یۆحەنا 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یۆحەنا 8:1-59

بەخشینی ژنێکی داوێنپیس

1بەڵام عیسا چوو بۆ کێوی زەیتوون.

2لە بەرەبەیاندا گەڕایەوە حەوشەکانی پەرستگا، هەموو خەڵک هاتنە لای و ئەویش دانیشت و دەستی کرد بە فێرکردنیان. 3مامۆستایانی تەورات8‏:3 مالم.‏ و فەریسییەکان ژنێکیان هێنا کە لە کاتی داوێنپیسیدا گیرابوو، لە ناوەڕاستی خەڵکەکە ڕایانگرت، 4پێیان گوت: «مامۆستا، ئەم ژنە لە کاتی ئەنجامدانی داوێنپیسیدا گیراوە. 5موساش لە تەوراتدا فەرمانی پێ کردووین ژنی ئاوا بەردباران بکرێت. تۆ چی دەڵێی؟» 6ئەمەیان بۆ تاقیکردنەوەی عیسا گوت، تاکو شتێکیان هەبێت سکاڵای لێ بکەن.

بەڵام عیسا خۆی چەماندەوە و بە پەنجە دەستی کرد بە نووسین لەسەر زەوی. 7کاتێک ئەوان بەردەوام بوون لە پرسیارکردن، عیسا هەستایەوە و پێی فەرموون: «کامەتان بێ گوناهە با یەکەم کەس بەردی تێبگرێت.» 8دیسان خۆی چەماندەوە و دەستی کردەوە بە نووسین لەسەر زەوی.

9ئەوانەی گوێیان لێبوو، یەک لەدوای یەک ڕۆیشتن، دەستپێک لە پیرانەوە. ئەوسا عیسا بە تەنها مایەوە، ژنەکەش لەوێ ڕاوەستابوو. 10عیسا ڕاستبووەوە و پێی فەرموو: «خانم، ئەوان لە کوێن؟ کەس تاوانباری نەکردیت؟»

11گوتی: «نەخێر گەورەم.»

عیسا فەرمووی: «منیش تاوانبارت ناکەم. بڕۆ ئیتر گوناه مەکە.»]

ڕووناکیی جیهان

12دیسان عیسا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «منم ڕووناکی جیهان. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت.»

13ئینجا فەریسییەکان پێیان گوت: «تەنها خۆت شایەتی بۆ خۆت دەدەیت. شایەتییەکەت ڕاست نییە.»

14عیساش پێی فەرموون: «تەنانەت ئەگەر تەنها خۆم شایەتی بۆ خۆم بدەم، شایەتییەکەم ڕاستە، چونکە دەزانم لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم. بەڵام ئێوە نازانن من لەکوێوە هاتووم یان بۆ کوێ دەڕۆم. 15ئێوە بەگوێرەی پێوانەکانی مرۆڤ حوکم دەدەن، بەڵام من کەس حوکم نادەم. 16ئەگەر حوکمیش بدەم حوکمدانەکەم ڕاستە، چونکە بە تەنها نیم، بەڵکو من لەگەڵ باوکدام، ئەوەی کە ناردوومی. 17لە تەوراتی ئێوەشدا نووسراوە کە شایەتی دوو کەس ڕاستە. 18منم شایەتی بۆ خۆم دەدەم، ئەو باوکەش کە منی ناردووە شایەتیم بۆ دەدات.»

19ئەوسا لێیان پرسی: «باوکت لەکوێیە؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «نە من دەناسن و نە باوکیشم. ئەگەر منتان بناسیایە ئەوا باوکیشمتان دەناسی.» 20ئەو قسانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لەناو حەوشەکانی پەرستگا لە نزیک گەنجینەکە8‏:20 شوێنێک بوو لەناو پەرستگا، بۆ کۆکردنەوەی بەخشین.‏ خەڵکی فێردەکرد، بەڵام کەس نەیگرت، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو.

21دیسان عیسا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن. ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.»

22لەبەر ئەوە جولەکەکان پرسیاریان کرد و گوتیان: «ئایا خۆی دەکوژێت؟ چونکە دەڵێ: ”ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.“»

23ئیتر عیسا پێی فەرموون: «ئێوە هی خوارەوەن، من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن، بەڵام من هی ئەم جیهانە نیم. 24لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن.»

25لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟»

عیسا پێی فەرموون: «من هەر ئەوەم کە لە سەرەتاوە پێم گوتن. 26زۆر شتم هەیە لەسەرتان کە بیڵێم و ئێوەی پێ حوکم بدەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم.»

27ئەوان تێنەگەیشتن کە باسی باوکی دەکات. 28لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «کاتێک کوڕی مرۆڤتان بەرزکردەوە،8‏:28 لێرەدا مەبەستی لە بەرزکردنەوەیەتی بۆ سەر خاچ. بڕوانە یۆحەنا 14‏:3‏ لەگەڵ سەرژمێری 21‏:8‏-9.‏ ئەوسا دەزانن کە من ئەوم و لە خۆمەوە هیچ ناکەم، بەڵکو بەو جۆرە قسە دەکەم کە باوک فێری کردووم. 29ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە و بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەمیشە ئەوە دەکەم کە جێی ڕەزامەندی ئەوە.» 30کاتێک ئەم قسانەی دەکرد، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا.

ڕاستی ئازادتان دەکات

31عیسا بەو جولەکانەی فەرموو کە باوەڕیان پێی هێنابوو: «ئەگەر لەسەر فێرکردنەکانم بمێننەوە، ئەوا بەڕاستی قوتابی منن و 32ڕاستی دەناسن، ڕاستیش ئازادتان دەکات.»

33جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «ئێمە نەوەی ئیبراهیمین، هەرگیز کۆیلەی کەس نەبووین. ئیتر چۆن دەفەرمووی: ”ئێوە ئازاد دەبن“؟»

34عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرکەسێک گوناه بکات کۆیلەی گوناهە. 35کۆیلە هەتاهەتایە لە ماڵ نامێنێتەوە، بەڵام کوڕ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە. 36ئەگەر کوڕەکە ئازادی کردن، ئەوا بە ڕاستی ئازاد دەبن. 37دەزانم کە ئێوە لە نەوەی ئیبراهیمن، بەڵام هەوڵی کوشتنم دەدەن، چونکە پەیامەکەم لە دڵی ئێوەدا جێگای نییە. 38چیم لەلای باوکم بینیوە دەیڵێم، ئێوەش چیتان لە باوکتانەوە بیستووە دەیکەن.»

39وەڵامیان دایەوە: «باوکمان ئیبراهیمە.»

عیساش پێی فەرموون: «ئەگەر ڕۆڵەی ئیبراهیم بوونایە، کردارەکانی ئیبراهیمتان دەکرد. 40بەڵام ئێستا هەوڵی کوشتنی من دەدەن، ئەو کەسەی کە ڕاستیی لە خوداوە بیست و پێی گوتن. ئیبراهیم وەک ئێوەی نەکردووە. 41ئێوە کردارەکانی باوکتان دەکەن.»

جا پێیان گوت: «بە زۆڵی لەدایک نەبووین. یەک باوکمان هەیە کە خودایە.»

باوکی درۆ

42عیسا پێی فەرموون: «ئەگەر خودا باوکتان بووایە، منتان خۆشدەویست، چونکە لە خوداوە دەرچووم و هاتووم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵکو ئەو ناردوومی. 43بۆچی لە قسەکانم تێناگەن؟ چونکە ئێوە ناتوانن گوێ لە وشەکانم بگرن. 44ئێوە لە ئیبلیسی باوکتانن، دەتانەوێت ئارەزووەکانی باوکتان جێبەجێ بکەن. ئەو لە سەرەتاوە بکوژ بووە، لە ڕاستیدا نەچەسپاوە، چونکە ڕاستی لە ئەودا نییە. کاتێک درۆ دەکات، بە زمانی خۆی قسە دەکات، چونکە درۆزنە و باوکی درۆیە. 45هەر بۆیە، کاتێک من ڕاستی دەڵێم ئێوە باوەڕم پێ ناکەن! 46کامەتان دەتوانێت گوناهێکم لەسەر بسەلمێنێ؟ جا ئەگەر ڕاستی دەڵێم، بۆچی باوەڕم پێ ناکەن؟ 47ئەوەی لە خوداوەیە، گوێ لە پەیامی خودا دەگرێت. بۆیە ئێوە گوێ ناگرن، چونکە لە خوداوە نین.»

48جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «ئایا ئێمە ڕاست ناڵێین کە تۆ سامیرەییت و ڕۆحی پیست تێدایە؟»

بەر لە ئیبراهیم من هەم

49عیسا وەڵامی دانەوە: «من ڕۆحی پیسم تێدا نییە، بەڵام ڕێزی باوکم دەگرم و ئێوەش سووکایەتیم پێ دەکەن. 50داوای شکۆ بۆ خۆم ناکەم، بەڵام یەکێک هەیە کە بۆم داوا دەکات و حوکم دەدات. 51ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر یەکێک گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز مردن نابینێت.»

52پاشان جولەکەکان پێیان گوت: «ئێستا زانیمان ڕۆحی پیست تێدایە. ئیبراهیم و پێغەمبەران مردن، کەچی تۆ دەڵێی: ”ئەوەی گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز تامی مردن ناکات.“ 53ئایا تۆ لە ئیبراهیمی باوکمان گەورەتری کە مرد؟ پێغەمبەرانیش مردن. خۆت بە چی دەزانیت؟»

54عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەگەر من خۆم شکۆدار بکەم، ئەوا شکۆمەندییەکەم هیچ نییە، ئەوە باوکمە کە شکۆدارم دەکات، ئەوەی ئێوە دەڵێن خودامانە. 55هەرچەندە ئێوە نایناسن، بەڵام من دەیناسم. ئەگەر بڵێم نایناسم، وەک ئێوە دەبمە درۆزن. بەڵام دەیناسم و گوێڕایەڵی وشەکانی دەبم. 56ئیبراهیمی باوکتان دڵشاد بوو کە ڕۆژی هاتنی من ببینێت، جا ئەو ڕۆژەی بینی و دڵخۆش بوو.»

57جولەکەکان پێیان گوت: «تۆ جارێ تەمەنت نەبووە بە پەنجا ساڵ، ئیتر چۆن دەڵێیت کە ئیبراهیمت بینیوە؟»

58عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، پێش ئەوەی ئیبراهیم لەدایک ببێت، من هەم.» 59ئەوسا بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن، بەڵام عیسا خۆی شاردەوە و حەوشەکانی پەرستگای بەجێهێشت.