یەرمیا 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یەرمیا 10:1-25

خودا و بتەکان

1ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن یەزدان چی بە ئێوە دەفەرموێت. 2یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئێوە نەریتی نەتەوەکان فێر مەبن و

لە نیشانەکانی ئاسمان مەتۆقن،

هەرچەندە نەتەوەکان لەم شتانە دەتۆقن.

3نەریتی نەتەوەکان مایەپووچە:

درەختی بڕاوەی دارستانن،

دارتاش بە ئەسکەنە دروستیان دەکات،

4بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و

بە مێخ و چەکوش توندیان دەکەن

بۆ ئەوەی نەلەقن.

5وەک داوەڵی10‏:5 لە دار و پەڕۆ لە شێوەی مرۆڤ دروستدەکرێت بۆ ڕەوینەوەی پەلەوەر، بۆ ئەوەی زیان بە کێڵگە نەگەیەنن.‏ لە بێستانی خەیاردان،

بتەکانیان قسە ناکەن،

بە هەڵگرتن هەڵدەگیرێن،

چونکە هەنگاو نانێن،

لێیان مەترسن، چونکە زیانبەخش نین،

هەروەها ناتوانن هیچ سوودێک بگەیەنن.»

6ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە،

تۆ مەزنیت،

لە پاڵەوانیێتی ناوت گەورەیە.

7کێ لێت ناترسێت،

ئەی پاشای نەتەوەکان؟

چونکە لە تۆ دەوەشێتەوە.

لەناو هەموو دانایانی نەتەوەکان و

لە هەموو شانشینەکانیان،

کەس هاوتای تۆ نییە.

8تێکڕا دەبەنگ و گێل بوون،

شتی پووچ لە بتی دارین فێر دەبن.

9زیوی کوتراوە لە تەرشیشەوە دەهێنن و

زێڕ لە ئوفازەوە.

دەستکردی پیشەوەرە و دەستی زێڕنگەرە،

بەرگیان مۆر و ئەرخەوانییە،

هەمووی دەستکردی وەستایانن.

10بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە،

ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە،

زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و

نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن.

11«ئاوایان پێ دەڵێن: ”ئەو خوداوەندانەی ئاسمان و زەوییان دروستنەکردووە، لەسەر زەوی و لەژێر ئەم ئاسمانە لەناودەچن.“»

12بەڵام یەزدان بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە،

بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە،

بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.

13کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت،

هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە،

بروسکە بۆ باران دروستدەکات،

با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت.

14هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە،

هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی10‏:14 تاشینی پەیکەر، بە مەبەستی پەرستن وەک بت.‏ شەرمەزارە،

چونکە داڕێژراوی درۆن و

ڕۆحیان تێدا نییە.

15ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین،

لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.

16بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە،

چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە،

ئیسرائیل هۆزی میراتی ئەویشی داناوە،

یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.

هاتنی وێرانی

17لەم خاکە بوخچەکەت بپێچەوە،

ئەی دانیشتووی ژێر ئابڵوقە!

18لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەم جارە دانیشتووانی ئەم خاکە

دەردەکەمە دەرەوە،

تەنگیان پێ هەڵدەچنم هەتا ئەوەی هەستی پێدەکەن.»

19وەی لە حاڵم لەبەر وردوخاشبوونم!

برینەکەم بێ چارەیە!

بەڵام بە خۆمم گوت: «بێگومان ئەمە دەردی منە و

دەبێ بەرگەی بگرم.»

20چادرەکەم تێکدراوە،

هەموو گوریسەکانی پساون.

کوڕەکانم بەجێیان هێشتووم و نەماون،

ئیتر کەس نییە بۆ ئەوەی چادرەکەم هەڵبدات و

پڵاسەکانی چادرەکەم ڕابگرێت.

21شوانەکان دەبەنگ بوون و

داوای یەزدانیان نەکرد،

لەبەر ئەوە سەرنەکەوتن و

هەموو مێگەلەکەیان پەرتەوازە بوو.

22گوێ بگرن! دەنگی هەواڵ دێت،

هەراوهۆریای گەورە لە خاکی باکوورەوە،

تاوەکو شارۆچکەکانی یەهودا وێران بکرێن،

بکرێنە داڵدەی چەقەڵ.

نزاکردنی یەرمیا

23ئەی یەزدان، زانیم کە مرۆڤ خاوەنی ڕێگای خۆی نییە،

کەس ناتوانێت ڕێڕەوەکانی خۆی ئاراستە بکات.

24ئەی یەزدان، تەمبێم بکە،

بەڵام بە دادپەروەری، نەک بە تووڕەییت،

نەوەک لەناوم ببەیت.

25تووڕەییت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە

کە دانت پێدا نانێن و

بەسەر ئەو گەلانەی کە بە ناوی تۆوە نزا ناکەن،

چونکە یاقوبیان خوارد،

بە تەواوی خواردیان و

نشینگەکەیان وێران کرد.