کردار 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

کردار 9:1-43

مەسیح شاول دەگۆڕێت

1شاول هێشتا هەڕەشەی لە قوتابییەکانی عیسای خاوەن شکۆ دەکرد و هەوڵی کوشتنی دەدان. چوو بۆ لای سەرۆکی کاهینان، 2داوای نامەی لێکرد بۆ کەنیشتەکانی دیمەشق، تاکو ئەگەر یەکێک ببینێت و سەر بە ڕێگاکە9‏:2 ڕێگای پاشایەتی عیسا، بڕوانە کردار 24‏:14‏.‏ بێت، چ ژن و چ پیاو، بە بەندکراوی بۆ ئۆرشەلیمیان ببات. 3کە دەڕۆیشت و لە دیمەشق نزیک بووەوە، لەپڕ ڕووناکییەک لە ئاسمانەوە لە دەوروبەری بریسکەی دایەوە، 4کەوتە سەر زەوی و گوێی لە دەنگێک بوو، پێی فەرموو: «شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟»

5شاول پرسیاری کرد: «گەورەم، تۆ کێیت؟»

فەرمووی: «من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. [بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.] 6بەڵام هەستە، بڕۆ ناو شار، لەوێ پێت دەگوترێ دەبێ چی بکەیت.»

7ئەو پیاوانەی لە گەشتەکەدا لەگەڵی بوون بە بێدەنگی وەستان، دەنگەکەیان بیست بەڵام کەسیان نەبینی. 8شاول لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، بەڵام کاتێک چاوی کردەوە هیچی نەبینی، بۆیە دەستیان گرت و هێنایانە ناو دیمەشق. 9سێ ڕۆژ هیچی نەبینی، هەروەها هیچی نەخوارد و هیچی نەخواردەوە.

10لە دیمەشق قوتابییەک هەبوو ناوی حەنانیا بوو، مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینیندا پێی فەرموو: «حەنانیا!»

گوتی: «ئەوەتام گەورەم!»

11مەسیح پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ ئەو شەقامەی پێی دەگوترێ ڕاست، لە ماڵی یەهوزا پرسیار لە پیاوێکی تەرسۆسی بکە ناوی شاولە، وا نوێژ دەکات. 12لە بینیندا پیاوێکی بۆ دەرکەوت بە ناوی حەنانیا کە دێتە لای و دەستی لە سەری دادەنێت تاکو بینایی بۆ بگەڕێتەوە.»

13حەنانیا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، لە زۆر کەس ئەو خراپانەم بیستووەتەوە کە ئەم پیاوە لە ئۆرشەلیم بە گەلە پیرۆزەکەی تۆی کردووە. 14هەروەها لە کاهینانی باڵاوە دەسەڵاتی پێدراوە و هاتووە بۆ ئەوەی هەموو ئەوانە بگرێت کە بە ناوی تۆوە دەپاڕێنەوە.»

15بەڵام مەسیح پێی فەرموو: «بڕۆ! ئەم پیاوە بۆ من ئامێرێکی هەڵبژێردراوە بۆ هەڵگرتنی ناوی من لەبەردەم ناجولەکەکان و پاشایان و نەوەی ئیسرائیل. 16پیشانی دەدەم دەبێت لەبەر ناوی من چەند ئازار بچێژێت.»

17حەنانیاش ڕۆیشت و چووە ماڵەکە، دەستی لەسەری دانا و گوتی: «شاولی برام، عیسای خاوەن شکۆ منی ناردووە، ئەوەی لەو ڕێگایەی پێیدا هاتی بۆت دەرکەوت، تاکو دیسان ببینیت و پڕبیت لە ڕۆحی پیرۆز.» 18دەستبەجێ شتێکی وەک توێکڵ لە چاوەکانی کەوتە خوارەوە، ئینجا بینی، هەستا و لە ئاو هەڵکێشرا. 19نانی خوارد، هێزی هاتەوە بەر و چەند ڕۆژێکی لەگەڵ قوتابییەکان لە دیمەشق بەسەر برد.

مژدەدانی شاول لە دیمەشق

20شاول یەکسەر لە کەنیشتەکاندا دەستی کرد بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە عیسا کوڕی خودایە. 21هەموو ئەوانەی گوێیان دەگرت سەرسام ببوون و دەیانگوت: «ئەمە هەمان ئەو کەسە نییە ئەوانەی لەناودەبرد کە لە ئۆرشەلیم بەم ناوەوە دەپاڕانەوە؟ بۆ ئەمەش نەهاتە ئێرە، تاکو بە بەندکراوی بۆ کاهینانی باڵا بیانبات؟» 22بەڵام شاول توانادارتر دەبوو، جولەکەی دانیشتووی دیمەشقی دەمکوت دەکرد و دەریدەخست کە عیسا مەسیحەکەیە.

23پاش ماوەیەکی زۆر، جولەکە پیلانیان دانا بیکوژن، 24بەڵام شاول بە پیلانەکەیانی زانی. ئەوان شەو و ڕۆژ چاودێری دەروازەکانیان دەکرد تاکو بیکوژن. 25بۆیە قوتابییەکان بە شەو بردیان و لەناو سەبەتەیەکدا لە شوورای شارەکەوە شۆڕیان کردەوە.

شاول لە ئۆرشەلیم

26کاتێک شاول گەیشتە ئۆرشەلیم، هەوڵی دا بچێتە پاڵ قوتابییەکان، بەڵام هەموو لێی ترسان و باوەڕیان نەدەکرد کە بووبێتە قوتابی. 27بەڵام بەرناباس بردی و هێنایە لای نێردراوان، بۆی گێڕانەوە چۆن لە ڕێگادا عیسای خاوەن شکۆی بینیوە و قسەی لەگەڵ کردووە، هەروەها چۆن لە دیمەشق ئازایانە بە ناوی عیساوە مزگێنیی ڕاگەیاندووە. 28ئیتر لەگەڵیان لە ئۆرشەلیم دەهات و دەچوو، بە چاونەترسییەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە مزگێنیی ڕادەگەیاند. 29هەروەها قسە و مشتومڕی لەگەڵ جولەکە یۆنانییەکان دەکرد، ئەوانیش هەوڵیان دا بیکوژن. 30کاتێک باوەڕداران بەمەیان زانی بردیانە قەیسەرییە و بۆ تەرسۆسیان نارد.

31کڵێساش لە هەموو یەهودیا و جەلیل و سامیرەدا لە ئارامیدا بوو، بنیاد دەنرا و لە سایەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ و دڵنەوایی ڕۆحی پیرۆزدا لە زیادبووندا بوو.

پەترۆس لە شاری لودە و یافا

32کاتێک کە پەترۆس بە هەموو ناوچەکاندا تێدەپەڕی، بۆ لای گەلی پیرۆزی خودا لە شاری لودە دابەزی. 33لەوێ پیاوێکی ئیفلیجی بینی کە ناوی ئینیاس بوو، هەشت ساڵ بوو لەناو جێگادا کەوتبوو. 34پەترۆس پێی گوت: «ئینیاس، عیسای مەسیح چاکت دەکاتەوە. هەستە و جێگاکەت کۆبکەوە!» دەستبەجێ هەستا. 35هەموو دانیشتووانی لودە و شارون بینییان، ئیتر بەرەو لای مەسیحی خاوەن شکۆ گەڕانەوە.

36قوتابییەک لە یافا هەبوو ناوی تابیسا بوو، واتا ئاسک9‏:36 یۆنانی: دۆرکەس‏: ئاسک‏، کە هەمیشە خەریکی کاری چاکە و یارمەتیدانی هەژاران بوو. 37ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا نەخۆش کەوت و مرد، جا شوشتیان و لە ژوورێکی سەرەوە دایاننا. 38لودە لە یافاوە نزیک بوو، ئیتر کە قوتابییەکان بیستیان پەترۆس لەوێیە، دوو پیاویان نارد بۆ لای و تکایان لێکرد و گوتیان: «لە هاتن بۆ لامان دوامەکەوە.»

39پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، کاتێک گەیشت، بردیانە ژووری سەرەوە، هەموو بێوەژنەکان لەلای ڕاوەستان، دەگریان و ئەو کراس و جلانەیان پیشانی دەدا کە ئاسکە کردبووی لەو کاتەی لەگەڵیان بوو.

40پەترۆس هەموویانی ناردە دەرەوە، کەوتە سەر چۆک و نوێژی کرد، ئینجا ڕووی کردە تەرمەکە و گوتی: «تابیسا، هەستە!» ئەویش چاوی کردەوە و کاتێک پەترۆسی بینی دانیشت. 41ئیتر دەستی بۆ ڕاکێشا و هەڵیستاندەوە، ئینجا باوەڕداران و بێوەژنانی بانگکرد و بە زیندوویی ڕادەستی کردنەوە. 42ئەم هەواڵە بە هەموو یافادا بڵاو بووەوە و زۆر کەس باوەڕیان بە مەسیح هێنا. 43پەترۆس چەندین ڕۆژ لە یافا لەلای پێستەخۆشکەرێک مایەوە کە ناوی شیمۆن بوو.