یەرمیا 12 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 12:1-17

سکاڵانامەی یەرمیا

1ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت

کاتێک سکاڵای خۆم بۆ تۆ دەهێنم.

لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە حوکمەکانی تۆ دەدوێم:

بۆچی ڕێگای بەدکاران سەرکەوتووە؟

بۆچی هەموو ناپاکەکان ئاسوودەن؟

2ئەوانت چاند و ڕەگیان داکوتا،

گەشەیان کرد و بەریان دا.

تۆ هەردەم لەسەر زاری ئەوانیت

بەڵام لە دڵیان دووریت.

3بەڵام ئەی یەزدان، تۆ دەمناسیت،

دەمبینیت و لەلای خۆت دڵی من تاقی دەکەیتەوە.

وەک مەڕ بۆ سەربڕین جیایان بکەوە!

بۆ ڕۆژی کوشتن تەرخانیان بکە!

4هەتا کەی زەوی بگریێ و

گیای هەموو کێڵگەکان وشک بێت؟

لەبەر خراپەی دانیشتووانەکەی

ئاژەڵ و باڵندە لەناوچوون،

چونکە گوتیان: «خودا کۆتایی ئێمە نابینێت.»

وەڵامی خودا

5«ئەگەر لە ڕاکردن لەگەڵ پیادەکان ماندوو بیت،

ئەی چۆن پێشبڕکێ لەگەڵ ئەسپەکان دەکەیت؟

ئەگەر لەسەر خاکێکی سەلامەت ساتمە دەکەیت و دەکەویت،

ئەی لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون چی دەکەیت؟

6براکانت و بنەماڵەکەشت،

ئەوانیش ناپاکییان لەگەڵ کردیت،

ئەوانیش پڕ بەدەم بەدواتدا هاواریان کرد.

لێیان دڵنیا مەبە، هەرچەندە باسی چاکەشیان بۆ کردیت.

7«واز لە ماڵی خۆم دەهێنم،

میراتی خۆم ڕەت دەکەمەوە،

ئەویندارەکەی خۆم

دەخەمە چنگی دوژمەنەکانیەوە.

8میراتەکەم لێم دەبێتە

شێرێک لە دارستان،

بەسەرمدا دەنەڕێنێت،

لەبەر ئەوە دژایەتی دەکەم.

9ئایا میراتەکەم مەلی گۆشتخۆری خاڵدارە،

کە مەلە گۆشتخۆرەکانی دیکە چواردەوریان داوە و هێرشیان کردووەتە سەری؟

بڕۆن هەموو ئاژەڵە کێوییەکان کۆبکەنەوە،

بیانهێنن بۆ خواردن.

10زۆر شوان ڕەزەمێوەکەی من تێکدەدەن،

کێڵگەکەی من پێپەست دەکەن.

کێڵگە ئارەزووبەخشەکەی من

دەکەنە چۆڵەوانییەکی کاول.

11دەیکەنە کاولگە،

کاولگە شیوەن بۆ من دەگێڕێت.

هەموو زەوی کاول دەبێت،

چونکە کەس نییە گرنگی پێبدات.

12لەسەر هەموو گردۆڵکەکانی چۆڵەوانی

تاڵانکەران دێن،

چونکە شمشێری یەزدان

لەوپەڕی زەوییەوە هەتا ئەم پەڕی دەخوات،

ئاشتی بۆ هیچ کەسێک نابێت.

13گەنم دەچێنن و دڕک دەدورنەوە،

ماندوو دەبن و قازانج ناکەن.

ئیتر شەرمەزار دەبن لە بەروبوومەکەتان،

لە گڕی تووڕەیی یەزدان.»

14یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو نەتەوە بەدکارانەی دراوسێم کە دەستیان لە میراتەکەم دا کە دامە ئیسرائیلی گەلەکەم، ئەوەتا لە خاکەکەدا ڕیشەکێشیان دەکەم و بنەماڵەی یەهوداش لە ناوەڕاستیان ڕیشەکێش دەکەم. 15لەدوای ئەوەی ڕیشەکێشیان دەکەم، دەگەڕێمەوە بەزەییم پێیاندا دێتەوە، هەریەکە بۆ میراتەکەی خۆی و بۆ خاکەکەی خۆی دەگەڕێنمەوە. 16لە ڕابردوو گەلەکەی منیان فێرکرد سوێند بە ناوی بەعل بخۆن، بەڵام ئەگەر ئێستا بە تەواوی فێری نەریتی گەلەکەی من ببن، ئەگەر سوێندیان بە ناوی من خوارد و گوتیان: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوا لەنێو گەلەکەم بنیاد دەنرێن. 17بەڵام هەر نەتەوەیەک ئەگەر گوێ نەگرێت، من لە ڕەگەوە ڕیشەکێشی دەکەم و لەناوی دەبەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.