یەرمیا 49 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 49:1-39

پەیامێک سەبارەت بە عەمۆن

1بۆ عەمۆنییەکان:

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئایا ئیسرائیل کوڕی نییە،

یان میراتگری نییە؟

بۆچی مۆلەخ گاد داگیر بکات و

گەلەکەشی لەناو شارۆچکەکانی ئەودا نیشتەجێ بن؟»

2یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا ڕۆژێک دێت،

وا دەکەم لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان،

نەعرەتەی جەنگ ببیسترێت،

جا دەبێتە گردێکی وێران و

شارۆچکەکانیشی بە ئاگر دەسووتێن،

ئیسرائیلیش داگیرکەرانی خۆی داگیر دەکات.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

3«ئەی حەشبۆن واوەیلا بکە، چونکە عای تەفروتونا بوو!

ئەی دانیشتووانی ڕەبە هاوار بکەن!

بەرگی لە گوش دروستکراو لەبەر بکەن و شین بگێڕن،

بەناو شووراکانیدا بسووڕێنەوە،

چونکە مۆلەخ ڕاپێچ دەکرێت،

خۆی و کاهین و پیاوە گەورەکانی.

4بۆ شانازی بە دۆڵەکانتەوە دەکەیت؟

بۆ شانازی بە دۆڵە پڕ بەروبوومەکانتەوە دەکەیت؟

ئەی کچی هەڵگەڕاوە،

ئەوەی پشت بە گەنجینەکانت دەبەستیت و دەڵێیت،

”کێ پەلامارم دەدات؟“»

5یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، دەفەرموێت:

«ئەوەتا من ترست دەهێنمە سەر

لە هەموو ئەوانەی دەوروبەرت.

جا هەریەکە لە ئێوە دەردەکرێت و

کەس نابێت ونبووان کۆبکاتەوە.

6«پاش ئەمە ڕاپێچکراوانی عەمۆنییەکان دەگەڕێنمەوە.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

پەیامێک سەبارەت بە ئەدۆم

7بۆ ئەدۆم:

یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«ئایا ئیتر دانایی لە تێمان نییە؟

ئایا ڕاوێژ لەلای تێگەیشتووان نەماوە؟

ئایا داناییەکەیان پووچەڵ بووەتەوە؟

8ئەی دانیشتووانی دیدان، بکشێنەوە و هەڵێن،

بڕۆن لە ئەشکەوتە قووڵەکان خۆتان بشارنەوە،

چونکە بەڵاکەی عیسۆی بەسەردەهێنم

لەو کاتەی سزای دەدەم.

9ئەگەر ڕەزبڕت49‏:9 ڕەزبڕ: ئەوەی بەرهەمی ڕەزی دەبڕێتەوە.‏ بۆ بێت،

ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟

ئەگەر بە شەو دزت بۆ بێت،

ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟

10بەڵام من عیسۆ ڕووت دەکەمەوە،

شوێنە نهێنییەکانی دەردەخەم،

ناتوانێت خۆی بشارێتەوە،

منداڵ و برا و دراوسێکانی تەفروتونا دەکرێت،

ئیتر کەس بە زیندوویی نامێنێتەوە بۆ ئەوی بڵێت:

11”هەتیوەکانت جێبهێڵە، من دەیانپارێزم،

با بێوەژنەکانت پشت بە من ببەستن.“»

12سەبارەت بەمە یەزدان دەفەرموێت: «ئەگەر ئەوانەی شایانی ئەوە نین لە جامەکە بخۆنەوە، بەڵام بە تەواوی خواردیانەوە، ئایا تۆ بە تەواوی بێ سزا دەبیت؟ بێ سزا نابیت، بەڵکو دەبێت بیخۆیتەوە. 13یەزدان دەفەرموێت: سوێندم بە خۆم خواردووە، کە بۆزرا وێران بێت، ڕیسوا بێت، بڕووخێت و نەفرەتبار بێت و هەموو شارۆچکەکانیشی هەتاهەتایە بە ڕووخاوی بمێنێتەوە.»

14هەواڵێکم لەلایەن یەزدانەوە بیست،

نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت:

«کۆببنەوە و پەلاماری بدەن،

هەستن بۆ جەنگ.»

15«ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە،

لەنێو مرۆڤدا ڕیسوا دەبیت.

16تۆ سامت لەسەر خەڵک هەبوو،

فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی،

ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد،

ئەوەی لەسەر بەرزایی گردیت،

تەنانەت ئەگەر وەک هەڵۆ هێلانەکەت لە بەرزایی دانێیت،

لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

17«ئەدۆم دەبێتە وێرانە،

هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت،

گاڵتەی پێ دەکات لەسەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.

18وەک سەرەوژێربوونی سەدۆم و عەمۆرا

و شارۆچکەکانی دەوروبەری،

هیچ مرۆڤێک لەوێدا نیشتەجێ نابێت،

هیچ ئادەمیزادێک بۆ ئەوێ ئاوارە نابێت.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

19«ئەوەتا وەک شێرێک لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردونەوە سەردەکەوێت،

بەرەو لەوەڕگا دەوڵەمەندەکان،

ئاوا لە چاوتروکانێکدا لەوێ ئەدۆمییەکان ڕاودەنێم.

کێ هەڵبژێردراوە کە بیکەم بە سەرپەرشتیاری؟

چونکە کێ وەک منە و کێ کێشمەکێشم لەگەڵ دەکات؟

ئەو شوانە کێیە کە دەتوانێ لە ڕووی من بوەستێتەوە؟»

20لەبەر ئەوە ببیستن خودا چ پلانێکی لە دژی ئەدۆم داڕشتووە،

مەبەستی چی بووە لە دژی دانیشتووانی تێمان بیکات:

بچووکەکانی مێگەلەکە ڕادەکێشرێن،

بەهۆی ئەوان بە تەواوی لەوەڕگاکانیان وێران دەکات.

21لە دەنگی کەوتنیان زەوی دەلەرزێت،

قیژەیان دەگاتە دەریای سوور49‏:21 عیبری سوف‏ واتا (زەل). دەشێت مەبەست لە دەریای سوف بێت، ئەو دەریایە بێت کە دەکەوێتە سەرووی باکووری کەنداوی سوێسی ئەمڕۆ، بەڵام لە دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ هەر بە دەریای سوور نووسراوە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:29‏.‏.

22تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەبێتەوە و دەفڕێت،

بەسەر بۆزرادا باڵەکانی لێک دەکاتەوە.

لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانانی ئەدۆم

وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.

پەیامێک سەبارەت بە دیمەشق

23بۆ دیمەشق:

«حەمات و ئەرپاد شەرمەزار بوون،

چونکە هەواڵێکی خراپیان بیست،

لە ترسان توانەوە،

وەک دەریا شڵەژاون و ئارام نابنەوە.

24دیمەشق هێزی لەبەر بڕا،

ڕووی وەرگێڕا بۆ هەڵاتن،

شڵەژا و تانگەتاو بوو

وەک ژنی ژانگرتوو.

25چۆن واز لە شارە بەناوبانگەکە نەهێنرا،

ئەو شارۆچکەیەی کە شوێنی شادی من بوو!

26بێگومان لەو ڕۆژەدا، لاوەکانی لەناو شەقامەکان دەکوژرێن،

هەموو جەنگاوەرەکانی لەناودەچن.»

ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

27«ئاگرێک لە دیواری دیمەشق بەردەدەم،

قەڵاکانی بەن‌هەدەد دەخوات.»

پەیامێک سەبارەت بە قێدار و حاچۆر

28بۆ قێدار و شانشینەکانی حاچۆر، ئەوەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لێیدا:

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەی بابلییەکان، هەستن هێرش ببەن بۆ قێدار،

خەڵکی ڕۆژهەڵات تەفروتونا بکەن.

29ڕەشماڵ و مەڕەکانیان دەبردرێن،

خێوەت و هەموو قاپوقاچاغەکانیان و

وشترەکانیان دەهێنرێن.

بانگیان بکەن:

”لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!“»

30یەزدان دەفەرموێت: «ڕابکەن و دوور هەڵێن!

ئەی دانیشتووانی حاچۆر، لە ئەشکەوتە قووڵەکان نیشتەجێ بن.

نەبوخودنەسری پاشای بابل لە دژی ئێوە ڕاوێژی کردووە،

لە دژی ئێوە پیلانی داناوە.

31«هەستن هێرش ببەنە سەر نەتەوەیەکی ئاسوودە،

بە پشت ئەستوورییەوە نیشتەجێیە.

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

نە دەرگا و نە شمشیرەی49‏:31 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.‏ هەیە،

بە تەنهایی نیشتەجێیە.

32وشترەکانیان بە تاڵان دەبردرێن و

ماڵاتی زۆریان دەبێتە دەستکەوت.

بە هەموو بایەک

قژبڕاوەکان49‏:32 بڕوانە یەرمیا 9‏:26 شەن دەکەم،

لە هەموو لایەکەوە کارەساتیان بەسەردەهێنم.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

33«حاچۆر بۆ هەتاهەتایە

دەبێتە داڵدەی چەقەڵ و چۆڵەوانی.

هیچ مرۆڤێک لەوێ نیشتەجێ نابێت،

هیچ ئادەمیزادێک ئاوارەی ئەوێ نابێت.»

پەیامێک سەبارەت بە ئیلام

34ئەو فەرمایشتەی یەزدان کە لە سەرەتای پاشایەتییەکەی سدقیای پاشای یەهودا بۆ یەرمیای پێغەمبەر هات، سەبارەت بە ئیلام، پێی فەرموو:

35یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا من کەوانی ئیلام دەشکێنم،

کە سەرچاوەی هێزیانە.

36چوار با لە هەر چوار لای ئاسمانەوە،

بەسەر ئیلامدا دەهێنم،

بەم چوار بایە شەنیان دەکەم،

هەتا نەتەوە نەبێت

کە دوورخراوەکانی ئیلامی بۆ نەچوو بێت.

37ئیلامییەکان لەبەردەم دوژمنانیان دەتۆقێنم،

لەبەردەم ئەوانەی دەیانەوێ بیانکوژن،

بەڵایان بەسەردەهێنم،

گڕی تووڕەییم.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«بە شمشێر ڕاویان دەنێم

هەتا کۆتاییان دەهێنم.

38تەختی خۆم لە ئیلام دادەنێم و

لەوێ پاشا و پیاوە گەورەکانی لەناودەبەم.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

39«بەڵام لە ئاییندەدا،

ڕاپێچکراوەکانی ئیلام دەگەڕێنمەوە.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.