یۆئێل 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یۆئێل 2:1-32

سوپای کوللە

1لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن،

لەسەر کێوی پیرۆزم هاوار بکەن بۆ ئاگادارکردنەوە.

با هەموو دانیشتووانی خاکەکە بلەرزن،

چونکە ڕۆژی یەزدان دێت و نزیکە.

2ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە،

ڕۆژی هەور و تەمی چڕە.

وەک کازێوە باڵی بەسەر چیاکاندا دەکێشێت،

سوپایەکی گەورە و بەهێز دێت،

لە دێرزەمانەوە هاوشێوەی نەبووە،

لە نەوەی داهاتووش شتی وا نابێتەوە.

3لەپێشیانەوە ئاگر دەخوات و

لەپشتیشیانەوە گڕ دەسووتێنێت.

لەپێشیانەوە خاک وەک باخچەی عەدەنە،

لەپشتیشیانەوە چۆڵەوانییەکی وێرانە،

هیچ لێیان دەرباز نابێت.

4دیمەنیان وەک دیمەنی ئەسپە،

وەک سوار غار دەدەن.

5وەک دەنگی گالیسکە

لەسەر لووتکەی چیاکان باز دەدەن،

وەک دەنگی گڕی ئاگرە کە پوشوپەڵاش هەڵدەلووشێت،

وەک سوپایەکی بەهێزی ڕیزبەستووە بۆ جەنگ.

6لەبەردەم ئەوان، گەلان سڵ دەکەنەوە،

هەموو دەموچاوێک ڕەنگی هەڵدەبزڕکێت.

7وەک پاڵەوان هێرش دەبەن،

وەک جەنگاوەر بە شووراکاندا هەڵدەگەڕێن.

هەموویان لەسەر یەک هێڵ دەڕۆن و

لە ڕێچکەی خۆیان لانادەن.

8تەنگ بە یەکتری هەڵناچنن و

هەریەکەیان بە ڕیزی خۆیدا دەڕوات،

بە سەنگەرەکاندا ڕەت دەبن،

بەبێ ئەوەی ڕیزەکانیان بشکێنن.

9بەناو شارەکەدا غار دەدەن،

بەسەر شووراکاندا ڕادەکەن،

سەردەکەونە سەر ماڵەکان،

وەک دز بەناو پەنجەرەکاندا دێنە ژوورەوە.

10لەبەردەمیان زەوی دەلەرزێت،

ئاسمان دەهەژێت،

خۆر و مانگ تاریک دەبن و

ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.

11یەزدان دەنگی بەرز دەکاتەوە

لەپێش سوپاکەیەوە،

سەربازەکانی زۆر زۆرن،

ئەوانەی فەرمانەکەی بەجێدەهێنن بە هێزن.

ڕۆژی یەزدان گەورەیە،

زۆر سامناکە.

کێ خۆی لەبەری دەگرێت؟

دڵتان دابدڕن

12یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا،

بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە لام،

بە ڕۆژووگرتن و گریان و شیوەن گێڕانەوە.»

13دڵتان دابدڕن نەک جلەکانتان،

بگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان،

چونکە میهرەبان و بە بەزەییە،

پشوودرێژە،

خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرە،

لە خراپە پاشگەز دەبێتەوە.

14کێ دەزانێت؟ ڕەنگە بگەڕێتەوە و پاشگەز بێتەوە،

لەپاش خۆیەوە بەرەکەت بەجێبهێڵێت،

بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب

بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.

15لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن،

ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن،

بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن.

16گەل کۆبکەنەوە و

کۆمەڵ تەرخان بکەن،

پیران خڕبکەنەوە و

منداڵان کۆبکەنەوە

لەگەڵ شیرەخۆرەکان.

با زاوا لە ژوورەکەیەوە بێتە دەرەوە،

بووکیش لە کوللەکەی.

17با کاهینەکان، خزمەتکارانی یەزدان،

لەنێوان هەیوانەکە و قوربانگاکەدا بگریێن.

با بڵێن: «ئەی یەزدان، دڵت بە گەلەکەت بسووتێت،

میراتەکەت مەکە جێگای تانە و تەشەر،

هەتا گەلان بیانکەنە پەند.

بۆچی لەنێو گەلاندا بڵێن: ”کوا خوداکەیان؟“»

وەڵامی یەزدان

18ئینجا یەزدان خۆشەویستی بۆ خاکەکەی دەردەبڕێت و

بەزەیی بە گەلەکەیدا دێتەوە.

19یەزدان وەڵام دەداتەوە و بە گەلەکەی دەفەرموێت:

«دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان بۆ دەنێرم،

هەتا ئەوەی لێی تێردەبن،

ئیتر ناتانکەمە جێگای تانە و تەشەری نەتەوەکان.

20«ئەو سوپایەش کە لە باکوورەوە هاتووە لێتان دوور دەخەمەوە،

دەریدەکەم بۆ زەوییەکی وشک و وێران،

ڕووی لە دەریای ڕۆژهەڵاتە2‏:20 دەریای مردوو.‏ و

پشتیشی لە دەریای ڕۆژئاوایە2‏:20 دەریای ناوەڕاست.‏،

بۆگەنییەکەی سەرکەوت و

بۆنە پیسەکەی بڵاو دەبێتەوە.»

بێگومان کاری مەزنی ئەنجام داوە.

21ئەی زەوی مەترسە!

شاد و دڵخۆش بە،

چونکە یەزدان کاری مەزنی ئەنجام داوە.

22ئەی ئاژەڵە کێوییەکان مەترسن،

چونکە لەوەڕگاکانی دەشتودەر سەوز دەبن،

درەختەکان بەر دەگرن،

دار هەنجیر و دار مێو بەرێکی زۆر دەردەخەن.

23ئەی نەوەی سییۆن،

شاد و دڵخۆش بن بە یەزدانی پەروەردگارتان،

چونکە بۆ دەرکەوتنی ڕاستودروستی پاییزە بارانی پێدان.

پاییزە باران و بەهارە باران

هەروەک پێشتر بەسەرتاندا دەبارێنێت.

24ئیتر جۆخینەکان2‏:24 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏ پڕ دەبن لە دانەوێڵە و

قەڕابەکان سەرڕێژ دەبن لە شەراب و زەیت.

25«قەرەبووی ئەو ساڵانەتان دەکەمەوە کە کوللەی گەورە خواردیان،

پێکوڕە و وردە کوللە و

کوللەی قرتێنەر،

لەشکرە گەورەکەم کە ناردمە سەرتان.

26ئینجا زۆر دەخۆن و تێر دەبن،

ستایشی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان دەکەن،

ئەوەی کاری سەرسوڕهێنەری لەگەڵدا کردن،

بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.

27ئیتر دەزانن کە من لە ناوەڕاستی ئیسرائیلم،

کە من یەزدانی پەروەردگارتانم و

بێجگە لە من یەکێکی دیکە نییە.

بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.

ڕۆژی یەزدان

28«پاش ئەمانە،

ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم.

کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،

پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن،

گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت.

29تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم،

لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم.

30پەرجوو2‏:30 پەرجوو: موعجیزە.‏ لە ئاسمان و

زەویدا نیشان دەدەم،

خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.

31خۆر دەبێتە تاریکی و

مانگیش دەبێتە خوێن،

بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت.

32بەڵام هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە

ڕزگاری دەبێت،

چونکە هەروەک یەزدان فەرمووی،

ڕزگاربوون لە کێوی سییۆن و

لە ئۆرشەلیم دەبێت،

بۆ ئەوانەیە کە ماونەتەوە،

ئەوانەی یەزدان بانگهێشتی کردوون.