یەرمیا 14 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 14:1-22

وشکەساڵی و برسیێتی و شمشێر

1ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیا سەبارەت بە وشکەساڵییەکە:

2«یەهودا شیوەن دەگێڕێت و

شارەکانی دادەڕزێن،

بۆ خاکەکە ماتەم دەگێڕن،

هاواری ئۆرشەلیمیش بەرزبووەوە.

3گەورەکان خزمەتکارەکانی خۆیان بۆ ئاو نارد،

هاتنە سەر ئەمباراوەکان،

بەڵام ئاویان نەدۆزییەوە.

بە گۆزەی بەتاڵەوە گەڕانەوە،

شەرمەزار و ڕیسوا بوون،

سەری خۆیان شۆڕکرد.

4لەبەر ئەوەی خاکەکە شەقار شەقار بووە،

چونکە باران لە زەوییەکە نەباری،

جوتیاران شەرمەزاربوون،

سەری خۆیان شۆڕکرد.

5تەنانەت مامزیش لە کێڵگەدا

بەچکەی بوو و وازی لێی هێنا،

چونکە گیا نەبوو.

6کەرەکێوییەکان لەسەر گردۆڵکەکان ڕاوەستان،

وەک چەقەڵ بایان هەڵمژی،

چاویان شل بوو،

چونکە گیاوگۆڵ نییە.»

7لەگەڵ ئەوەی تاوانەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن،

ئەی یەزدان، لەبەر خاتری ناوی خۆت شتێک بکە،

چونکە هەڵگەڕانەوەکانمان زۆر بوون،

دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد.

8ئەی هیوای ئیسرائیل،

ئەی ڕزگارکەرەکەی کاتی تەنگانە،

بۆچی لە خاکەکە وەک نامۆ دەبیت،

وەک ڕێبوارێک بۆ تەنها شەوێک بمێنێتەوە؟

9بۆچی وەک پیاوێکی حەپەساو دەبیت،

وەک پاڵەوانێک توانای ڕزگارکردنی نەبێت؟

ئەی یەزدان، تۆ لە ناوەڕاستمانی و

ئێمە ناوی تۆ هەڵدەگرین،

بەجێمان مەهێڵە!

10یەزدان ئاوا بەم گەلە دەفەرموێت:

«بەڕاستی حەزیان لە گەڕان کرد،

خۆیان لێ نەپاراست.

جا یەزدانیش پەسەندی نەکردن،

ئێستا تاوانەکانیان بەبیر خۆی دەهێنێتەوە و

لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.»

11هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «نوێژ بۆ چاکەی ئەم گەلە مەکە. 12هەرچەندە بەڕۆژووش بن گوێ لە هاواریان ناگرم، کاتێک قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش بکەن قبوڵی ناکەم، بەڵکو من بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد کۆتاییان پێ دەهێنم.»

13منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا پێغەمبەرەکان پێیان دەڵێن: ”تووشی شمشێر و قاتوقڕی نابن، بەڵکو لەم شوێنەدا ئاشتی چەسپاوتان دەدەمێ.“»

14یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئەو پێغەمبەرانە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن. من نەمناردوون و دەستنیشانم نەکردوون و قسەم لەگەڵ نەکردوون. ئەوان بە بینینی درۆ و فاڵگرتنەوە و پڕوپووچی و خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینیتان بۆ دەکەن.» 15لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی ئەو پێغەمبەرانەوە دەفەرموێت: «بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن و منیش نەمناردوون، ئەوان دەڵێن: ”شمشێر و قاتوقڕی لەم خاکە نابێت.“ ئەو پێغەمبەرانە خۆیان بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن. 16ئەو گەلەش کە ئەوان پێشبینی بۆ دەکەن، لەبەر قاتوقڕی و شمشێر لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم فڕێدەدرێن. کەسیش نییە بیاننێژێت، خۆیان و ژن و کوڕ و کچیان. خراپەی شایستەی خۆیان بەسەر سەریاندا دەڕێژم.

17«ئەم قسەیەیان پێ دەڵێیت:

«”با چاوەکانم فرمێسک بڕێژن

بە شەو و بە ڕۆژ بەبێ وەستان،

چونکە گەلەکەم، کچە پاکیزەکەم،

برینێکی ترسناکی هەیە،

لێدانێکی جەرگبڕ.

18ئەگەر بچمە دەرەوە بۆ کێڵگە،

بە شمشێر کوژراوان دەبینم.

ئەگەر بێمە ناو شار،

نەخۆشەکانی قاتوقڕی دەبینم،

چونکە پێغەمبەر و کاهینیش

بەناو زەوییەکدا دەگەڕێن و نازانن چی دەکەن.“»

19«ئایا بە تەواوی یەهودات ڕەتکردووەتەوە؟

ئایا بێزت لە سییۆن دەبێتەوە؟

بۆچی وا تووشی بەڵات کردین

کە چاکبوونەوەمان نەبێت؟

چاوەڕێی ئاشتی بووین،

بەڵام چاکە نەهات،

هەروەها کاتی چاکبوونەوە،

بەڵام ئەوەتا ترس.

20ئەی یەزدان، دان دەنێین بە یاخیبوونی خۆمان و

تاوانی باوباپیرانمان،

گوناهمان دەرهەق بە تۆ کرد.

21لە پێناوی ناوی خۆت، ڕەتمان مەکەوە،

تەختی شکۆی خۆت ڕیسوا مەکە،

پەیمانەکەی خۆت لەگەڵ ئێمە بەبیر بێتەوە،

مەیشکێنە.

22ئایا لەناو بتە پووچەکانی نەتەوەکان هەیە باران ببارێنێت؟

یان ئایا ئاسمان خۆی ڕەهێڵ دەبارێنێت؟

ئەی تۆ یەزدانی پەروەردگارمان نیت؟

جا هیوامان بە تۆیە،

چونکە تۆ ئەوەی کە هەموو ئەمانەت کردووە.»