یەرمیا 39 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 39:1-18

داگیرکردنی ئۆرشەلیم

1لە مانگی دەی ساڵی نۆیەمی سدقیای پاشای یەهودا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و گەمارۆی دا. 2لە نۆی مانگی چواری ساڵی یازدەیەمی سدقیا شوورای شارەکە شکێنرا. 3جا هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل هاتن و لە دەروازەکەی ناوەڕاست دانیشتن: نێرگەل‌سەرئەچەری سمەگەری، نەبۆسەرسەخیم کە سەرۆکی دیوان بوو، نێرگەل‌سەرئەچەر کە سەرۆکی مۆغەکان بوو، لەگەڵ پاشماوەی سەرکردەکانی پاشای بابل. 4کاتێک کە سدقیای پاشای یەهودا و هەموو جەنگاوەرەکان ئەوانیان بینی، هەڵاتن و بە شەو بە ڕێگای باخچەی پاشادا بە دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەدا شارەکەیان بەجێهێشت، بەرەو دەشتایی عەراڤا39‏:4 عەراڤا شیوێک بووە لە دەریاچەی جەلیلەوە هەتا دەریای مردوو.‏ ڕۆیشتن.

5بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوایان کەوتن، لە دەشتی ئەریحا گەیشتنە سدقیا. گرتیان و هێنایان بۆ لای نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد. 6هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد. 7پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد بۆ ئەوەی بیباتە بابل.

8هەروەها بابلییەکان کۆشکی پاشا و ماڵەکانی خەڵکیان سووتاند، شووراکانی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند. 9ئەو پاشماوەیەی خەڵکی کە لە شارەکە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵی و پەنایان بردبووە بەر پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن بۆ بابل. 10بەڵام هەندێک لەو خەڵکە هەژارەی هیچیان نەبوو، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە خاکی یەهودا بەجێی هێشتن، هەر لەو کاتەدا ڕەز و کێڵگەی پێدان.

11نەبوخودنەسری پاشای بابل لەبارەی یەرمیاوە فەرمانی بە نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا کرد: 12«بیبە و با چاوت لەسەری بێت، زیانی پێ مەگەیەنە، بەڵکو ئەوەی داوای دەکات بۆی بکە.» 13نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، نەبوشەزبانی سەرۆکی دیوان، نێرگەل‌سەرئەچەری سەرۆکی مۆغەکان، لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل 14ناردیان و یەرمیایان لە حەوشەی پاسەوانەکان دەرهێنا، دایانە دەست گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، بۆ ئەوەی بیباتە ماڵەوە، ئیتر لەنێو خەڵکەکەی مایەوە.

15کاتێک یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان گیرابوو، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو: 16«بڕۆ و بە عەبەدمەلەخی کوشی بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: هەموو ئەوەی سەبارەت بەو شارە فەرمووم خەریکم پەیڕەوی دەکەم، بۆ خراپە نەک چاکەی، لەو کاتەدا لەبەرچاوت جێبەجێ دەکرێت. 17بەڵام لەو ڕۆژەدا تۆ ڕزگار دەکەم و نادرێیتە دەست ئەوانەی لێیان دەترسیت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 18بێگومان دەربازت دەکەم، بە شمشێر ناکوژرێیت و ژیانت ڕزگار دەبێت، چونکە پشتت بە من بەست. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»