یەرمیا 21 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 21:1-14

خودا داوای سدقیا ڕەت دەکاتەوە

1ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، کاتێک سدقیای پاشا پەشحوری کوڕی مەلکیا و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی ناردە لای و گوتی: 2«تکایە لە پێناوی ئێمە داوا لە یەزدان بکە، چونکە نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشمان دەکاتە سەر، بەڵکو یەزدان وەک ڕابردوو کاری سەرسوڕهێنەرمان لەگەڵ دەکات هەتا نەبوخودنەسر لەلای ئێمە بکشێتەوە.»

3بەڵام یەرمیا وەڵامی دانەوە: «بە سدقیا بڵێن، 4”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەو چەکانە لە دژتان بەکاردەهێنم کە لە دەستتاندایە و لەگەڵ پاشای بابل و بابلییەکان شەڕی پێ دەکەن، کە لە دەرەوەی شوورای شارەکان گەمارۆیان داون. لە ناوەڕاستی شار کۆیان دەکەمەوە. 5من خۆم بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە تووڕەیی و هەڵچوونێکی بە جۆشی گەورەوە لە دژتان دەجەنگم. 6دانیشتووانی ئەو شارە دەکوژم، مرۆڤ و ئاژەڵ پێکەوە، بە دەردێکی گەورەوە دەمرن. 7پاش ئەمەش، سدقیای پاشای یەهودا و خزمەتکارەکانی و ئەوەی لەم گەلە لە شارەکەدا ماونەتەوە، لەدوای دەرد و شمشێر و قاتوقڕییەکە، دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دوژمنەکانیان و ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن. ئەوانیش دەیاندەنە بەر شمشێر و لەگەڵیان میهرەبان نابن و دڵیان پێیان ناسووتێت و بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

8«بەم گەلەش دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێستا من ڕێگای ژیان و ڕێگای مردنتان لەپێش دادەنێم. 9ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، ئەوەش بچێتە دەرەوە و ڕوو لە بابلییەکان بکات، ئەوانەی گەمارۆیان داون، دەژیێت و ژیانی خۆی دەرباز دەکات. 10لەبەر ئەوەی مکوڕم لەسەر ئەوەی خراپە بەسەر ئەو شارە بهێنم نەک باشە. دەدرێتە دەست پاشای بابل و بە ئاگر دەیسووتێنێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

11«بە بنەماڵەی پاشای یەهودا بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. 12ئەی بنەماڵەی داود، یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”هەموو بەیانییەک بە دادپەروەری حوکم بدەن،

تاڵانکراو لە دەستی زۆردار ڕزگار بکەن،

نەوەک تووڕەییم وەک ئاگر بتەقێتەوە،

لەبەر ئەو خراپانەی کردووتانە،

جا بسووتێنێت و کەس نەبێت بکوژێنێتەوە.

13ئەی ئۆرشەلیم، ئەوەی نیشتەجێی لەسەر دۆڵەکە،

بەسەر دەشتی بەردەڵانی بەرز،

ئەوەتا من لە دژی تۆم.

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئێوە دەڵێن: ’کێ بەسەرماندا دەدات؟

کێ دێتە ناو نشینگەکانمانەوە؟‘

14بەڵام من سزای شایستەی کردارەکانتان دەدەم،

ئاگر بەردەدەمە دارستانەکەی و

هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.“»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.