یۆحەنا 7 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یۆحەنا 7:1-53

ڕقی جیهان لە عیسا

1دوای ئەمانە عیسا بە جەلیلدا دەگەڕا و نەیدەویست لە یەهودیا بگەڕێ، چونکە ڕابەرانی جولەکەی ئەوێ هەوڵیان دەدا بیکوژن. 2کاتێک جەژنی کەپرەشینەی7‏:2 بڕوانە دواوتار 16‏:13 جولەکەش نزیک بووەوە، 3براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ناوچەی یەهودیا، تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت، 4هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ئاشکرابێت. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت پیشانی جیهان بدە.» 5براکانی وایان پێ گوت، چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد.

6عیساش پێی فەرموون: «جارێ کاتم نەهاتووە، بەڵام هەردەم کاتی ئێوە گونجاوە. 7جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێتەوە، بەڵام ڕقی لە من دەبێتەوە، چونکە شایەتی لەسەر دەدەم کە کردەوەی خراپە. 8ئێوە بڕۆنە جەژنەکە، من نایەمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتم تەواو نەبووە.» 9ئەمانەی فەرموو و لە جەلیل مایەوە.

10بەڵام کە براکانی بۆ جەژنەکە چوون، ئەویش ڕۆیشت، بەڵام بە ئاشکرا نا، بەڵکو بە نهێنی. 11ڕابەرانی جولەکە لە جەژنەکەدا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو لەکوێیە؟»

12لەنێو خەڵکەکەدا چرپەچرپێکی زۆری لەسەر بوو، هەندێکیان دەیانگوت: «پیاوێکی چاکە.»

خەڵکی دیکەش دەیانگوت: «نەخێر، بەڵکو خەڵک گومڕا دەکات.» 13بەڵام کەس لە ترسی جولەکەکان بە ئاشکرا باسی نەدەکرد.

بیروڕای جیاواز دەربارەی عیسا

14کاتێک نیوەی جەژن تێپەڕی، عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵکی. 15جولەکەکان سەرسام بوون و پرسییان: «ئەمە کە فێرنەکراوە7‏:15 فێرنەکراو: واتا ئەو کەسەی کە لەسەر دەستی مامۆستایانی تەورات نەیخوێندووە و زانیاری لەسەر تەورات نییە.‏ چۆن ئەم هەموو زانیارییەی هەیە؟»

16عیسا وەڵامی دانەوە: «فێرکردنم هی خۆم نییە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی. 17ئەگەر کەسێک بیەوێت خواستی خودا ئەنجام بدات، ئەوا دەزانێت ئاخۆ فێرکردنەکانم لە خوداوەیە یان لە خۆمەوە قسە دەکەم. 18ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆی خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی داوای شکۆی ئەوە بکات کە ناردوویەتی، ئەمە ڕاستگۆیە و فڕوفێڵی تێدا نییە. 19ئایا موسا تەوراتی نەداونەتێ؟ بەڵام کەس لە ئێوە بە قسەی تەورات ناکات. بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟»

20خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ڕۆحی پیست هەیە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟»

21عیسا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەمووتان سەرسام بوون. 22لە ڕۆژی شەممەدا کوڕ خەتەنە دەکەن، چونکە دەڵێن کە موسا خەتەنەکردنی پێ سپاردوون، هەرچەندە خەتەنەکردن لە موساوە نەبووە، بەڵکو لە باپیرانەوەیە. 23ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەممە خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موسا نەشکێت، باشە لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەممە سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟ 24بە ڕواڵەت حوکم مەدەن، بەڵکو حوکمێکی دادپەروەرانە بدەن.»

25لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی ئۆرشەلیم دەیانگوت: «ئەمە نییە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟ 26ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە7‏:26 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏. بە زمانی یۆنانی دەبێتە کریستۆس‏، کە بە واتای (دەستنیشانکراو) لەلای خودا دێت کە ڕزگارکەری گەلەکەیەتی. بڕوانە یەکەم ساموئێل 16.‏؟ 27بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە خەڵکی کوێیە. کاتێک مەسیح دێت، کەس نازانێت خەڵکی کوێیە.»

28پاشان عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا بەردەوام بوو لەسەر فێرکردنی خەڵکی و هاواری کرد: «بەڵێ، دەمناسن و دەزانن خەڵکی کوێم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵام ئەوەی منی ناردووە ڕاستە. ئێوە نایناسن، 29بەڵام من دەیناسم، چونکە لەوم و ئەویش منی ناردووە.»

30لەبەر ئەوە هەوڵیان دەدا بیگرن، بەڵام کەس دەستی بۆ درێژ نەکرد، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. 31زۆر لە خەڵکەکەش باوەڕیان پێی هێنا و گوتیان: «ئایا کاتێک مەسیح دێت، پەرجووی زیاتر دەکات لەوەی ئەمە کردوویەتی؟»

32کاتێک فەریسییەکان گوێیان لێبوو کە خەڵکەکە لەبارەی عیساوە چرپەچرپ دەکەن، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان خزمەتکاریان نارد تاکو بیگرن.

33عیسا فەرمووی: «ماوەیەکی کەمم لەگەڵتان ماوە، ئینجا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی. 34بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە، هەروەها ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم.»

35ئیتر جولەکەکان لەنێو خۆیاندا گوتیان: «ئەمە بە نیازە بۆ کوێ بڕوات کە نایدۆزینەوە؟ ئایا بۆ لای پەراگەندەکانی نێو یۆنانییەکان دەڕوات، تاکو یۆنانییەکان فێر بکات؟! 36ئەم قسەیە چییە دەیکات: ”داوام دەکەن بەڵام نامدۆزنەوە“ و ”ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم“؟»

ڕووبارەکانی ئاوی ژیان

37لە گەورەترین و کۆتا ڕۆژی جەژندا، عیسا ڕاوەستا و هاواری کرد: «ئەگەر یەکێک تینووی بوو با بێتە لام و بخواتەوە. 38ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، وەک نووسراوە پیرۆزەکە فەرموویەتی، لە ناخییەوە7‏:38 یۆنانی: لە سکییەوە.‏ ڕووبارەکانی ئاوی ژیان دەڕوات.» 39لێرەدا مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆز بوو، کە ئەوانەی باوەڕی پێدەهێنن دواتر وەریدەگرن، بەڵام هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەدرابوو، چونکە عیسا شکۆدار نەببوو.

40هەندێک لە خەڵکەکە کە گوێیان لەم قسانە بوو، گوتیان: «ئەمە بە ڕاستی پێغەمبەرەکەیە.»

41هەندێکی دیکە گوتیان: «ئەمە مەسیحەکەیە.» بەڵام هەندێک گوتیان: «باشە مەسیح لە جەلیلەوە دێت؟ 42ئایا نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت کە مەسیح لە ڕەچەڵەکی داود و لە بێت‌لەحمەوە دێت، ئەو گوندەی کە داودی لێبوو؟7‏:42 بڕوانە میخا 5‏:2‏.‏» 43بۆیە بەهۆی ئەوەوە دووبەرەکی کەوتە نێوان خەڵکەکە. 44هەندێک لەوان ویستیان بیگرن، بەڵام کەس دەستگیری نەکرد.

45ئەوسا خزمەتکارەکان گەڕانەوە لای کاهینانی باڵا و فەریسییەکان، ئەوانیش لێیان پرسین: «بۆچی نەتانهێنا؟»

46خزمەتکارەکان وەڵامیان دایەوە: «هەرگیز کەس وەک ئەمە قسەی نەکردووە!»

47فەریسییەکان گوتیان: «ئایا ئێوەش گومڕا بوون؟ 48باشە کەس لە سەرۆکەکان یان فەریسییەکان باوەڕی پێ هێناوە؟ 49نەخێر! تەنها ئەم خەڵکە نەفرەتلێکراوە نەبێت کە لە تەورات نازانێت.»

50نیقۆدیمۆس کە پێشتر هاتبووە لای عیسا و یەکێک بوو لەوان، لێی پرسین: 51«ئایا تەوراتمان حوکمی یەکێک دەدات پێش ئەوەی گوێی لێ بگرێت و بزانێت چی کردووە؟»

52وەڵامیان دایەوە: «تۆش جەلیلیت؟ لێی بکۆڵەوە و بیزانە کە لە جەلیلدا پێغەمبەر هەڵناکەوێت.»

[ 53ئیتر هەریەکە چووەوە ماڵی خۆی.