یۆئێل 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

یۆئێل 1:1-20

1پەیامی یەزدان کە بۆ یۆئێلی کوڕی پەتوئێل هات:

هێرشی کوللە

2ئەی پیران، گوێ لەمە بگرن،

ئەی هەموو دانیشتووانی خاکەکە، گوێ شل بکەن.

ئایا ئەمە لە سەردەمی ئێوە

یان لە سەردەمی باوباپیرانتان ڕوویداوە؟

3ئەمە بۆ کوڕەکانتان بگێڕنەوە،

کوڕەکانیشتان بۆ کوڕەکانیان،

کوڕەکانیشیان بۆ نەوەی دوای خۆیان.

4ئەوەی لەبەر کوللەی قرتێنەر مایەوە

کوللەی گەورە لووشیان دا،

ئەوەی لەبەر کوللەی گەورە مایەوە

پێکوڕە لووشیان دا،

ئەوەش کە لەبەر پێکوڕە مایەوە

وردە کوللەی لووشیان دا.

5ئەی سەرخۆشەکان، بەئاگا بێن و بگریێن!

ئەی هەموو ئەوانەی شەراب دەخۆنەوە،

واوەیلا بۆ شەرابی شیرین بکەن،

چونکە لە دەمتان بڕاوە.

6نەتەوەیەک پەلاماری خاکەکەمی دا،

بەهێز و بێشومارە،

ددانەکانی ددانی نەڕە شێرە و

کەڵبەی شێرە مێی هەیە.

7دار مێوەکەمی وێران کردووە و

دار هەنجیرەکەمی تێکشکاندووە،

توێکڵەکەی داتاشیوە و فڕێیداوە،

لقەکانی سپی بوونەوە.

8شین بگێڕە وەک پاکیزەیەکی جلوبەرگی گوش1‏:8 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏ پۆشیو،

بۆ مێردی گەنجییەتی کە نەماوە.

9پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب

لە ماڵی یەزدان بڕایەوە،

کاهینەکان دەلاوێننەوە،

ئەوانەی خزمەتکاری یەزدانن.

10کێڵگەکان وێران بوون،

خاک شیوەنی گێڕا،

چونکە دانەوێڵە فەوتا،

شەرابی نوێ نەما،

ڕۆن لە هیزە بڕا.

11ئەی جوتیارەکان، نائومێد بن،

ڕەزەوانەکان، واوەیلا بکەن،

بۆ گەنم و جۆ،

چونکە دروێنەی کێڵگە لەناوچوو.

12دار مێو وشک هەڵگەڕا و

دار هەنجیر سیس بوو،

دار هەنار و خورما و سێو،

هەموو درەختەکانی کێڵگە وشک هەڵگەڕان.

بە دڵنیاییەوە شادی و خۆشی بۆ گەل نەما.

بانگەوازی تۆبەکردن

13ئەی کاهینەکان، گوش بپۆشن و بلاوێننەوە،

ئەی خزمەتکارانی قوربانگا، واوەیلا بکەن.

ئەی خزمەتکارانی خوداکەم،

وەرن و شەو بە بەرگی ماتەمەوە بمێننەوە،

چونکە پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب

لە ماڵی خوداتان ڕاگیراوە.

14ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن،

بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن،

پیران کۆبکەنەوە،

هەموو دانیشتووانی خاکەکەش

بێنە ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان،

هاوار بکەن بۆ یەزدان.

15ئای بۆ ئەو ڕۆژە!

چونکە ڕۆژی یەزدان1‏:15 لێرەدا مەبەست لە ڕووداوێکە کە دەبێتە سزای ئیسرائیل لەلایەن خوداوە لەسەر ستەمکاری و خراپەکارییان.‏ نزیک بووەتەوە،

وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بەتواناوە دێت.

16ئایا لەبەرچاومان خواردن نەبڕاوە؟

ئایا لە ماڵی خودامان خۆشی و شادی ماوە؟

17تۆوی دانەوێڵەکان

لەژێر باڕستی خاکدا ڕزین،

کۆگاکان چۆڵ کران،

ئەمبارەکان وێران کران،

چونکە دانەوێڵە وشک بوو.

18ماڵاتەکان چۆن دەناڵێنن!

مێگەلەکان بەڕەڵا بوون،

چونکە لەوەڕگایان نییە،

تەنانەت ڕانە مەڕەکانیش ماندوون.

19ئەی یەزدان، هاوار بۆ تۆ دەکەم،

چونکە ئاگر لەوەڕگاکانی دەشتودەری خوارد،

گڕێک هەموو درەختەکانی کێڵگەی سووتاند.

20تەنانەت ئاژەڵە کێوییەکانیش چاویان لە دەستی تۆیە،

چونکە جۆگەلە ئاوەکان وشکیان کردووە و

ئاگر لەوەڕگاکانی دەشتودەری خواردووە.