یەرمیا 28 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 28:1-17

حەنەنیای پێغەمبەری درۆزن

1ئەوە بوو لە هەمان ساڵ، لە مانگی پێنجی ساڵی چوارەمی سەرەتای پاشایەتی سدقیای پاشای یەهودا، حەنەنیای پێغەمبەر کوڕی عازوور کە خەڵکی گبعۆنە، لە ماڵی یەزدان لەبەرچاوی کاهینەکان و هەموو گەل پێی گوتم: 2«یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”نیری پاشای بابل دەشکێنم. 3لە ماوەی دوو ساڵدا من هەموو قاپوقاچاغەکانی ماڵی یەزدان دەگەڕێنمەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لەم شوێنەوە بردییە بابل. 4یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا دەگەڕێنمەوە ئەم شوێنە، هەروەها هەموو ئەوانەش کە لەگەڵی بۆ بابل ڕاپێچ کرابوون، چونکە نیری پاشای بابل دەشکێنم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.»

5یەرمیای پێغەمبەریش لەبەردەمی کاهینەکان و هەموو گەل ئەوانەی لە ماڵی یەزدان وەستابوون وەڵامی حەنەنیای پێغەمبەری دایەوە، 6گوتی: «ئامین! با یەزدان ئاوا بکات! با یەزدان قسەکانت بهێنێتە دی کە پێشبینیت کرد، قاپوقاچاغەکەی ماڵی یەزدان و هەموو ئەو کەسانەی ڕاپێچ کرابوون لە بابلەوە بگەڕێنێتەوە بۆ ئێرە. 7بەڵام گوێ لەم قسەیە بگرە کە من بە تۆ و بە هەموو گەلی دەڵێم: 8لە کۆنەوە، لەپێش من و تۆوە پێغەمبەران سەبارەت بە زۆر گەلان و پاشایەتییە گەورەکان پێشبینی جەنگ و بەڵا و دەردیان کردووە. 9بەڵام ئەو پێغەمبەرەی پێشبینی ئاشتی بکات، بە هاتنە دی پێشبینییەکەی، دەزانرێت کە بەڕاستی یەزدان ئەو پێغەمبەرەی ناردووە.»

10حەنەنیای پێغەمبەریش نیرەکەی لەسەر ملی یەرمیا هەڵگرت و شکاندی. 11حەنەنیا لەبەردەمی هەموو گەل گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لە ماوەی دوو ساڵدا، ئاوا نیری نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ملی هەموو نەتەوەکان دەشکێنم.“» یەرمیای پێغەمبەریش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.

12دوای ئەوەی حەنەنیای پێغەمبەر نیرەکەی سەر ملی یەرمیای شکاند، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 13«بڕۆ و بە حەنەنیا بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: تۆ نیرێکی دارینت شکاند، بەڵام تۆ لەجێی ئەوە نیرێکی ئاسنینت دەخرێتە سەر، 14چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: نیری ئاسنین دەخەمە سەر ملی هەموو ئەم نەتەوانە بۆ ئەوەی خزمەتی نەبوخودنەسری پاشای بابل بکەن، دەبنە کۆیلەی ئەو. تەنانەت دەسەڵاتم بەسەر ئاژەڵە کێوییەکانیش داوەتێ.“»

15ئینجا یەرمیا پێغەمبەر بە حەنەنیا پێغەمبەری گوت: «حەنەنیا گوێ بگرە! یەزدان تۆی نەناردووە، تۆش وات کردووە ئەم گەلە پشت بە درۆ ببەستێت. 16لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”خەریکم لەسەر ڕووی زەوی دەرتدەکەم، تۆ ئەم ساڵ دەمریت، چونکە تۆ جاڕی یاخیبوونت دا لە دژی یەزدان.“»

17جا حەنەنیای پێغەمبەر لە مانگی حەوتی ئەو ساڵەدا28‏:17 بە دوو مانگ لەدوای پێشبینییەکەی یەرمیا.‏ مرد.