یۆحەنا 12 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یۆحەنا 12:1-50

ئامادەکردنی عیسا بۆ مردن

1شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە عیسا هاتە بێت‌عەنیا کە لەعازری لێبوو، ئەوەی عیسا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. 2لەوێ شێوێکیان بۆ ئامادە کرد، مەرسا خزمەتی دەکرد، لەعازریش یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵی پاڵیدابووەوە. 3مریەمیش نیو لیتر بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای هێنا و پێیەکانی عیسای پێ چەورکرد، ئینجا بە قژی پێیەکانی عیسای سڕییەوە و ماڵەکەش پڕبوو لە بۆنی خۆش.

4یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی و بەتەمابوو بە گرتنی بدات، گوتی: 5«بۆچی ئەم بۆنە بە سێ سەد دینار12‏:5 یەک دینار کرێی ڕۆژانەی کرێکارێک بووە.‏ نەفرۆشرا و نەدرا بە هەژاران؟» 6ئەمەی گوت نەک لەبەر ئەوەی خەمی هەژارانی دەخوارد، بەڵکو لەبەر ئەوەی دز بوو و سندوقی پارەشی لەلا بوو، لەو پارەیەی دەبرد کە تێیدا دادەنرا.

7عیساش فەرمووی: «وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هەڵیگرتبوو، 8چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.»

9کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان زانییان عیسا لەوێیە، هاتن، نەک تەنها لەبەر عیسا، بەڵکو بۆ بینینی لەعازریش کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. 10ئەوسا کاهینانی باڵا تەگبیریان کرد لەعازریش بکوژن، 11چونکە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان بەهۆی ئەوەوە دەڕۆیشتن و باوەڕیان بە عیسا دەهێنا.

کەژاوەی پاشایانە

12بۆ بەیانی ئەو ئاپۆرەیە لە خەڵک کە هاتبوون بۆ جەژن، بیستیان کە عیسا دێت بۆ ئۆرشەلیم. 13لقە دار خورمایان برد و بەرەوپیری چوون، هاواریان دەکرد:

«هۆسانا!12‏:13 لە زمانی عیبری دەربڕینێکە بە واتای ڕزگارمان بکە، بووە هاواری ستایش.‏ ﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾12‏:13 زەبوورەکان 118‏:25‏،26‏.‏»

«پیرۆزە پاشای ئیسرائیل!»

14عیسا جاشکێکی بینی، سواری بوو، وەک نووسراوە:

15﴿ئەی شاری سییۆن12‏:15 مەبەست لە خەڵکی ئۆرشەلیمە.‏ مەترسە،

ئەوەتا پاشاکەت دێت

بە سواری جاشی ماکەرێک.﴾12‏:15 زەکەریا 9‏:9

16سەرەتا قوتابییەکانی لەمانە تێنەگەیشتن. بەڵام پاش ئەوەی عیسا شکۆدار کرا12‏:16 مەبەستی لە لەخاچدان و هەستانەوەی عیسایە.‏، بیریان کەوتەوە کە ئەمانە دەربارەی ئەو نووسراون، ئەوانیش ئەمانەیان بۆ ئەو کردووە.

17هەروەها ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی بوون کاتێک لەعازری لەناو گۆڕەکەوە بانگکرد و لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە، شایەتییان بۆی دەدا. 18لەبەر ئەوە بوو خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکەن، چونکە بیستیان ئەو پەرجووەی کردووە. 19فەریسییەکانیش بە یەکتریان گوت: «دەبینن هیچمان لە دەست نایەت! ئەوەتا هەموو جیهان دوای کەوتووە!»

مردن دەرگایە بۆ ژیان

20هەندێک یۆنانی12‏:20 مەبەستی ئەوانەیە کە جولەکە نین.‏ لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوون لە جەژندا خواپەرستی بکەن. 21ئەوان هاتنە لای فیلیپۆسی خەڵکی بێت‌سەیدای جەلیل و پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت عیسا ببینین.» 22فیلیپۆسیش هات و بە ئەندراوسی گوت، ئینجا ئەندراوس و فیلیپۆس هاتن و بە عیسایان گوت.

23عیساش وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «کاتی شکۆدارکردنی کوڕی مرۆڤ هاتووە. 24ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. 25ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتایە ژیانی دەپارێزێت. 26ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.»

عیسا باسی مردنی خۆی دەکات

27«ئێستا خەمبارم، چی بڵێم؟ ”باوکە لەم کاتە12‏:27 کاتی ئازاری لەخاچدان.‏ ڕزگارم بکە“؟ بەڵام نەخێر، من بۆ ئەم کاتە هاتووم. 28ئەی باوک، ناوت شکۆدار بکە!»

جا دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «شکۆدارم کردووە و شکۆداریشی دەکەمەوە.» 29ئەو خەڵکەی لەوێ ئامادەبوون گوێیان لێبوو و گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد.»

30عیسا فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو. 31ئێستا کاتی حوکمدانی ئەم جیهانەیە. ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێت. 32کاتێک منیش لە زەوییەوە بەرز دەکرێمەوە، ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم.» 33ئەمەی گوت ئاماژەی کرد بەو شێوە مردنەی کە دەبێت بمرێت.

34خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «لە تەوراتدا بیستوومانە کە مەسیح هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئیتر چۆن دەڵێی ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بەرز بکرێتەوە“؟ ئەم کوڕی مرۆڤە کێیە؟»

35عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات. 36باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە.

37هەرچەندە زۆر پەرجووی لەبەردەمیان کرد، بەڵام باوەڕیان پێ نەهێنا، 38تاکو وتەی ئیشایا پێغەمبەر بێتە دی کە گوتی:

﴿ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد و

هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟﴾12‏:38 ئیشایا 53‏:1

39لەبەر ئەوە نەیانتوانی باوەڕ بهێنن، چونکە ئیشایا لە شوێنێکی دیکە گوتی:

40﴿چاویانی کوێر و دڵیانی ڕەقکردووە،

بۆ ئەوەی بە چاویان نەبینن و بە دڵیان تێنەگەن،

نەوەک بگەڕێنەوە و منیش چاکیان بکەمەوە.﴾12‏:40 ئیشایا 6‏:10

41ئیشایا ئەمانەی گوت، چونکە شکۆی ئەوی بینی و باسی کرد.

42هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرەکانیش باوەڕیان پێی هێنا، بەڵام لەبەر فەریسییەکان ڕایاننەدەگەیاند نەوەک لە کەنیشت دەربکرێن، 43چونکە شکۆی خەڵکیان لە شکۆی خودا زیاتر خۆشدەویست.

ڕووناکی باوەڕ

44ئینجا عیسا بە دەنگی بەرز فەرمووی: «ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، باوەڕ بە من ناهێنێت، بەڵکو بەوەی ناردوومی، 45ئەوەش کە دەمبینێت، ئەوە دەبینێت کە ناردوومی. 46من وەک ڕووناکی هاتوومەتە جیهان، تاکو هەرکەسێک باوەڕم پێ بهێنێت لە تاریکیدا نەمێنێتەوە.

47«ئەگەر یەکێک گوێی لە وتەکانم بوو و کاری پێ نەکرد، من حوکمی نادەم، چونکە نەهاتووم تاکو جیهان حوکم بدەم، بەڵکو جیهان ڕزگار بکەم. 48ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە حوکمی بدات، ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا حوکمی دەدات. 49من لە خۆمەوە قسەم نەکردووە، بەڵکو ئەو باوکەی کە ناردوومی، ڕایسپاردووم کە چی بڵێم و چ قسەیەک بکەم. 50دەزانم ڕاسپاردەی ئەو خەڵکی بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەبات، هەر بۆیە هەرچی بڵێم، بەو جۆرە دەیڵێم کە باوکم پێی فەرمووم.»