گۆرانی گۆرانییەکان 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

گۆرانی گۆرانییەکان 5:1-16

دڵدار

1هاتمە ناو باخچەکەم، ئازیزم، بووکێ،

موڕ و بۆنوبەرامی خۆمم کۆکردەوە،

شانەی هەنگوین و هەنگوینی خۆمم خوارد،

شەراب و شیری خۆمم خواردەوە.

هاوڕێیەکان

ئەی هاوڕێیان، بخۆن و بخۆنەوە؛

یاران، بە ئەوین مەست بن.

ئەویندار

2من خەوتووم، بەڵام دڵم بێدارە!

دەنگی دڵدارەکەمە لە دەرگا دەدات:

«دەرگام بۆ بکەرەوە، دڵداری ئازیزم،

ئەی کۆترەکەم، ئەی بێ کەموکوڕییەکەم،

سەرم پڕ ئاونگ بووە،

ئەگریجەم پڕ شەونم.»

3جلەکانم داکەندووە،

ئایا دەبێ دیسان لەبەری بکەمەوە؟

پێیەکانم شوشتووە،

ئایا دەبێ دیسان پیسیان بکەمەوە؟

4دڵدارەکەم لە کونی دەرگاوە دەستی درێژکرد،

هەناوم بۆی ڕاچەنی.

5هەستام هەتا دەرگا لە دڵدارەکەم بکەمەوە،

دەستەکانم موڕیان لێ دەچۆڕا،

پەنجەکانم موڕی شل

لەسەر دەسکی سورگییەکە.

6دەرگام بۆ دڵدارەکەم کردەوە،

بەڵام دڵدارەکەم بایدابووەوە و ڕۆیشتبوو.

گیانم بەدوای ئەودا دەرچوو،

بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.

بانگم کرد، وەڵامی نەدامەوە.

7تووشی ئێشکگرەکان بووم

کاتێک بەناو شاردا دەسووڕانەوە.

لێیان دام و برینداریان کردم،

چارۆکەکەیان لەبەر داکەندم،

ئێشکگری شووراکان

8ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم،

ئەگەر تووشی دڵدارەکەم بوون،

ئەمەی پێ بڵێن،

من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.

دەستەخوشکەکان

9دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران،

ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟

دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران،

کە ئاوا سوێندت داین؟

ئەویندار

10دڵدارەکەم سوور و گەشاوەیە،

لەناو دە هەزار کەسدا دیارە.

11سەری زێڕی بێگەردە،

زولفی بەرداوەتەوە،

ڕەشە وەک قەلەڕەش.

12چاوەکانی وەک کۆترن

چاوەکانی وەک کۆترن لەسەر کانییەک،

کۆترەکان هێندە سپین وەکو شیر،

لە کەناری حەوزێک هەڵنیشتوون.

13گۆناکانی وەک باخچەی بۆندارن،

بۆنیان خۆشە.

لێوەکانی سەوسەنن،

موڕی شلیان لێ دەتکێت.

14دەستەکانی لوولەی زێڕن،

بە زەبەرجەد ڕازاونەتەوە،

لەشی عاجی تاشراوە

بە بەردی یاقووتی شین5‏:14 یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.‏ پێچراوەتەوە.

15قاچەکانی ستوونی مەڕمەڕن،

لەسەر دوو بنکەی زێڕی بێگەرد دامەزراون.

ڕوخساری وەک لوبنانە،

هەڵبژاردە وەک ئورز.

16دەمی شیرینە،

سەراپای خۆشەویستە.

ئەمە دڵدارەکەمە، ئەو ئازیزی منە،

ئەی کچانی ئۆرشەلیم!