گۆرانی گۆرانییەکان 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

گۆرانی گۆرانییەکان 4:1-16

دڵدار

1ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت،

چەند جوانیت!

چاوەکانت دوو کۆترن لە پشت پەچەکەتەوە.

قژت وەک مێگەلە بزنە

کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.

2ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن،

کە تازە بڕاونەتەوە و لە شوشتن گەڕاونەتەوە،

هەموویان جووتن،

هیچیان بە تەنها نین.

3لێوەکانت وەک ڕیسی ئاڵە،

دەمت شیرینە،

گۆنات وەک لەتە هەنارە

لە پشت پەچەکەتەوە.

4گەردنت وەک قوللەی داودە

بە ڕیزە بەرد بنیاد نراوە،

هەزار قەڵغانی پێوە هەڵواسراوە،

هەمووی قەڵغانی پاڵەوانانە.

5جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن،

وەک جووتێک مامزن،

کە لەنێو گوڵە سەوسەندا دەلەوەڕێن.

6بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و

تاریکی بڕەوێتەوە،

دەچمە چیای موڕ و

گردی بخوور.

7ئەی یارەکەم، سەرتاپات جوانییە،

هیچ کەموکوڕیت تێدا نییە.

8بووکێ، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە،

لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە.

لە لووتکەی چیای ئەماناوە وەرە خوارەوە،

لە سەری سنیرەوە کە لووتکەی حەرمۆنە،

لە لانەی شێرانەوە،

لە چیای پڵنگانەوە.

9ئازیزەکەم، بووکێ، دڵی منت ڕفاندووە،

بە تیلەی چاوت دڵت ڕفاندووم،

بە موورووێکی ملوانکەکەت.

10ئەوینت چەند جوانە، بووکی ئازیزم،

ئەوینت چەند لە شەراب خۆشترە،

بۆنی عەترەکەشت لە هەموو بۆنوبەرامێک.

11لێوەکانت شانەی هەنگوینیان لێ دەتکێت، بووکێ،

شیر و هەنگوین لەژێر زمانتە!

بۆنی جلوبەرگت وەک بۆنی لوبنانە.

12باخچەیەکی داخراوە! بووکی ئازیزم،

سەرچاوەیەکی داخراوە، کانییەکی مۆرکراوە!

13نەمامەکانت باخی هەنارن

لەگەڵ بەروبوومی هەڵبژاردە،

خەنە و ناردین،

14ناردین و کارکۆم4‏:14 ئەو گوڵەیە کە ڕەگەکەی زەردەچەوەی لێ دروستدەکرێت.‏،

قامیشی بۆنخۆش و دارچین،

لەگەڵ هەموو جۆرە دار بخوورێک،

موڕ و ئەلوا4‏:14 ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک سەباڕ، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە.‏

لەگەڵ هەموو بۆنوبەرامەکان.

15تۆ سەرچاوەی باخچەکانیت،

بیری ئاوی لەبەر ڕۆیشتووی،

لێشاوە لە لوبنان دێتە خوارێ.

ئەویندار

16هەستە، ئەی بای باکوور،

وەرە، ئەی بای باشوور!

بەسەر باخچەکەم هەڵبکەن،

با بۆنوبەرامی بڵاوبێتەوە،

بۆ ئەوەی دڵدارەکەم بێتە ناو باخچەکەی خۆی،

با بەروبوومە هەڵبژاردەکەی تام بکات.