گۆرانی گۆرانییەکان 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

گۆرانی گۆرانییەکان 2:1-17

ئەویندار

1من گوڵاڵە سوورەی شارۆن و

سەوسەنی دۆڵانم.

دڵدار

2وەک گوڵی سەوسەن لەناو دڕکوداڵ

یارەکەم ئاوایە لەناو کچان.

ئەویندار

3وەک دار سێو لەنێو دارەکانی دارستان

دڵدارەکەم ئاوایە لەناو کوڕان.

حەزم لە دانیشتنە لە سێبەرەکەی

مێوەکەشی بۆ دەمم شیرینە.

4با بمباتە هۆڵی خوانەکە،

خۆشەویستییەکەی وەک ئاڵا لەسەر سەرم بشەکێتەوە.

5بە کشمیش گڕوتینم پێ ببەخشن،

بە سێو بمگەشێننەوە،

چونکە من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.

6دەستی چەپی لەژێر سەرمە و

دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.

7ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم،

بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر،

کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن

هەتا خۆی حەز دەکات.

8گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە!

تەماشا بکە! وا دێت،

لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە،

بەسەر گردەکاندا باز دەدات.

9دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە،

وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە،

لە دەلاقەوە سەیر دەکات،

لە کڵاوڕۆژنەوە2‏:9 وەک پەنجەرەیە، دەلاقەیەکە بۆ هاتوچۆی هەوا و گەڕانەوەی تیشکی خۆر.‏ تەماشا دەکات.

10دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم:

«یارەکەم، هەستە،

شیرینەکەم، وەرە.

11تەماشا بکە، زستان تێپەڕی،

باران بەسەرچوو و نەما.

12گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت،

ئێستا کاتی گۆرانییە؛

خوێندنی کوکوختی

لە خاکی ئێمە دەبیسترێت.

13هەنجیر بەری گرتووە،

بۆنی بەرسیلەی مێو بڵاو بووەتەوە.

یارەکەم، هەستە،

شیرینەکەم، وەرە.»

دڵدار

14ئەی کۆترەکەم لەناو کەلەبەری هەڵدێرەکان،

لە پەناگای بنارەکان،

با ڕوخسارت ببینم،

با دەنگت ببیستم،

چونکە دەنگت ناسکە و

ڕوخسارت شیرینە!

15ڕێوییەکانمان بۆ ڕاو بکەن،

ئەو توولە ڕێوییانەی

ڕەزەکانمان تێکدەدەن،

چونکە ڕەزەکانمان پەسیرەیان گرتووە.

ئەویندار

16دڵدارەکەم بۆ منە و منیش بۆ ئەوم،

لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.

17بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و

تاریکی بڕەوێتەوە،

ئەی دڵدارەکەم، بگەڕێوە،

وەک ئاسک بە،

یان کارمامز

لەسەر چیا فرە لووتکەکان.