یەرمیا 43 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 43:1-13

1یەرمیا هەموو فەرمایشتەکانی یەزدانی پەروەردگاریانی بە هەموو گەل ڕاگەیاند کە یەزدان پێی ڕایسپاردبوو. کاتێک تەواو بوو، 2عەزەریای کوڕی هۆشەعیا و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو پیاوە لووتبەرزەکان قسەیان لەگەڵ یەرمیا کرد و گوتیان: «تۆ درۆ دەکەیت! یەزدانی پەروەردگارمان تۆی نەناردووە هەتا بڵێت: ”مەچنە میسر بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بن.“ 3بەڵکو باروخی کوڕی نێرییا تۆی لە ئێمە هانداوە تاوەکو بماندەیتە دەست بابلییەکان، بۆ ئەوەی بمانکوژن یان بۆ بابل ڕاپێچمان بکەن.»

4ئیتر یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان و هەموو گەل کەسیان گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون هەتا لە خاکی یەهودا ئۆقرە بگرن. 5بەڵکو یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان، هەموو پاشماوەی یەهودایان برد، ئەوانەی لەناو ئەو نەتەوانەوە گەڕابوونەوە کە پەرتەوازە ببوون بۆ لایان، بۆ ئەوەی لە خاکی یەهودا بژین. 6پیاو و ژن و منداڵ و کچەکانی پاشا و هەموو ئەوانەیان برد کە نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لەلای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام کوڕی شافان بەجێی هێشتبوون. هەروەها یەرمیای پێغەمبەر و باروخی کوڕی نێرییاش لەگەڵیان بوون. 7جا چوونە ناو خاکی میسر، گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و هەتا تەحپەنحێس چوون.

8ئینجا لە تەحپەنحێس فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات، پێی فەرموو: 9«لەگەڵ دەستت هەندێک بەردی گەورە ببە و لەبەرچاوی پیاوانی یەهودا، بیانخە ژێر قوڕەوە، لەو بەردڕێژەی لە بەردەرگای کۆشکی فیرعەونە لە تەحپەنحێس. 10پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من دەنێرم و نەبوخودنەسری پاشای بابل، خزمەتکارەکەم، دەهێنم و تەختەکەی لەسەر ئەم بەردانە دادەنێم کە چەقاندم، ئەویش چەتری تەختەکەی بەسەردا هەڵدەدات. 11جا دێت و لە خاکی میسر دەدات، ئەوەی بۆ مردنە بۆ مردن، ئەوەی بۆ دیلیێتیە بۆ دیلیێتی، ئەوەی بۆ شمشێرە بۆ شمشێر. 12ئینجا ئاگر بەردەداتە پەرستگاکانی خوداوەندەکانی میسر، پەرستگاکان دەسووتێنێت و خوداوەندەکانیان ڕاپێچ دەکات. خاکی میسر لە خۆی دەپێچێتەوە، وەک چۆن شوان کەواکەی لە خۆی دەپێچێتەوە، ئینجا لەوێوە بە سەلامەتی دەردەچێت. 13کۆڵەکەکانی پەرستگای خۆر لە خاکی میسر دەشکێنێت، پەرستگاکانی خوداوەندەکانی میسر بە ئاگر دەسووتێنێت.“»