گەلاتیا 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

گەلاتیا 5:1-26

ئازادی بە مەسیح

1مەسیح ئازادی کردین تاکو بە ئازادی بژین. بۆیە چەسپاو بن و جارێکی دیکە ملکەچی نیری کۆیلایەتی مەبن.

2ئاگاداربن، من پۆڵسم پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕێبدەن خەتەنە بکرێن ئەوا مەسیح هیچ سوودێکی بۆتان نابێت! 3دیسان شایەتی دەدەم، هەر مرۆڤێک ڕێ بدات خەتەنە بکرێت، دەبێت کار بە هەموو شەریعەت بکات. 4ئەی ئەوانەی دەتانەوێت بە شەریعەت بێتاوان بکرێن، ئەوا لە مەسیح جیا بوونەوە و لە نیعمەتی خودا کەوتن. 5بەڵام ئێمە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە، بە باوەڕ، چاوەڕێی هیوای ڕاستودروستین. 6بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا خەتەنەکردن یان نەکردن هیچ سوودێکی نییە، بەڵکو ئەو باوەڕە گرنگە کە بە خۆشەویستی کار دەکات.

7باش ڕاتاندەکرد. کێ ڕێی لێ گرتن تاکو گوێڕایەڵی ڕاستی نەبن؟ 8ئەم بیروباوەڕە لەلایەن ئەوەوە نییە کە بانگتان دەکات. 9«هەویرترشێکی بچووک، هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت.» 10لەبەر ئەوەی ئێمە لەگەڵ مەسیح یەکین، دڵنیام کە بە شێوەیەکی دیکە بیرناکەنەوە. ئەوەی بتانشێوێنێ سزای خۆی وەردەگرێت، جا هەرکەسێک بێت. 11بەڵام خوشکان، برایان، ئەگەر هەتا ئێستا من خەتەنەکردن ڕادەگەیەنم، ئیتر بۆچی هەتا ئێستا دەچەوسێمەوە؟ ئەگەر وا بێت، کۆسپی خاچ لادراوە. 12خۆزگە ئەو کەسانە دەخەسێنران کە دەتانشێوێنن.

13ئەی خوشک و برایانم، ئێوە بۆ ئازادی بانگکراون، بەڵام ئازادی مەقۆزنەوە بۆ ڕازیکردنی سروشتی دنیایی، بەڵکو بە خۆشەویستی خزمەتی یەکتری بکەن، 14چونکە تەورات هەمووی لە یەک ڕاسپاردەدا دێتە دی: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾5‏:14 لێڤییەکان 19‏:18.‏ 15ئەگەر پەلاماری یەکتری بدەن و یەکتری بخۆن، ئاگاداربن یەکتری لەناونەبەن.

ڕۆح و جەستە

16پێتان دەڵێم: بە ڕۆحی پیرۆز بژین، ئینجا ئارەزووی سروشتی دنیایی تێر ناکەن، 17چونکە ئارەزووی سروشتی دنیایی لە دژی ڕۆحەکەیە، ڕۆحەکەش لە دژی سروشتی دنیاییە. هەریەکەیان بەربەرەکانێی ئەوی دیکە دەکات، تاکو ئەوە نەکەن کە دەتانەوێت. 18بەڵام ئەگەر ئێوە بە ڕۆحەکە بەڕێوە بچن، ئەوا لەژێر سایەی شەریعەتدا نین.

19ئێستا کردەوەکانی سروشتی دنیایی مرۆڤ ڕوونن، ئەوانیش: داوێنپیسی، گڵاوی، بەڕەڵایی، 20بتپەرستی، جادووگەری، دوژمنایەتی، یاخیبوون، دڵپیسی، تووڕەبوون، خۆپەرستی، دووبەرەکی، ناکۆکی، 21چاوپیسی، سەرخۆشی، ڕابواردن، شتی دیکەی وەک ئەمانە، ئاگادارتان دەکەمەوە، وەک پێشتر ئاگادارم کردوونەتەوە: ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن نابنە میراتگری شانشینی خودا.

22بەڵام بەروبوومی ڕۆحی پیرۆز ئەمەیە: خۆشەویستی، خۆشی، ئاشتی، ئارامگرتن، نیانی، چاکە، دڵسۆزی، 23دڵنەرمی و بەسەرخۆدا زاڵبوون. شەریعەت نییە لە دژی ئەمانە بێت. 24بەڵام ئەوانەی هی عیسای مەسیحن سروشتی دنیاییان لەگەڵ حەز و ئارەزووەکانیان لە خاچ داوە. 25ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز بژین، با هەنگاوەکانی ڕۆحەکەش بپارێزین. 26با لەخۆبایی نەبین، یەکتری تووڕە نەکەین، ئیرەیی بە یەکتر نەبەین.