یەرمیا 35 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 35:1-19

ڕێکابییەکان

1ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا: 2«بڕۆ بۆ ماڵی ڕێکابییەکان و قسەیان لەگەڵ بکە، بیانهێنە بۆ ماڵی یەزدان، بیانبە ژوورەوە بۆ یەکێک لە ژوورە لاتەنیشتەکان و شەرابیان دەرخوارد بدە.»

3منیش یازەنیاهوی کوڕی یەرمیای کوڕی حەڤەچینیا و براکانی و هەموو کوڕەکانی و هەموو بنەماڵەی ڕێکابییەکانم برد. 4ئەوانم بردە ماڵی یەزدان، بۆ ژوورەکەی نەوەکانی حانانی کوڕی یەگدەلیاهوی پیاوی خودا، ئەوەی لەتەنیشت ژووری پیاوە گەورەکانە، لەسەر ژوورەکەی مەعسێیاهوی کوڕی شەلوم کە پاسەوانی دەرگاکەیە. 5جامی پڕ شەراب و پەرداخم لەپێش کوڕانی بنەماڵەی ڕێکابییەکان دانا و پێم گوتن: «شەراب بخۆنەوە!»

6بەڵام ئەوان گوتیان: «ئێمە شەراب ناخۆینەوە، چونکە یۆنادابی کوڕی ڕێکابی باپیرە گەورەمان، فەرمانی پێ کردووین و گوتوویەتی: ”نە خۆتان و نە کوڕەکانتان بۆ هەتاهەتایە شەراب مەخۆنەوە. 7هەروەها خانوو بنیاد مەنێن، کشتوکاڵ مەکەن، ڕەزیش مەچێنن و نەتانبێت، بەڵکو بە درێژایی ژیانتان چادرنشین بن، بۆ ئەوەی تەمەنێکی درێژ لەسەر ڕووی ئەم خاکە بژین کە ئێوە تێیدا نامۆن.“ 8ئێمەش گوێڕایەڵی قسەکەی یۆنادابی کوڕی ڕێکابی باپیرە گەورەمان دەبین. لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێ کردووین، بە درێژایی ژیانمان نە خۆمان و نە ژنەکانمان و نە کوڕ و کچەکانمان شەراب ناخۆینەوە، 9خانوو بنیاد نانێن بۆ نیشتەجێبوونمان، ڕەز و کێڵگە و کشتوکاڵیشمان نابێت. 10چادرنشین بووین، بە تەواوی گوێڕایەڵی هەموو ئەوە بووین کە یۆنادابی باپیرە گەورەمان فەرمانی پێ کردووین. 11بەڵام کاتێک نەبوخودنەسری پاشای بابل هەڵیکوتایە سەر ئەو خاکە، ئێمەش گوتمان: ”دەبێ بچینە ئۆرشەلیم بۆ هەڵاتن لە دەستی سوپای بابلی و سوپای ئارامییەکان.“ جا لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووین.»

12ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات، یەزدان بە یەرمیای فەرموو: 13«یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بڕۆ بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ یەزدان پێتان دەفەرموێت: ”ئایا ئێوە تەمبێ نابن، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمایشتەکانم بن؟ 14یۆنادابی کوڕی ڕێکاب فەرمانی بە کوڕەکانی کرد شەراب نەخۆنەوە، فەرمانەکەی جێبەجێ کرا. هەتا ئەمڕۆش شەرابیان نەخواردووەتەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانی باپیرە گەورەیان بوون. بەڵام من بەردەوام قسەم لەگەڵ ئێوە کردووە، ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون. 15من بە بەردەوامی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ئێوە ناردووە، بۆ ئەوەی پێتان بڵێن: ’هەریەکە و لە ڕەفتارە خراپەکانتان بگەڕێنەوە و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە، دوای خودای دیکە مەکەون بۆ پەرستنیان، بگەڕێنەوە بۆ ئەو خاکەی داومەتە خۆتان و باوباپیرانتان.‘ بەڵام ئێوە گوێتان پێنەدام و گوێتان لێ نەگرتم. 16کوڕەکانی یۆنادابی کوڕی ڕێکاب فەرمانەکەی باپیرە گەورەیان بەجێگەیاند کە فەرمانی پێ کردن، بەڵام ئەم گەلە گوێڕایەڵی من نەبوون.“

17«لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من هەموو ئەو خراپەیە بەسەر یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا دەهێنم کە سەبارەت بەوان فەرمووبووم. لەبەر ئەوەی قسەم لەگەڵ کردن، بەڵام گوێیان لێ نەگرتم، بانگم کردن بەڵام وەڵامیان نەدامەوە.“»

18یەرمیا بە بنەماڵەی ڕێکابییەکانی گوت: «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە گوێڕایەڵی فەرمانەکەی یۆنادابی باپیرە گەورەتان بوون، هەروەها هەموو فەرمانەکانی ئەوتان پاراست و هەموو ئەوەتان کرد کە فەرمانی پێ کردبوون.“ 19لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”بە درێژایی ڕۆژگار پیاو نابڕێت لە یۆنادابی کوڕی ڕێکاب بۆ خزمەتکردنم.“»