کۆلۆسی 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

کۆلۆسی 3:1-25

باوەڕدار و مەسیح

1لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ مەسیحدا هەستێنرانەوە، کەواتە بۆ ئەو شتانەی سەرەوە کۆشش بکەن، لەوێ مەسیح لە دەستەڕاستی خودا دانیشتووە. 2بایەخ بەو شتانەی سەرەوە بدەن، نەک ئەوانەی لەسەر زەوین، 3چونکە ئێوە مردن، ژیانیشتان لەگەڵ مەسیح لە خودادا شاردراوەتەوە. 4کاتێک مەسیح دەردەکەوێت کە ژیانتانە، ئەوسا ئێوەش لەگەڵیدا لە شکۆمەندیدا دەردەکەون.

5کەواتە ئارەزووە دنیاییەکانتان بمرێنن: داوێنپیسی، گڵاوی، هەوەسبازی، ئارەزووی خراپ، چاوبرسیێتی کە جۆرێکە لە بتپەرستی، 6چونکە بەهۆیانەوە تووڕەیی خودا دێتە سەر یاخیبووان. 7ئێوەش جاران ئاوا هەڵسوکەوتتان دەکرد، کاتێک تێیاندا دەژیان. 8بەڵام ئێستا هەموو ئەوانە فڕێبدەن: هەڵچوون، تووڕەیی، قین، بوختان، قسەی ناشیرین لە زارتان. 9لەگەڵ یەکتری درۆ مەکەن، چونکە مرۆڤە کۆنەکە و کردەوەکانتان داکەندووە و 10مرۆڤێکی نوێتان لەبەرکردووە، ئەوەی بەگوێرەی وێنەی بەدیهێنەرەکەی بە ناسینی نوێ بووەتەوە. 11لەوێدا جولەکە و ناجولەکە نییە، خەتەنەکراو و خەتەنەنەکراو، بەربەری3‏:11 بەربەری: ئەو کەسانەی کە بە زمانی یۆنانی قسە ناکەن، بە کەسانی نا ڕۆشنبیر هەژماردکراون.‏ و سکیسی3‏:11 بە بیرکردنەوەی ڕۆمانییەکان خەڵکانێکن دڕندەن و زۆر لە ڕۆشنبیرییەوە دوورن.‏، کۆیلە و ئازاد نییە، بەڵکو مەسیح هەموو شتێکە و لە هەمووتاندایە.

باوەڕدار و کڵێسا

12بۆیە، ئێوە کە گەلی پیرۆز و خۆشەویست و هەڵبژێردراوی خودان، میهرەبانی و نیانی و بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتن لەبەر بکەن. 13بەرگەی یەکتری بگرن، ئەگەر یەکێک سکاڵای لەسەر یەکێک هەبوو، گەردنی یەکتری ئازاد بکەن. وەک مەسیحی باڵادەست لێتان خۆشبوو، ئێوەش لێیان خۆشبن. 14لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە خۆشەویستی لەبەر بکەن، کە لە یەکێتییەکی تەواودا هەموویان دەبەستێتەوە.

15با ئاشتی مەسیح حوکمی دڵتان بکات، چونکە وەکو ئەندامانی جەستەیەک بۆ ئاشتی بانگکران، هەروەها سوپاسگوزار بن. 16با پەیامی مەسیح بە دەوڵەمەندی لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، بەوپەڕی دانایی یەکتری فێر بکەن و ئاگادار بکەنەوە، بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بە سوپاسگوزاری لە دڵتاندا گۆرانی بۆ خودا بڵێن. 17هەر شتێک دەڵێن و دەیکەن، هەمووی بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە بیکەن، لە ڕێگەی عیساوە سوپاسی خودای باوک بکەن.

باوەڕدار و خێزان

18ئەی ژنەکان، ملکەچی مێردەکانتان بن، وەک لە شوێنکەوتووی مەسیح دەوەشێتەوە.

19ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، لەگەڵیان ڕەق مەبن.

20ئەی منداڵان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە ئەمە جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە.

21ئەی باوکەکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، نەوەک نائومێد بن.

باوەڕدار و کارکردن

22ئەی کۆیلەکان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی گەورەکانی ئەم جیهانەتان بن، نەک تەنها ئەو کاتەی کە چاودێریتان دەکەن بۆ ئەوەی لێتان ڕازی بن بەڵکو دڵسۆزانە، چونکە ئێوە لە مەسیحی گەورەکەتان دەترسن. 23هەر چییەک دەکەن، بە دڵ بیکەن، وەک بۆ مەسیح بێت، نەک بۆ خەڵکی، 24بزانن لەلایەن مەسیحەوە پاداشتی میرات وەردەگرن، چونکە خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ دەکەن. 25بەڵام ئەوەی کاری خراپ بکات سزای خراپەی خۆی وەردەگرێت، خودا لایەنگری ناکات.