کۆلۆسی 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

کۆلۆسی 4:1-18

1ئەی گەورەکان، لەگەڵ کۆیلەکان بە دادپەروەری و یەکسانی هەڵسوکەوت بکەن، چونکە دەزانن ئێوەش گەورەتان هەیە لە ئاسمان.

هاندان بۆ نوێژکردن

2پەیوەست بن بە نوێژکردنەوە، بە سوپاسەوە ئێشکی لێ بگرن. 3بۆ ئێمەش نوێژ بکەن کە خودا دەرگایەکمان بۆ بکاتەوە بۆ پەیامەکە، بۆ ئەوەی نهێنیی مەسیح ڕابگەیەنین، هەر لەبەر ئەمەش گیراوم. 4هەروەها نوێژ بکەن بۆ ئەوەی وەک پێویستە بە ڕوونی پەیامەکە ڕابگەیەنم. 5بە دانایی لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە ڕەفتار بکەن، کات بقۆزنەوە. 6با قسەتان هەردەم پڕبێت لە نیعمەت، بە خوێ سوێر کرابێت، تاکو بزانن چۆن پێویستە وەڵامی هەرکەسێک بدەنەوە.

سڵاوی کۆتایی

7تیخیکۆس هەموو هەواڵێکی منتان دەداتێ، برایەکی خۆشەویست و خزمەتکارێکی دڵسۆز و هاوکاری ئێمەیە لە خزمەتکردنی مەسیحی باڵادەستدا. 8بە تایبەتی بۆ ئەوە ناردمە لاتان کە هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە. 9ئەو لەگەڵ ئۆنسیمۆسی برای خۆشەویست و دڵسۆز، ئەوەی لە خۆتانە، هەواڵی هەموو شتێکی ئێرەتان دەدەنێ.

10ئەریستارخۆسی هاوڕێی بەندیێتیم سڵاوتان لێدەکات، مەرقۆسی ئامۆزای بەرناباسیش. دەربارەی ئەو ڕاسپاردەتان وەرگرتووە. ئەگەر هاتە لاتان پێشوازیی لێ بکەن.

11هەروەها عیسا کە بە یوستۆس ناودەبردرێت، ئەویش سڵاوی بۆتان هەیە. تەنها ئەمانە لەنێوان هاوکارانم بۆ شانشینی خودا لە جولەکەکانن4‏:11 یۆنانی: خەتەنەکراوان.‏، ئەوانەی بوونە هاندەرم.

12ئەپەفراسی بەندەی عیسای مەسیح، ئەویش لە خۆتانە و سڵاوتان لێدەکات، هەردەم لە نوێژەکانیدا لە پێناوتاندا تێدەکۆشێت، تاکو لە تەواویدا بچەسپێن و تەواو دڵنیا بن لە هەموو خواستی خودا. 13شایەتیی بۆ دەدەم کە زۆر ماندوو دەبێت بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شارەکانی لاودیکییان و هیراپۆلیسن.

14لۆقای پزیشکی خۆشەویست و دیماس سڵاوتان لێدەکەن.

15سڵاو بکەن لە خوشکان و برایانی لاودیکییا و نیمفاس4‏:15 ئافرەتێکی خزمەتکار بووە.‏ و ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیەتی.

16کاتێک ئەم نامەیەتان بۆ خوێنرایەوە، وابکەن لە کڵێسای لاودیکییەکانیش بخوێنرێتەوە، ئەوەی هی لاودیکییاشە ئێوە بیخوێننەوە.

17بە ئەرخیپۆس بڵێن: «سەیری ئەو خزمەتە بکە کە لە مەسیحی باڵادەستەوە وەرتگرتووە، تاکو تەواوی بکەیت.»

18من پۆڵسم، ئەم سڵاوە دەستخەتی خۆمە. یادی کۆتەکانم بکەن. نیعمەت لەگەڵتان بێت.