گۆرانی گۆرانییەکان 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

گۆرانی گۆرانییەکان 6:1-13

دەستەخوشکەکان

1دڵدارەکەت چووە کوێ،

ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟

دڵدارەکەت ڕووی لەکوێ کرد،

هەتا لەگەڵت بەدوایدا بگەڕێین؟

ئەویندار

2دڵدارەکەم دابەزییە ناو باخچەکەی،

بۆ ناو باخچەی بۆندار،

هەتا مێگەلی خۆی لەناو باخچەکاندا بلەوەڕێنێت و

سەوسەن کۆبکاتەوە.

3من بۆ دڵدارەکەمم و دڵدارەکەم بۆ منە،

لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.

دڵدار

4یارەکەم تۆ وەک شانشینی تیرزە جوانی،

وەک ئۆرشەلیم شیرینی،

وەک لەشکرە ئاڵادارەکان شکۆداری.

5چاوەکانت لەسەر من لابدە،

چونکە بەرگەی ناگرم.

قژت وەک ڕانە بزنە

کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.

6ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن

کە لە شوشتن گەڕاونەتەوە،

هەموویان جووتن،

هیچیان بە تەنها نین.

7گۆنات وەک لەتە هەنارە

لە پشت پەچەکەتەوە.

8شەست شاژنن و

هەشتا کەنیزەن،

پاکیزەکانیش لە ژمارە نایەن،

9بەڵام کۆترەکەم، بێگەردەکەم، بێ وێنەیە،

کچە تاقانەی دایکییەتی،

نازدارەکەی ئەوەی بوویەتی.

کچ بینییان خۆزگەیان پێ خواست

شاژنەکان و کەنیزەکان ستایشیان کرد.

دەستەخوشکەکان

10ئەوە کێیە سەری هەڵهێنا وەک بەرەبەیان،

جوانە وەک مانگ، بێگەردە وەک ڕۆژ،

وەک کەژاوەی ئەستێرەکان شکۆدارە؟

ئەویندار

11بۆ ناو باخی دار گوێز دابەزیم

بۆ بینینی دەرکەوتنی گیای دۆڵ،

بۆ ئەوەی ببینم ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە،

هەناریش پشکوتووە؟

12پێش ئەوەی بزانم،

گیانم لەناو گالیسکەکانی پاشایەتی گەلەکەم داینام.

دەستەخوشکەکان

13ئەی شولەمیتی6‏:13 ناوی ناوچەیە.‏، بگەڕێوە، بگەڕێوە!

بگەڕێوە، بگەڕێوە، بۆ ئەوەی تەماشات بکەین!

دڵدار

بۆچی تەماشای شولەمیت دەکەن

وەک سەمای مەحەنەیم6‏:13 مەحەنەیم: ناوی شارێک بوو لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون. بڕوانە پەیدابوون 32‏:2‏.‏؟