یۆحەنا 19 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یۆحەنا 19:1-42

فەرمانی کوشتنی عیسا

1ئیتر پیلاتۆس عیسای برد و دایە بەر قامچی. 2سەربازەکان تاجێکیان لە دڕک چنی و خستیانە سەر سەری و کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد. 3لێی دەچوونە پێشەوە، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» و زللەیان لێی دەدا.

4دیسان پیلاتۆس هاتە دەرەوە و پێی گوتن: «بۆتانی دەهێنمە دەرەوە تاکو بزانن هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم!» 5عیسا بە تاجی دڕکاوی و جلی ئەرخەوانییەوە هاتە دەرەوە، پیلاتۆس پێی گوتن: «ئەوە پیاوەکەیە!»

6کاتێک کاهینانی باڵا و پاسەوانان بینییان، هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!»

پیلاتۆس وەڵامی دانەوە: «ئێوە بیبەن و لە خاچی بدەن، چونکە من خراپەی تێدا نابینم.»

7ڕابەرانی جولەکە وەڵامیان دایەوە: «تەوراتمان هەیە. بەگوێرەی تەورات دەبێت بمرێت، چونکە خۆی کردووەتە کوڕی خودا.»

8کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسەیە بوو زیاتر ترسا. 9گەڕایەوە ناو کۆشکەکە و بە عیسای گوت: «خەڵکی کوێی؟» بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە. 10پیلاتۆس پێی گوت: «قسەم بۆ ناکەیت؟ ئایا نازانیت دەسەڵاتم هەیە کە ئازادت بکەم یان لە خاچت بدەم؟»

11عیسا وەڵامی دایەوە: «هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر منەوە نییە، مەگەر لە سەرەوە پێت درابێت. لەبەر ئەوە ئەوەی منی داوەتە دەست تۆ گوناهەکەی گەورەترە.»

12ئیتر پیلاتۆس هەوڵی دەدا ئازادی بکات، بەڵام ڕابەرانی جولەکە هاواریان دەکرد: «ئەگەر ئەمە ئازاد بکەیت، دۆستی قەیسەر نیت. هەرکەسێک خۆی بکاتە پاشا، لە دژی قەیسەر دەدوێت.»

13کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسانە بوو، عیسای بردە دەرەوە و لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، لە شوێنێک پێی دەگوترێ «بەردڕێژکراو»، کە بە عیبری پێی دەڵێن «گەباسا». 14ڕۆژی ئامادەکاری جەژنی پەسخە بوو، نزیکەی کاتژمێر دوازدە19‏:14 یۆنانی: کاتژمێری شەشەم.‏ بوو.

ئینجا پیلاتۆس بە جولەکەکانی گوت: «ئەوەتا پاشاکەتان.»

15ئەوانیش هاواریان کرد: «بیبە! بیبە! لە خاچی بدە!»

پیلاتۆس لێی پرسین: «پاشاکەتان لە خاچ بدەم؟»

کاهینانی باڵا وەڵامیان دایەوە: «جگە لە قەیسەر پاشامان نییە.»

16ئیتر پیلاتۆس دایە دەستیان تاکو لە خاچ بدرێت.

لەخاچدان

سەربازەکانیش عیسایان برد. 17عیساش خاچەکەی خۆی هەڵگرت و چوو بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترا «شوێنی کاسەسەر»، بە عیبریش دەبێتە «گولگۆسا». 18لەوێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە خاچیان دا، هەریەکە لە لایەکییەوە، عیساش لە ناوەڕاستیان.

19پیلاتۆسیش تەختەیەکی لەسەر خاچەکە داکوتا کە لەسەری نووسیبوو:

«عیسای ناسیرەیی، پاشای جولەکە.»

20جولەکەیەکی زۆر نووسراوەکەیان خوێندەوە کە بە عیبری و لاتینی و یۆنانی نووسرابوو، چونکە ئەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درابوو لە شارەوە نزیک بوو. 21کاهینانی باڵای جولەکە بە پیلاتۆسیان گوت: «مەنووسە: پاشای جولەکە، بەڵام بنووسە: ”خۆی گوتی من پاشای جولەکەم.“»

22پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئەوەی نووسیومە، نووسیومە.»

23کاتێک سەربازەکان عیسایان لە‏ خاچ دا، جلەکانیان برد و کردیان بە چوار بەشەوە، هەر سەربازێک بەشێکی بەرکەوت. کراسەکەشیان برد، کراسەکە بێ دروومان بوو، لەسەرڕا یەک پارچە چنرابوو.

24لەبەر ئەوە بە یەکتریان گوت: «پێویست ناکات بیدڕێنین. با تیروپشکی لەسەر بکەین بزانین بۆ کێ دەبێت.»

ئەمەش ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی کە فەرموویەتی:

﴿جلوبەرگەکەی منیان لەنێو خۆیان بەشکرد و

تیروپشکیان لەسەر کراسەکەم کرد.﴾19‏:24 زەبوورەکان 22‏:18

جا سەربازەکان ئەمەیان کرد.

25لەلای خاچەکەی عیسا، دایکی و پووری و مریەمی ژنی کلۆپا و مریەمی مەجدەلی ڕاوەستابوون. 26کاتێک عیسا دایکی بینی لەگەڵ ئەو قوتابییەدا ڕاوەستاوە کە ئەم خۆشی دەویست، بە دایکی فەرموو: «ژنەکە، ئەوەتا کوڕی تۆ.» 27بە قوتابییەکەشی فەرموو: «ئەوەتا دایکی تۆ.» ئیتر لەو کاتەوە قوتابییەکە بردییەوە ماڵی خۆی.

مردنی عیسا

28پاشان، لەبەر ئەوەی عیسا زانی کە هەموو شتێک تەواو بووە، هەروەها بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە19‏:28 بڕوانە زەبوورەکان 69‏:21 بێتە دی، فەرمووی: «تینوومە.» 29گۆزەیەکی پڕ لە سرکە دانرابوو، ئیسفەنجێکی پڕ لە سرکەیان خستە سەر لقە زوفایەک و بەرزیان کردەوە بۆ دەمی. 30کاتێک عیسا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو.» لەدوای ئەوە سەری دانەواند و گیانی سپارد.

31پاشان ڕابەرانی جولەکە داوایان لە پیلاتۆس کرد قاچی لەخاچدراوان بشکێنرێن و تەرمەکانیان هەڵبگیردرێن، چونکە ڕۆژی ئامادەکاری بوو، ئەو شەممەیە ڕۆژێکی گەورە بوو، تاکو تەرمەکان لە شەممەدا لەسەر خاچ نەمێنن. 32ئینجا سەربازەکان هاتن و هەردوو قاچی ئەوەی یەکەم و ئەوی دیکەیان شکاند کە لەگەڵ عیسادا لە خاچ درابوون. 33بەڵام کاتێک هاتنە لای عیسا بینییان وا مردووە، قاچییان نەشکاند. 34بەڵام یەکێک لە سەربازەکان ڕمێکی لە کەلەکەی دا، دەستبەجێ خوێن و ئاو دەرچوو. 35ئەو پیاوەی ئەمەی بینی شایەتی دا، شایەتییەکەشی ڕاستە. خۆی دەزانێت کە ڕاست دەڵێت، تاکو ئێوە باوەڕ بهێنن. 36ئەمە ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی: ﴿هیچ ئێسکێکی ئەو ناشکێنرێت!﴾19‏:36 دەرچوون 12‏:46 و زەبوورەکان 34‏:20.‏ 37هەروەها نووسراوێکی پیرۆزی دیکەش دەفەرموێ: ﴿تەماشای ئەوە دەکەن کە ڕمیان لێداوە.﴾19‏:37 زەکەریا 12‏:10‏.‏

ناشتنی عیسا

38پاش ئەوە یوسفی خەڵکی ڕامە کە لە ترسی ڕابەرانی جولەکە بە نهێنی قوتابی عیسا بوو، داوای لە پیلاتۆس کرد تاکو تەرمی عیسا ببات، پیلاتۆسیش ڕێی دا. ئەویش هات و تەرمەکەی برد. 39نیقۆدیمۆسیش هات، ئەوەی یەکەم جار بە شەو هاتە لای عیسا. لەگەڵ خۆی نزیکەی سی لیتر19‏:39 یۆنانی: سەد لترا دەکاتە نزیکەی سی لیتری سەردەمی ئێستامان.‏ موڕی19‏:39 بڕوانە مەتا 2‏:11‏.‏ تێکەڵاو بە ئەلوای19‏:39 ئەلوا: ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک (سەباڕ)، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە. بڕوانە زەبوورەکان 45‏:8‏ هتد.‏ هێنا. 40جا تەرمەکەی عیسایان برد و بە کەتان لەگەڵ بۆن پێچایانەوە، وەک نەریتی جولەکەیە لە کفن کردن. 41لەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درا باخچەیەکی لێبوو، لە باخچەکەشدا گۆڕێکی نوێی لێبوو کەسی تێدا نەنێژرابوو. 42لەبەر ڕۆژی ئامادەکاری جولەکەکان عیسایان لەوێ دانا19‏:42 لە کەلتوری جولەکە مردوو لە شوێنێکی وەک ئەشکەوت دانراوە و دەرگای لەسەر داخراوە. بڕوانە مەتا 27‏:60‏.‏، چونکە گۆڕەکە نزیک بوو.