کردار 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

کردار 8:1-40

چەوسانەوەی باوەڕداران

1شاول بە کوشتنی ستیفانۆس ڕازی بوو.

هەر لەو ڕۆژەدا کڵێسا لە ئۆرشەلیم تووشی چەوسانەوەیەکی توند هات. هەموو بە ناوچەکانی یەهودیا و سامیرەدا پەرشوبڵاو بوونەوە، نێردراوان نەبێت. 2هەندێک پیاوی لەخواترس ستیفانۆسیان ناشت و پرسەیەکی باشیان بۆ دانا. 3بەڵام شاول دەستی کرد بە لەناوبردنی کڵێسا، ماڵ بە ماڵ ژن و پیاوی ڕادەکێشا و فڕێیدەدانە زیندان.

مزگێنیدان لە سامیرە

4ئەوانەی پەرشوبڵاو ببوونەوە دەگەڕان و مزگێنیی پەیامی خودایان بڵاودەکردەوە. 5فیلیپۆس بەرەو شاری سامیرە چووە خوارەوە و لەوێ مزگێنیی مەسیحی بە خەڵکەکە ڕاگەیاند. 6خەڵکەکە بە یەک دڵ گوێیان لەوە دەگرت کە فیلیپۆس دەیگوت، کاتێک ئەو نیشانانەیان دەبیست و دەبینی کە دەیکرد. 7ڕۆحی پیسیش لە زۆر کەس لەوانەی تێیاندا بوو بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد و دەردەچوون، زۆر گۆج و شەلیش چاکبوونەوە. 8جا خۆشییەکی گەورە ئەو شارەی گرتەوە.

9پێشتر لە شارەکە پیاوێک هەبوو ناوی شیمۆن بوو، جادووی دەکرد و خەڵکی سامیرەی سەرسام کردبوو، دەیگوت: «پیاوێکی پایەبەرزم!» 10گەورە و بچووک هەموو گوێیان لێ دەگرت و دەیانگوت: «ئەم پیاوە بە هێزی خودای گەورە ناودەبردرێت.» 11ئەوان گوێیان بۆ دەگرت، چونکە لەمێژ بوو بە جادووەکەی سەرسامی کردبوون. 12بەڵام کاتێک فیلیپۆس مزگێنیی پاشایەتی خودا و ناوی عیسای مەسیحی پێدان، باوەڕیان کرد و ژن و پیاو لە ئاو هەڵکێشران. 13شیمۆنیش باوەڕی هێنا و لە ئاو هەڵکێشرا، ئینجا دوای فیلیپۆس کەوت و سەرسام بوو بەو نیشانە و پەرجووە گەورانەی کە دەیبینی.

14کاتێک نێردراوان لە ئۆرشەلیم بیستیان سامیرە پەیامی خودای قبوڵ کردووە، پەترۆس و یۆحەنایان بۆ ناردن. 15کاتێک هاتن، نوێژیان بۆ کردن بۆ ئەوەی ڕۆحی پیرۆز وەربگرن، 16چونکە هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەهاتبووە سەر کەسیان، تەنها بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە لە ئاو هەڵکێشرابوون. 17جا پەترۆس و یۆحەنا دەستیان لەسەر دانان و ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرت.

18شیمۆن بینی کە نێردراوان دەستیان لەسەر خەڵک دادەنێن ڕۆحی پیرۆز دەدرێت، پارەی بۆ هێنان و 19گوتی: «ئەو دەسەڵاتە بە منیش بدەن، تاکو دەست لەسەر هەرکەسێک دابنێم ڕۆحی پیرۆز وەربگرێت.»

20پەترۆس پێی گوت: «با زیوەکەت لەگەڵ خۆت لەناوبچێت! چونکە واتزانی بەهرەی خودا بە پارە دەبێت! 21لەم شتەدا نە بەشت هەیە و نە پشک، چونکە دڵت بەرامبەر خودا ڕاست نییە. 22لەم خراپەیەت تۆبە بکە و لە مەسیحی خاوەن شکۆ بپاڕێوە بەڵکو لە مەبەستی دڵت خۆش بێت، 23چونکە دەتبینم کە پڕیت لە تاڵی و گیرۆدەی گوناهیت.»

24شیمۆن گوتی: «ئێوە لە پێناوی من داوا لە مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن، تاکو هیچ شتێک لەوەی باستان کرد بە سەرمدا نەیەت.»

25دوای ئەوەی پەترۆس و یۆحەنا لەبارەی عیساوە شایەتییان دا و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان ڕاگەیاند، گەڕانەوە ئۆرشەلیم و مزگێنییان دایە زۆر گوندی سامیرەیی.

فیلیپۆس و وەزیری حەبەشە

26فریشتەیەکی یەزدان بە فیلیپۆسی گوت: «هەستە و بەرەو باشوور بڕۆ، لەسەر ئەو ڕێگایەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ غەزە شۆڕ دەبێتەوە، کە چۆڵەوانییە.» 27ئەویش هەستا و ڕۆیشت، پیاوێکی خەساوی حەبەشی بینی کە وەزیری کاروباری دارایی کنداکەی8‏:27 ئافرەتێکە پاشای حەبەشە بووە.‏ شاژنی حەبەشە بوو، بۆ پەرستن هاتبووە ئۆرشەلیم. 28لە گەڕانەوەدا بوو، لەناو گالیسکەکەی دانیشتبوو، پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەری دەخوێندەوە. 29ڕۆحی پیرۆز بە فیلیپۆسی فەرموو: «بڕۆ پێش و لەگەڵ ئەو گالیسکەیە بڕۆ.»

30ئیتر فیلیپۆس پەلەی کرد و گوێی لێبوو پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەر دەخوێنێتەوە. گوتی: «ئایا ئەوەی دەیخوێنیتەوە تێیدەگەیت؟»

31گوتی: «چۆن بتوانم ئەگەر یەکێک ڕێنماییم نەکات؟» جا فیلیپۆسی بانگکرد سەربکەوێت و لەگەڵی دابنیشێت.

32ئەو بڕگەیەی نووسراوە پیرۆزەکان کە دەیخوێندەوە ئەمە بوو:

﴿ئەو وەک مەڕ بۆ سەربڕین بردرا،

وەک چۆن بەرخ لەبەردەستی ئەوەی خورییەکەی دەبڕێتەوە بێدەنگە،

ئەو دەمی نەکردەوە.

33لە کاتی سووکایەتی پێکردنیدا لە دادپەروەری بێبەش کرا.

ئیتر کێ باسی نەوەکانی دەکات؟

چونکە ژیانی لەسەر زەوی هەڵگیرا.﴾8‏:33 ئیشایا 53‏:7،‏‏ 8‏

34خەساوەکە پرسیاری لە فیلیپۆس کرد: «پرسیارێکم هەیە: ئەم پێغەمبەرە باسی کێ دەکات؟ باسی خۆی یان یەکێکی دیکە؟» 35ئینجا فیلیپۆس لەم نووسراوە پیرۆزەوە دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی دەقەکە و مزگێنیی عیسای دایێ.

36کاتێک بە ڕێگاوە بوون، گەیشتنە سەر ئاوێک، خەساوەکە گوتی: «ئەوە ئاوە، چی ڕێم لێ دەگرێت لە ئاو هەڵبکێشرێم؟» 37[فیلیپۆس گوتی: «دەبێت، ئەگەر بە هەموو دڵتەوە باوەڕ بهێنیت.» ئەویش وەڵامی دایەوە: «باوەڕ دەکەم عیسای مەسیح کوڕی خودایە.»] 38ئینجا فەرمانی دا گالیسکەکە ڕاوەستێ، ئەوسا پێکەوە چوونە ناو ئاوەکە و فیلیپۆس خەساوەکەی لە ئاو هەڵکێشا. 39کاتێک لە ئاوەکە هاتنە دەرەوە، ڕۆحی یەزدان فیلیپۆسی ڕفاند و ئیتر خەساوەکە نەیبینییەوە، بەڵام بە خۆشییەوە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت. 40فیلیپۆسیش لە ئەشدۆد بینرایەوە، دواتر بە هەموو شارەکاندا دەگەڕا و مزگێنیی دەدا هەتا گەیشتە قەیسەرییە.