یەرمیا 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 4:1-31

1یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەڕایتەوە،

بگەڕێوە لای من.

ئەگەر بتە قێزەونەکانت لەبەردەمم لابدەی،

گومڕا نابیت،

2ئەگەر بە ڕاستی و دادپەروەری و ڕاستودروستییەوە

سوێند بخۆیت: ”بە یەزدانی زیندوو،“

ئەوسا نەتەوەکان بەو بەرەکەتدار دەبن و

شانازی بەوەوە دەکەن.»

3یەزدان ئەمە بە پیاوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەفەرموێت:

«زەوی بەیارتان بکێڵن و

لەناو دڕکوداڵدا مەچێنن.

4ئەی پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم،

خۆتان بۆ یەزدان خەتەنە4‏:4 ‏مەبەستی لە تەرخانکردنی دڵە بۆ دڵسۆزی بەرامبەر بە یەزدان.‏ بکەن،

دڵتان خەتەنە بکەن،

نەوەک تووڕەییم بجۆشێت و وەک ئاگر بسووتێنێت،

لەبەر خراپی کردەوەکانتان،

بسووتێنێت و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.»

بەڵایەک لە باکوورەوە

5«لە یەهودا ڕایبگەیەنن، لە ئۆرشەلیم دەنگتان ببیسترێت، بڵێن:

”لە خاکەکە فوو بە کەڕەنادا بکەن!“

بە دەنگی بەرز بانگەواز بکەن و بڵێن: ”کۆببنەوە!

با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان!“

6ئاڵا بەرز بکەنەوە بۆ چوونە سییۆن!

خۆتان بدەنە پەنا! ڕامەوەستن!

چونکە من لە باکوورەوە بەڵا دەهێنم،

تێکشکانێکی گەورە.»

7شێر لە لانەکەیەوە هاتە دەرەوە،

تێکشکێنەری نەتەوەکان بەڕێکەوت.

لە شوێنەکەی خۆی هاتە دەرەوە

بۆ ئەوەی خاکەکەت وێران بکات.

شارۆچکەکانت کاول دەبن

بێ ئاوەدانی دەبن.

8لەبەر ئەمە جلوبەرگی گوش4‏:8 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏ لەبەر بکەن،

لە خۆتان بدەن و واوەیلا بکەن،

چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان

هێشتا دانەمرکاوەتەوە.

9یەزدان دەفەرموێت: «جا ئەوە دەبێت لەو ڕۆژەدا،

پاشا و پیاوە گەورەکان جەرگبڕاو دەبن،

کاهینەکان دەحەپەسێن و

پێغەمبەرەکان واقیان وڕدەمێنێت.»

10جا گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، بێگومان ئەم گەلە و ئۆرشەلیمت بە تەواوی فریودا، فەرمووت: ”ئاشتیتان بۆ دەبێت،“ کەچی شمشێر گەیشتە گیانمان.»

11لەو کاتەدا بەم گەلە و بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «بای سووتێنەر لە گردۆڵکەکانی چۆڵەوانییەوە بەرەو گەلەکەم هەڵدەکات، نە بۆ شەن و نە بۆ جیاکردنەوە، 12بایەکی لەوە بەگوڕترە، لە منەوە دێت. ئێستاش من حوکمی خۆم بەسەریاندا ڕادەگەیەنم.»

13تەماشا بکەن! وەک هەورەکان سەردەکەوێت،

گالیسکەکانی وەک گەردەلوولە،

ئەسپەکانی لە هەڵۆ تیژڕەوترن.

قوڕبەسەرمان، وێران کراین!

14ئەی ئۆرشەلیم، دڵت لە خراپە بشۆوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت.

هەتا کەی بیروڕا خراپەکانت لە ناوەڕاستت دەمێنێتەوە؟

15دەنگێک لە دانەوە ڕادەگەیەنێت،

کارەسات لە شاخەکانی ئەفرایمەوە دەبیسترێت.

16«نەتەوەکان ئاگادار بکەنەوە،

با خەڵکی ئۆرشەلیم بیبیستن:

”ئابڵوقەدەران لە خاکێکی دوورەوە دێن،

بەسەر شارەکانی یەهودا دەنگیان بەرز دەکەنەوە.

17لە چواردەوری وەک پاسەوانانی کێڵگەیان لێهاتووە،

چونکە لە من یاخی بوون.“»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

18«ڕەفتار و کردەوەکانت

ئەمەیان پێکردیت،

ئەمە سزاکەتە،

چەند تاڵە!

چونکە گەیشتە دڵت.»

19ئەی ئازارم، ئەی ئازارم!

من لەتاو ئێشم دەتوێمەوە.

دڵم ژان دەکات!

دڵەکوتێمە، بێدەنگ نابم،

چونکە گوێم لە دەنگی کەڕەنا و نەعرەتەی جەنگ بوو.

20کارەسات لەدوای کارەسات دێت،

هەموو خاکەکە وێران بوو.

لەپڕ خێوەتەکانم وێران بوون،

لە چرکەیەکدا پەناگاکانم.

21هەتا کەی ئاڵای جەنگ دەبینم و

گوێم لە دەنگی کەڕەنا دەبێت؟

22«گەلەکەم گێلە و

من ناناسێت.

ئەوان کوڕی دەبەنگن،

ئەوان تێنەگەیشتوون،

ئەوان دانان بۆ کاری خراپە،

بەڵام نازانن چۆن چاکە بکەن.»

23تەماشای زەویم کرد،

بێ شێوە و بەتاڵ بوو،

بەرەو ئاسمانیش،

ڕووناکییەکەی نەمابوو.

24تەماشای چیاکانم کرد دەهەژان،

هەموو گردەکانیش لەق بوون.

25تەماشام کرد، هیچ کەسێک دیار نەبوو،

باڵندەکانی ئاسمانیش هەموو هەڵاتبوون،

26تەماشام کرد، باخەکان چۆڵەوانین و

هەموو شارۆچکەکانی کاول بوون

لەبەردەم یەزدان، لە ڕووی گڕی تووڕەییەکەی.

27سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:

«هەموو زەوی وێران دەبێت،

بەڵام بە تەواوی کۆتایی پێ ناهێنم.

28لەبەر ئەمە زەوی شیوەن دەگێڕێت،

ئاسمانیش لە سەرەوە تاریک دادێت،

لەبەر ئەوەی من قسەم کرد و پاشگەز نەبوومەوە،

بڕیارم دا و بڕیارەکەم ناگۆڕم.»

29لە دەنگی سوار و تیرهاوێژ

هەموو شارۆچکەکان ڕایانکرد.

هەندێک چوونە ناو دارستانەکان،

هەندێک سەرکەوتنە سەر بەردەکان.

هەموو شارۆچکەکان بەجێهێڵراون،

هیچ کەسێک تێیاندا نیشتەجێ نییە.

30تۆش ئەی نەتەوە وێرانەکە، چی دەکەیت؟

بۆچی بەرگی ئاڵ لەبەر دەکەیت و

خشڵی زێڕ بە خۆتەوە دەکەیت؟

بۆچی بە کل چاوەکانت ڕەش دەکەیت؟

بێهوودە خۆت جوان دەکەیت،

لەبەرچاوی ئەوینداران کەوتووی،

ئەوان داوای گیانت دەکەن.

31هاوارێکم بیست وەک هاواری ژنێکی ژانگرتوو بوو،

لە ناخۆشیدا وەک یەکەم منداڵی بێت.

دەنگی سییۆنی کچ4‏:31 دەربڕینێکی خوازەیە بۆ پایتەخت، مەبەست لە هەموو دانیشتووانی شارەکەیە.‏ هەنسک دەدات،

دەست پان دەکاتەوە، دەڵێت:

«وەی لە من! دەبوورێمەوە،

گیانم لەبەر بکوژان دەردەچێت!»