یەرمیا 33 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 33:1-26

بەڵێنی گەڕانەوە

1یەرمیا کە هێشتا لە حەوشەی پاسەوانەکان بەند کرابوو، دووبارە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتەوە: 2«یەزدانی دروستکەری زەوی کە شێوەی کێشاوە هەتا بیچەسپێنێت، ناوی یەزدانە، ئەمە دەفەرموێت: 3”بانگم بکە، وەڵامت دەدەمەوە و شتە مەزنەکانت پێ ڕادەگەیەنم، شتە پەی پێ نەبراوەکان کە نایانزانیت.“ 4یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە خانووەکانی ئەم شارە و کۆشکەکانی پاشاکانی یەهودا، ئەوانەی تێکدران بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەتەرێز و شمشێر 5لە جەنگی دژی بابلییەکان، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”پڕ بکرێن لە لاشەی ئەو کەسانەی بە تووڕەیی و بە جۆشی خۆم لێم دان، ئەوانەی لەبەر هەموو خراپەکانی ئەوان ڕووی خۆم لەم شارە وەرگێڕا.

6«”لەگەڵ ئەوەشدا من تەندروستی و چاکبوونەوەی بۆ دێنم، گەلەکەم چاک دەکەمەوە، ئاشتی و ئارامییەکی فراوانیان بۆ فەراهەم دەکەم. 7یەهودا و ئیسرائیل لە ڕاپێچکراوی دەهێنمەوە و وەک پێشوویان بنیادیان دەنێمەوە. 8پاکیان دەکەمەوە لە هەموو گوناهەکانیان کە لە دژی من کردوویانە، لە هەموو گوناه و یاخیبوونەکانیان خۆشدەبم کە لە دژی من کردوویانە. 9جا ئەم شارە بۆم دەبێتە ناوبانگ و شادی، ستایشکردن و شانازی، لەلای هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی کە ئەم هەموو چاکەیە دەبیستنەوە من بۆی دەکەم. جا دەترسن و لەرز دەیانگرێت، لەبەر هەموو ئەو چاکەیە و هەموو ئەو ئاشتییەی کە من بۆی فەراهەم دەکەم.“

10«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە سەبارەت بەم شوێنەی دەڵێن، ’وێرانە، بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە.‘ هەرچەندە شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم وێرانن، بێ مرۆڤ و بێ دانیشتووان و بێ ئاژەڵن، 11بەڵام لەوێ دەنگی شادی و دەنگی خۆشی دەبیسترێت، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، دەنگی ئەوانەی قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدان، کە دەڵێن:

«” ’ستایشی یەزدانی سوپاسالار بکەن،

چونکە یەزدان چاکە،

خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.‘

یەزدان دەفەرموێت، ڕاپێچکراوی خاکەکە دەگەڕێنمەوە و وەک پێشتریان لێدەکەمەوە.“

12«یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”لەم شوێنە وێرانەدا کە بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە، جارێکی دیکە لە هەموو شارۆچکەکانی جێی شەوینی شوانەکان و مانەوەی مەڕەکانی لێ دەبێت. 13لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و خاکی بنیامین، دەوروبەری ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا، جارێکی دیکە مەڕ بەژێر دەستی ئەوەدا تێدەپەڕێت کە دەیانژمێرێت.33‏:13 نیشانەیە بۆ هەبوونی ئاشتی و گەشەسەندنی خاکەکە.‏“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.»

14یەزدان دەفەرموێت: «”ڕۆژێک دێت، ئەو بەڵێنە چاکە دەهێنمە دی کە سەبارەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا فەرمووبووم.

15«”لەو سەردەمەدا و لەو کاتەدا

لقێکی ڕاستودروست بۆ داود دەردەکەم،

جا ڕاستودروستی و دادپەروەری لەسەر زەوی پەیڕەو دەکات.

16لە سەردەمی ئەودا یەهودا ڕزگاری دەبێت و

ئۆرشەلیم بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت.

ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت:

یەزدان ڕاستودروستیمانە.“

17یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”پیاو لە داود نابڕێت بۆ دانیشتن لەسەر تەختی بنەماڵەی ئیسرائیل. 18لە کاهینە لێڤییەکانیش پیاو نابڕێت لەبەردەمم بۆ بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن، سووتاندنی پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ئامادەکردنی قوربانی سەربڕاو.“»

19هەروەها فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 20«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر بتوانن پەیمانەکەم لەگەڵ ڕۆژ و لەگەڵ شەودا بشکێنن، تاکو ئیتر ڕۆژ و شەو لە کاتی خۆیاندا نەبن، 21ئەوسا دەکرێ پەیمانەکەم لەگەڵ داودی بەندەم بشکێنرێت و کوڕی نەبێت بۆ ئەوەی لەسەر تەختەکەی ببێتە پاشا، هەروەها لەگەڵ لێڤییە کاهینەکانی خزمەتکارانم. 22هەروەک چۆن ئەستێرەکانی ئاسمان ناژمێردرێن و لمی دەریا ئامار ناکرێت، ئاوا نەوەی داودی بەندەم و لێڤییە خزمەتکارەکانم زیاد دەکەم.“»

23ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 24«نەتبینیوە ئەم گەلە باسی چی دەکەن و دەڵێن: ”ئەو دوو خێڵەی33‏:24 مەبەستی لە نەوەکانی یاقوب و داودە، بڕوانە ئایەتی 26.‏ یەزدان هەڵیبژاردن، ڕەتی کردنەوە.“ ئینجا سووکایەتییان بە گەلەکەم کرد، وەک ئەوەی ئیتر نەتەوە نەبێت لەبەردەمیان. 25یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر پەیمانی خۆمم لەگەڵ ڕۆژ و شەو و فەرزەکانی ئاسمان و زەوی نەبەست، 26ئەوسا نەوەی یاقوب و داودی بەندەم ڕەت دەکەمەوە و لە نەوەکەی ئەو فەرمانڕەوایان بەسەر نەوەی ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبەوە دانانێم، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە و بەزەییم پێیاندا دێتەوە.“»