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟

ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

30«تۆقین و سەرسوڕماویێک

لە خاکەکەدا ڕوویدا:

31پێغەمبەرەکان بە درۆ پێشبینی دەکەن،

کاهینەکانیش بە ویستی خۆیان فەرمانڕەوایەتی دەکەن،

گەلەکەشم حەزیان لەم دۆخەیە.

بەڵام لە کۆتاییەکەیدا ئێوە چی دەکەن؟